كە دەوڵەت نین با یەك بگرین
جوان ئیـمام
بزاڤی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد، نزیكەی سەدە و نیوێكە خوێن دەڕژێت و قوربانی دەدات، ئیدی بە کوشتن بێت یان ئاوارەیی و دەربەدەری و خاك زەوتكردن و کاولکاری و داگیرکاری و دەبەدەری و جینۆساید …هتد.
راستە چەندین هەنگاو بزاڤەكەمان پێش كەوتووە و دنیای لێ ئاگادارە و هەرێمێكی دەستووریی وەك هەرێمی كوردستانی لێ هاتووەتە بەرهەم، بەڵام بەداخەوە هێشتا نەبووینەتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بە ڕای من زۆر لە كارەساتەكانی كە بەسەرمان دێ، هۆكارەكەی ئەوەیە كە دەوڵەتمان نیە، نەبوونی دەوڵەت كاریگەریی كردووەتە سەر تەنانەت دۆخی دەروونیی مرۆڤی كوردیش.
ئەگەر دەوڵەت بووینایە، لانی كەم لە رووداوێكی وەك ئەو دەستدرێژی و مووشەكبارانكردنەی ساڵانی پێشتر بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەولێر، چاوەڕێی حكوومەتی عێراقمان نەدەكرد تا بزانین ئاخۆ چۆن سەروەریی خۆی دەپارێزێت و چۆن وەڵامی ئێرانی دراوسێ! دەداتەوە. ئەگەر دەوڵەت بووینایە، ئێمەش وەكوو پاكستان وەڵامی توندی ئێرانمان دەدایەوە و ئنجا هەر وەك سوپای پاكستان بە ئێرانمان دەگوت: ”ئەگەر ئەمجارە پەنجەت بۆ خاكمان درێژ بكەیت، پەنجەت دەبڕینەوە
بەڵام باسەكەی من ئەوەیە، مادام تا ئێستا بەختی ئەوەمان نەبووە وێڕای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و رەنج و پێداگرییەمان، دەوڵەتێكی سەربەخۆمان هەبێت، خۆ هیچ نەبێ دەتوانین یەكگرتوو بین و لەئاست ئەو هەڕەشانەی لەلایەن بەرپرسانی بەغدادهەر جارەو بەبەهانەیەک موچەو قوتی خەڵکی بەشمەینەتی خەڵکی کوردستان دەبڕێت یەك دەنگ و یەك هێز و یەك هەڵوێست بین،نەک خیانەت لە خاک و نیشتیمان و خەڵکی کوردستان بکەین ئاخر یەكنەبوونمان كارەساتی زیاترمان بۆ دەهێنێ و دوژمنان و ناحەزانی کوردستان هەمیشە زەفەرمان پێ دەبەن و هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن و ڕووی مووشەك و ئاراستەی درۆنەکانیان و هەڕەشەکانیان هەر رووی لە كوردستان دەبێت.
ئەزموونێكی زۆر تاڵمان لە شەڕی ناوخۆ و ململانێ و ناكۆكیی نێوخۆییدا هەیە، بۆیە هەموومان گەیشتنووینەتە ئەو باوەڕەی، تەنیا و تەنیا یەکگرتن و یەکڕیزی و یەكدەنگی کلیلی چارەسەرییەکانە و وەك دەگوترێ: هێز لە یەکگرتندایە. سەرکەوتنی هەمیشەیی و بەدەستهێنانی دەوڵەت و كۆتاییهێنان بە زۆر كیشە، لە یەکگرتندایە.
وەک ڕابەرو سەرۆک وپێشمەرگە سەرۆک بارزانی فەرمووی :ئیرادەی خەڵکی کوردستان زۆر لەوپیلانگێڕی وهەڕەشانەی ئاراستەمان دەکرێ بەهێزترە وە موچەو کەرامەت دەبێت پێکەوە بن .
بۆ ئێستا و ئەم باودۆخ و هەڕەشانەی بۆمان دەنێرن، یەکگرتن و یەکڕیزی و یەکتر قبووڵکردن زۆر گرنگە، هەموان بە یەک دەنگ ناڕەزایی بەرامبەر ئەو هەڕەشانە دەردەبڕین و دەمانەوێت هەموان بە یەک دەنگ بە ناحەزان و دوژمانی کورد و كوردستان بڵێین: ئێمەی کورد بووین و هەین و هەر دەبین، هەرگیز بە پیلانی گڵاوی ئێوە لاواز نابین، (کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان). خۆشحاڵم كە هەموومان یەک د ناڕەزایی دەردەبڕین. کوردستان زیدی رەسەنی باوو باپیرمانە بە خوێن و بە ڕۆح بەرگریی لێ دەکەین و ئامادەین بە هەموو شێوەیەک قوربانی بدەین لەپێناوپارادتنی کەرامەت و پاراستنی ئەم خاکە شیرینە، هەر بۆیە دەبێت یەک بگرین.
ئەو هەڕەشە ترسنۆکانە بەئاگامان دێنێتەوە، کە دەبێت یەک بگرین، کورد پێکەوە جوانە، زنجیری دوژمن بە یەکگرتنی ئێمە دەپچڕێ، باوکی ڕوحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر فەرمووی (ئەگەر کورد یەک ساڵ یەک بگرن، بە دەیان ساڵ دوژمن بە چۆکدا دێنن). هەر بۆیە با داواکردنی یەکگرتن و یەکڕیزی بکەینە دروشمی هەمیشەیی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.