لێڤیاتان و گرێبەستی دەوڵەت

ئەلەند ئیبراهیم

 

فەیلەسووفی مەزنی سەدەی حەڤدەم، تۆماس هۆبز، لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا، “لێڤیاتان”، وێنەیەکی بێبەزەییانە و کەتواریی دۆخی سروشتی مرۆڤایەتیی نیشان داوین؛ ئەو دۆخەی کە پێش بوونی هەر دەسەڵاتێکی زاڵە. هۆبز بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەبێ دەسەڵاتێک بۆ سەپاندنی یاسا، مرۆڤەکان لە ململانێیەکی بەردەوامدا دەژین کە پاڵنەری سەرەکیی خۆپەرستی و ترس و ئارەزووی دەسەڵاتە، دۆخێک کە ئەو بە “جەنگی هەمووان دژی هەمووان” وەسفی کرد و دەرەنجامەکەی ژیانێکی “تەنیا، هەژار، قێزەون، دڕندە و کورت”ـە.

چارەسەری ڕادیکاڵ و یەکلاکەرەوەی هۆبز بۆ ئەم دۆخە کوشندەیە، بریتی بوو لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی، واتە تاکەکان بە شێوەیەکی هۆشیارانە و لە پێناو پاراستنی ژیانیاندا، دەستبەرداری بەشێک لە ئازادییە سروشتییە بێسنوورەکەی خۆیان دەبن و دەسەڵاتی خۆیان دەبەخشن بە لێڤیاتانێک، دەسەڵاتێکی باڵا و سەروەر، کە توانای زاڵبوون بەسەر هەرا و ئاڵۆزی و دابینکردنی ئاسایشی هەبێت. لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەم چوارچێوە فەلسەفییە بەهێز و کەتوارەی هۆبز بەکار بهێنین بۆ شیکردنەوەی دۆخی نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد. بە تیشک خستنە سەر مەترسییەکانی ژیان لە دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی سروشتیدا، کە بە مانای ژیان لە دەرەوەی چەتری دەوڵەتێکی سەروەری خۆماڵی دێت. ئێمە ئارگیومێنت دەکەین کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان نەک تەنیا دەرفە، بەڵکوو تاکە ڕێگەچارەی بێگارە بۆ دەرچوون لە دۆخی نالەباری درێژەداری داگیرکاریی و گشت لێکەوتە کوشندەکانی کە ڕۆژانە بەرۆکی تاک بە تاکی کورد دەگرن و ژیانی نەتەوەیەک ئاستەنگ دەکەن.

دیمەنی دۆخی بێدەوڵەتی

هۆبز لە پەرتووکی لێڤیاتان دا، ئەمە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو، هەر لە بەشەکانی سەرەتادا ستێرە دەخاتە سەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە حکومەت و یاسای خۆیی تێدا نییە (هەڵبەت لە سایەی دەوڵەتی خۆیەوە)، چۆن کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکە جێدەهێڵێ. هۆبز پێی وابوو کە مرۆڤەکان لە دۆخی سروشتیدا، کە لێڤیاتانێکی نییە، ڕووبەڕووی “جەنگی هەمووان دژی هەمووان” دەبنەوە. هەڵبەت ئەمە دەخاتە مل خراپی سروشتی مرۆڤ، چونکە مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا خۆپەرست و خراپەکارن و ئارەزووی بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵات دەکەن و مەیلی خۆپەرستییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. بۆیە لە سایەی نەبوونی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و بێحکومەتی کە لە چێوەی دەوڵەتێکدا دێتە کایەوە، ژیان هەژار، قێزەون، دڕندە و کورت دەبێت.

بۆ دەرچوون لەم دۆخەش، هۆبز پێشنیاری گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەم گرێبەستەش، ڕێکەوتنێکە لە نێوان تاکەکاندا، کە دەسەڵات دەدەن بە دەسەڵاتێکی بەهێز، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری دابین بکات. ئەم بیرۆکەی هۆبز، ڕەهەندێکی گرنگی هەیە بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان بە تایبەت کورد. کورد بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی داگیرکاری بۆتەوە، ئەمەش پشتڕاستی قسەکانی هۆبز دەکاتەوە، کە دەڵێ ژیان بە بێدەوڵەت زۆر کورتە. لێرەدا ئەو بێگومان مەبەستی دەوڵەتی خۆماڵییە نەک داگیرکەر کە لە بەرامبەر بندەستەکانی بەرپرسیارەتی مانەوە هەڵناگرێت و بگرە هەوڵی تواندنەوەشیان دەدات. بۆیەش دۆخ و دۆزی کورد لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی دۆخی سروشتییە، کە هۆبز لە پەرتووکەکەیدا باسی لێوە دەکات.

لێرەدا، گرنگە تێبگەین کە هۆبز کاتێک باس لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکات، تەنیا سروشتی ناخۆشی مرۆڤ نییە کە وای لێ دەکات بڕواتە ناو ئەم گرێبەستەوە. بەڵکوو ترسێکی قووڵ لە دۆخی نالەبار و پڕ مەترسیی بێ دەسەڵاتی هەیە؛ ترس لە مەرگی بێ کات و شوێن، ئارەزووی پاراستنی ژیان و سامان، هەروەها عەقڵ و لۆجیک کە پێیان دەڵێت ژیان لە دۆخی سروشتیدا بەردەوام نابێت و بەهایەکی نییە. بۆیە، گرێبەستەکە پەیمانێکە کە لەسەر بنەمای ئەم ترس و ئارەزووە عەقڵانییە بنیاتنراوە، نەک تەنیا پابەندبوونێکی کوێرانە، تا لە سایەی دەسەڵاتێکی بەهێزدا، ژیانیان پارێزراو بێت و بتوانن بە ئارامی بژین.

هۆبز بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان خراپن، بەهۆی ئەمەشەوە دەبێت دەوڵەتێک و دواتر حکومەتێکی بەهێز هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیان. گەرچی لای زۆر کەس دوو چەمکی وەک دەوڵەت و حکومەت بەشێوەیەکی هاومانا تەماشا دەکران، بەڵام لای هۆبز هەریەک لەم دوو چەمکە ئاماژەن بە لایەنێکی جیاوازی سیستەمی سیاسی. لای هۆبز دەوڵەت بریتییە لە چێوەیەکی بنەڕەتی و سەروەریی کە لەئەنجامی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”ـیەوە دروست دەبێ و هەمووان لەپێناوی “سەروەریی” دەستبەرداری هەندێک لە ئازادی و مافەکانیان دەبن. ئەمەش دوای ئەو کاتە دێ کە هەمووان تێدەگەن ژیان بەبێ ئەم گرێبەستەی کە دەوڵەتی گەرەکە، نائارام و مەترسیدارە، کەواتە دەوڵەت چەمکێکە تاڕادەیەک واتای دابڕاوو (ئەبستراکت) و بنچینەیە و خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەهایە. بەڵام حکومەت لە دیدی هۆبز، بریتییە لەو دەزگا، میکانیزم و کەسانەی کە ئەرکیان بەڕێوەبردنی دەوڵەتە و ئەرکدارن بە جێبەجێکردنی بڕیاری باڵا، کەواتە حکومەت ئامرازی کارپێکردنی دەوڵەتە. ئەم ڕوانگەیە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە  نەتەوەکانی دەورووبەری کورد، بەردەوام بەهۆی ئەم سروشتە شەڕانگێزەی کە هۆبز ئاماژەی پێ دەکات، بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی کورد دابوون. ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ نەبوونی “گرێبەستی دەوڵەت” لەنێو کورد کە لە دواتردا باسی لێوە دەکەین.

لەم ڕوانگە هۆبزییە سەبارەت بە پێویستیی دەسەڵاتێکی باڵا، گرنگە تێبگەین، کاتێک باس لە نەتەوەی بێدەوڵەت و هەڕەشەی نەتەوەکانی دەورووبەر دەکرێت، هۆکارەکە تەنیا و بە سادەیی “سروشتی خراپیی” ئەو نەتەوانە نییە. بەڵکوو زۆرتر پەیوەندی بە لۆجیکی “دۆخی سروشتی”ـی نێوان دەوڵەتە سەروەرەکانەوە هەیە. لەم دۆخەدا، هەر لێڤیاتانێک (دەوڵەتێک) بەدوای مانەوە و بەهێزبوونی خۆیەوەیە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی کار دەکات و لە ترسی لێڤیاتانەکانی دیکە دەژی. نەتەوەیەک کە خاوەنی لێڤیاتانی خۆی نییە، دەبێتە یاریگای ئەم ململانێیە و قوربانیی بێ بەرگریی ئەم لۆجیکە بێبەزەییانەیە. هەڕەشەکان لە تواندنەوە، داگیرکاریی و سەرکوتکردن، هەرچەندە ڕەنگە لە “خووی شەڕانگێزیی” هەندێک تاک یان گرووپەوە سەرچاوە بگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا بەرهەمی نەبوونی ئەو هێزە سەروەرییەیە کە بتوانێت بەرگریی بکات و دۆخەکە ڕێک بخات.

بۆیە لە ڕوانگە و بیرۆکەکانی هۆبزەوە من پێم وایە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی مانایەکی تایبەت دەدا بە گرێبەستێکی تازە کە ناوم ناوە گرێبەستی دەوڵەت. ئەم گرێبەستە دەبێتە هەوڵێکی بەردەوام و مکوڕ بۆ ڕێکەوتنێکی سەرانسەری بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان.

 

سیستەمی ئەنارکی نێودەوڵەتی و پێویستی دەوڵەت لە قەیرانی ئاسایشدا

جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە سروشتێکی ئاڵۆز و پڕ ململانێ ناسراوە، جا یەکێ لە گرنگترین چوارچێوە تیۆرییەکان بۆ تێگەیشتن لەم سروشتە، قوتابخانەی ڕیالیزمە، کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی  لە فەلسەفەی سیاسی تۆماس هۆبزدا هەیە. ئەم دیدە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نەبوونی دەسەڵاتێکی باڵای جیهانیی (حکومەتێکی جیهانیی) دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخی پشێویی، بێسەروبەری، فەوزا، ئەوەی بە ئینگلیزی وەک ئەنارکی (anarchy) ناسراوە، کە تێیدا دەوڵەتان ناچارن بۆ مانەوەی خۆیان پست بە هێز و توانای خۆیان ببەستن. بۆیە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی بۆ سەپاندنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتەکان (نەتەوەکان) لە “شەڕی هەمووان دەژی هەمووان” ـدا دەژین، ڕێک وەک ئەوەی کە هۆبز تیۆریزەی کردبوو لە دۆخی ناوخۆی وڵاتان. بۆیە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە ترسناکە، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بەهێز و ڕەهایە “لێڤایتان” کە ئاسایش و ئارامی بۆ تاکەکان و بۆ دەوڵەتەکان (نەتەوەکان) دابین بکات.

ڕوونتر بڵێم، قوتابخانەی ڕیالیزم هەمان لۆجیکی هۆبز بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەکاردەهێنێ. ڕیالیستەکان پێیان وایە کە سیستەمی نێودەوڵەتی بە سروشت لە دۆخی “پشێوی” دایە، لەبەرئەوەی وەک ئاماژەی پێ کرا هیچ دەسەڵاتێکی باڵاتر لە دەوڵەت بوونی نییە، کە بتوانێ یاسا و ڕیسا بەسەر هەموواندا بسەپێنێت و سزای سەرپێچیکاران بدات و ڕێگری لە دروستبوونی ململانێ و پێکدادان بگرێت و ئاشتی بسەپێنێت، ئەو ئاشتییەی کە هۆبز لەڕێگای سەروەر (لێڤاتیان) پێشنیازی کرد بۆ دروستکردنی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. ئەمە واتای ئەوە نییە کە جیهان هەمیشە لە ئاژاوە و پشێویەکی تەواودایە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە هیچ گەرەنتیەک بۆ ئاشتی و ئاسایش بوونی نییە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز هەمیشە ئامادەیە. لە سیستەمی پشێوی لە جیهاندا، دەوڵەتان وەک کارەکتەری سەرەکی و ئەقڵانی سەیردەکرێن کە ئامانجی سەرەکیان مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکەیانە، بەتایبەت ئاسایشی نەتەوەیی. دەوڵەتان خۆیان بەرپرسن لە مانەوە و خۆپارێزیی چونکە پۆلیسێک و دادوەرێک و حکومەتێکی جیهانیی، وەک ئەوەی لە ئاستی ناوخۆدا سەدان ساڵە گەشەی پێدراوە، بوونی نییە، بۆیە هێز (ڕەق و نەرم) تاکە گەرەنتی مانەوەی دەوڵەتەکان (نەتەوەکان)ـي لە جیهانێکی پشێو و بێسەروبەر دا. یەکێک لە  ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی سیستەمی پشێوی، دیاردەی “قەیرانی ئاسایش” (security dilemma)ـە. کاتێک دەوڵەتێک هەنگاوی ئابووریی، سەربازیی و بەرگریی دەنێت بۆ زیادکردنی ئاسایشی خۆی، ئەم هەنگاوانە لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە وەک هەڕەشە سەیر دەکرێن لەبەر زۆر هۆکار بەڵام گرنگترینیان چونکە دەوڵەتان (یان سەرکردەکانیان) لە نییەتی خۆپڕهێزکردنی دەوڵەتەکەی دیکە ناگەن. لە ئەنجامدا دەوڵەتانی دیکەش (هاوسنوور یان دوورەدەست) هەمان ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گومان و بێمتمانەیی و پەرەسەندنی پێشبرکێی چەک لە نێوان دەوڵەتاندا. هەر وەک سوسیدیدیس (Thucydides)ی یۆنانی دەڵێ: گەشەی هێزی لایەک، ترسی لایەک زیاد دەکات. مەبەستی سوسیدیدیس ئەوەیە کە هێز هۆکاری ناسەقامگیریی وڵاتانی دیکەیە کە دەیانەوێ کاردانەوەیان لە جیهاندا هەبێ، بۆیە جەنگ هەمیشە ئەگەری دەبێ. لەبەر ئەم هۆکارانە دەوڵەتان ناچار دەبن پەنا بۆ “سیستەمی خۆپارێزیی/خۆبژێویی” ببەن. هەر دەوڵەتێک دەبێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە خۆی.

لە سایەی پشێوی و قەیرانی ئاسایش و سیستەمی خۆپارێزیی و خۆبژێویی دا، ململانێ لە نێوان دەوڵەتاندا (نەتەوەکاندا) وەک ئەگەرێکی بەهێز و درێژەدار سەیردەکرێت، نەک وەک شتێکی نائاسایی. دەوڵەتان بەردەوام لە کێبرکێ دان بۆ بەدەستهێنانی هێز و کاریگەری کە تاکە ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەیان لە سیستەمێکی نێودەوڵەتی دڕندەی بێسەروبەردا. لەسەر بنەمای ئەم شیکارییەی تۆماس هۆبز و ڕیالیستەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (وەک جۆن مێرشایمەر)، دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە نەتەوەی کورد، کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە چەوساندنەوە و داگیرکاریدایە، هەبوونی دەوڵەت “لێڤایتان”ـێک نەک تەنها خواستێکە، بەڵکوو پێویستییەکە بۆ مانەوە لەم جیهانە پڕپشێویەدا.

 

گرێبەستی دەوڵەت، پەیمانێکی چارەنووسساز بۆ ژیان

لە تێڕوانینی بنەڕەتیی هۆبزەوە بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی، تێدەگەین کە ئەمە تەنیا ڕێکەوتنێکی سادە نییە بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی، بەڵکوو بناغەی سەرەکی و زۆربایی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، کە دوورکەوتنەوەیە لە دۆخی ترسناکیی “سروشتی”. بۆ دۆزی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کورد، ئەم گرێبەستە دەبێت لە چوارچێوەیەکی قوڵتر و چارەنووسسازتردا لێک بدرێتەوە. لێرەدا، گرێبەستەکە تەنیا بۆ هێنانە کایەی ئارامییەک نییە لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە پێشتر هەبووە، بەڵکوو پەیمانێکە بۆ دەمانکردنی بوونایەتی، بۆ دروستکردنی ئەو قەوارەیەی کە تەنیا دەتوانێت لەناو دۆخێکی نائارام و پڕ هەڕەشەدا ژیان بپارێزێت. ئەمە دەبێتە بەڵگەیەکی نەگۆڕ کە هەر تاک و لایەنێکی کورد، بە هۆشیاریی تەواوەوە، پابەند بێت بە ڕەزامەندیدان لەسەر ئەم پەیمانە و بە تەواوی بچێتە ژێر باری پێداویستییەکانی.

ڕێککەوتن لەسەر یەک ویستی بنەڕەتی، ئەم گرێبەستە، وەک یەکەم هەنگاو و بە بنەمای تێڕوانینە کەتوارەکەی هۆبز، بانگهێشتی هەمووان دەکات کە لەسەر ئامانجی بنەڕەتی و چارەنووسسازی بنیاتنانی دەوڵەت کۆک بن. ئەمە مانای ئەوە نییە کە تەواوی بیروڕا و جیاوازییە سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییە لاوەکییەکان بسڕدرێنەوە یان بێ بایەخ بکرێن. نەخێر، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە لەم دۆخە پڕ هەڕەشەیەدا کە بوونی نەتەوەکەمان لە مەترسیدایە، ویستی باڵا و یەکلاکەرەوە دەبێت ئەوە بێت: دروستکردنی ئەو چوارچێوە سەروەرییەی کە تەنیا دەتوانێت ژیان و مانەوەی نەتەوە مسۆگەر بکات. واتە، لە کاتی هەڕەشە و نائارامیدا، کۆکبوون لەسەر پڕۆژەی دەوڵەتسازی و قبوڵکردنی دەسەڵاتێکی باڵا کە توانای بەرگریکردن و سەپاندنی ئاسایشی هەبێت، دەبێتە سەرووی هەموو ناکۆکی و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان. ئەمە ئەو ویستە کۆمەڵییەیە کە هۆبز بە زۆربایی دەزانێت بۆ دەرچوون لە دۆخی سروشتی و بنیاتنانی قەوارەیەکی سیاسیی درێژەدار.

دەستبەرداربوونێکی هۆشیارانە لە پێناو لێڤیاتانی خۆماڵی: بەپێی فەلسەفەکەی هۆبز، بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە تاکەکان بەشێک لە “مافی سروشتی”ـی خۆیان، واتە مافی ئەوەی هەموو شتێک بکەن بۆ مانەوەیان، دەدەن بە دەسەڵاتێکی باڵا. بەمەش واز لە ئازادییە بێسنوور و بێبەهاکەی دۆخی سروشتی دەهێنن لە پێناو بەدەستهێنانی ئاسایش و ژیانێکی پارێزراو. ئەم پرەنسیپە بە ڕاشکاوی دەبێتە ئەرک بەسەر هەمووانەوە لە دۆخی کورد دا، تاکەکان و لایەنە سیاسییەکان، بەبێ دوودڵی، واز لە بەرژەوەندییە تاکی و کاتییەکانی خۆیان بێنن، هەروەها واز لە ستراتیجی و بیرۆکە سیاسییە لاوەکییەکان بێنن کە ئامانجی سەرەکی “دەوڵەتسازی” پاش دەخەن. ئەم دەستبەرداربوونە، دەستبەرداربوون نییە لە ماف بۆ هیچی، بەڵکوو تەنیا ڕێگایە بۆ دەرچوون لە دۆخێکی “بێ خاوەنی” و نائارامیی کوشندە بۆ ژێر چەتری دەوڵەتێک کە بتوانێت بەڕاستی ژیان بپارێزێت و ڕێگە نەدات درێژاییەکەی “کورت” بێت.

داننان بە سەروەرییەکی یەکگرتوو و باڵا: ئەم گرێبەستە، لە ناوەڕۆکی خۆیدا، پێویست دەکات کە تەواوی ئەندامانی ناو نەتەوە بێدەوڵەتەکە، بە یەک دەنگ و بە ڕەزامەندیی گشتی، دان بنێن بە سەروەرییەکی یەکگرتوو و باڵا کە خۆی لە دەوڵەتدا بەرجەستە دەکات و لە دەستووردا چوارچێوە دەدرێت. ئەم سەروەرییە، بەپێی هۆبز، دەبێت ڕەها و دابەشنەکراو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکی سەرەکیی خۆی، واتە دابینکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، جێبەجێ بکات. ئەمە “تاک دەسەڵات” نییە بە مانای دیکتاتۆریی تاکەکەسێک، بەڵکوو مەبەست لێی کۆکردنەوەی تەواوی هێزی سەروەرییە لە یەک شوێندا، لە لێڤیاتانەکە (دەوڵەت)، بۆ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی تر نەتوانێ ئاڵنگاری ببێتەوە و کۆمەڵگە نەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتیی نائارامی. ئەم داننانە بە سەروەریی خۆماڵی، بنەمایەک بۆ دابینکردنی یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکان و پاراستنی خاک وەک پاوانی نەتەوەیی و هاووڵاتییان وەک شارۆمەندانی ئەو دەوڵەتەیە.

دەوڵەتخوازیی وەک ئەرکێکی چارەنووسساز: ئەم گرێبەستی دەوڵەتە دەبێتە بناغەیەکی هزریی-مەعریفیی و سیاسیی پتەو بۆ پەرەپێدان و بەرزڕاگرتنی هەستی نەتەوەپەروەریی و یەکێتیی نەتەوەیی لە ئاستێکی نوێدا و ئەم پەیمانە، وەک بڕیارێکی گشتیی بۆ مانەوە و ژیانێکی شایستە، وا دەکات کە هەموو تاکێک لەناو نەتەوەکەدا، بەبێ جیاوازیی ئایینی، ئایدیۆلۆجی یان ناوچەیی، باوەڕی قووڵی وابێت کە جگە لە دەوڵەت، هیچ شتێک ناتوانێت ئاسایش و ئارامیی بەردەوام بۆ نەتەوە دابین بکات. بۆیە، هەستکردن بەوەی بەشێکیت لەم دەوڵەتە داهاتووە و پابەندبوون بەم گرێبەستە، تەنیا هەستێکی سۆزداری نییە، بەڵکوو بنەمایەکی ژیانە بۆ بوون و مانەوەی نەتەوە و پارێزوانی سەرەکیی ناسنامە نەتەوەییەکەمانە لە بەرامبەر هەڕەشەی تواندنەوە.

سەروەریی بەدەستهاتوو لە ڕێگەی گرێبەستەوە: هۆبز بە ڕوونی جەخت دەکاتەوە کە ئاسایش، وەک یەکەم و گرنگترین پێویستیی مرۆڤ، تەنیا لە ڕێگەی بوونی دەسەڵاتێکی سەروەرەوە دابین دەکرێت. بۆ ئەمەش، تاکەکان دەستبەردار دەبن لە بەشێک لە ئازادییەکانیان بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت سنوورەکان بپارێزێت و یاسا بسەپێنێت. بە هەمان شێوە، ئەم گرێبەستی دەوڵەتەی ئێمە، تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد بتوانێت سەروەریی خۆی بەدەست بهێنێت و بیسەپێنێت بەسەر تەواوی وڵات و هاووڵاتییانیدا. ئەم سەروەرییە سەپاندن نییە لەسەر خەڵک لە دەرەوەی ویستی ئەوانەوە، بەڵکوو سەروەرییەکە لە خودی ویستی نەتەوەیی بۆ مانەوە و پاراستنی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و پاشان دەسەڵاتی سەپاندنی یاسا و کۆنتڕۆڵی هەیە لەسەر ئەو خاکەی گرێبەستەکە دەیگرێتەوە. ئەمە تاکە ڕێگا بۆ دەرچوون لە ژێر دەسەڵات و سەروەریی نەتەوەکانی دیکەیە.

وێجا وەک چۆن هۆبز بێبەزەییانە ئاماژە بەوە دەکا کە بێ بوونی دەوڵەت ژیان “کورت”ـە، ئێمەش بە ڕاشکاوی دەڵێین کە نەتەوەی کورد بێدەوڵەتێکی سەربەخۆ، ژیانی لە مەترسیی بەردەوام و کورتبوونەوەدایە. کورد بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون و تواندنەوە دەبێتەوە. بۆیە، گرێبەستی دەوڵەت وەک بەهێزترین ئامراز و بنەمایەک، تاکە ڕێگایە بۆ بەدەستهێنان و سەپاندنی سەروەریی نەتەوەیی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و درێژخایەن بۆ کورد لەژێر چەتری دەوڵەتی کوردستان دا. ئەمە داوایەکی ڕادیکاڵە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک بۆ ژیانێکی نوێ، ژیانێک کە تەنیا لە ژێر یەک ئاڵادا دەکرێت بەدەست بهێنرێت کە ئەویش ئاڵای کوردستانە و هێمای سەروەرییە بەدەستهاتووەکەیە.

چەمکەکانی دادپەروەریی و سەروەریی لە لێڤیاتان دا

چەمکی دادپەروەریی و سەروەریی وەک دوو چەمکی لەیەک نزیک و گرێدراو باس کراون. هۆبز پێی وابوو کە سەروەریی پێویستە بۆ دابینکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دەبێ سەروەریی پەیوەست بکرێ بە دەسەڵاتێکی باڵاوە کە هیچ سنوورێکی بۆ دانەنرێ، تا بتوانێ دادپەروەیی جێبەجێ بکات و بڕیاری ئاشتی و جەنگ بدات. هۆبز دەڵێ ئەم سەروەرییەش تەنیا لە ڕێگای گرێبەستەکەوە دێتەدی، کاتێک خەڵک دەستبەرداری بەشێک لە ئازادییەکانیان دەبن. سەروەریی دەبێ بێسنوور و ڕەها بێت تا هەمووان بپارێزێت و نابێت دابەش بکرێ چونکە دەسەڵاتی باڵا لاواز دەکات و ئاسایش دەکەوێتە مەترسییەوە.

دادەپەروەریش بەهەمان شێوە، هۆبز وەک یەکێک لە بیرمەندانی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە بەر لە هەموو شتێک جەخت لە دادپەروەریی دەکاتەوە دەڵێ: دادپەروەریی تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی باڵا (لێڤیاتان) دا مانای هەیە و دێتە دی، دادپەروەیی بریتییە لە پابەندبوون بەم پەیمانە. دادپەروەریی لەسەر بنەمای یاسا و فەرمانەکانی سەروەر دامەزراوە، چونکە دادپەروەریی بریتییە لە جێبەجێ کردنی یاساکان و ڕەچاوکردنی ئەو ڕێسایانەی کە لەلایەن سەروەرەوە دانراون. دادپەروەریی لە کۆمەڵگەدا بوونی نییە بەبێ سەروەریی و دەسەڵاتی باڵا کە دەوڵەتە و لە نەبوونیدا کۆمەڵگە دەکەوێتە حاڵەتی جەنگی هەمووان لە دژی هەمووان، کە تیایدا هیچ  ڕێسایەکیش بۆ دادپەروەری بوونی نییە.

دەوڵەت و هۆبز

لە دیدی هۆبز، دەوڵەت قەوارەیەکی سادە یان دەزگایەکی کارگێڕیی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو “لێڤیاتان”ێکە، دەرەنجامی ناچاریی و عەقڵانیی دۆخێکی بنەڕەتیی مرۆڤایەتییە. هۆبز بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییە بێبەزەییانەیەی سروشتی مرۆڤ کە تێیدا خۆپەرستی، ئارەزووی بەدەستهێنانی دەسەڵات و بێمتمانەیی بە یەکتر، ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن، دەبنە هۆی ململانێیەکی بەردەوام و بێ کۆتایی. ئەم دۆخە، کە هۆبز بە “دۆخی سروشتی” ناوی دەبات، ژیان دەکاتە ئەزموونێکی پڕ لە ترس و نائارامی، بە شێوەیەک کە “هەمووان دژی هەمووان” لە جەنگدان. لەم دۆخەدا هیچ پێشکەوتنێک، هیچ زانستێک، هیچ هونەرێک، هیچ کۆمەڵگەیەکی ڕاستەقینە، لە هەمووی گرنگتر، هیچ ئاسایشێک بۆ ژیان، بوونی نییە. ژیان بە سادەیی و بێ پەرچ دەبێتە ژیانێکی “تەنیا، هەژار، قێزەون، دڕندە و کورت”. بۆ هۆبز، دەرچوون لەم دۆخە کوشندەیە تاکە ئامانجی سەرەکیی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، ئەو گرێبەستەی کە دەوڵەت، واتە لێڤیاتان، لێی دروست دەبێت.

لەم سۆنگەیەوە، دەوڵەت لە دیدی هۆبز، بەرهەمی هەڵبژاردنێکی سۆزداریی یان ئارەزوویەکی لاوەکی نییە؛ بەڵکوو بڕیارێکی عەقڵانی و ژینەکییە کە تاکەکان دەیدەن. لە پێناو پاراستنی خودی بوونیان و مسۆگەرکردنی ئاسایشێک کە ڕێگە بە ژیانێکی درێژتر و بەهادارتر بدات، بەشێک لە ئازادییە بێسنوور و لە هەمان کاتدا بێبەهاکەی دۆخی سروشتی دەبەخشن بە دەسەڵاتێکی باڵا، دەسەڵاتی سەروەر. ئەم سەروەرییە، کە لە لێڤیاتان دا بەرجەستە دەبێت، پێویستە ڕەها و دابەشنەکراو بێت، چونکە هەر لاوازبوون یان دابەشبوونێکی دەسەڵاتی سەروەر، دەکرێت دەروازەیەک بکاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی جەنگ و ئاژاوە. ئەرکی سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە بریتییە لە سەپاندنی یاسا، ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دابینکردنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە دەرف بۆ گەشەکردنی ژیان و شارستانییەت دەڕەخسێنێت. بەبێ ئەم دەسەڵاتە یەکلاکەرەوەیە، هیچ مافێک پارێزراو نییە و هیچ دادپەروەرییەک مانای نییە، چونکە خودی بنەمای بوونی کۆمەڵگە لەق دەبێت.

سەرباری ئەرکی ناوخۆیی، هۆبز بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ڕۆڵی دەوڵەت دەکات لە بەرامبەر دەرەوەدا. لە کاتێکدا هۆبز زیاتر سەرنجی لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەناوخۆدا بوو، لۆجیکی بیردۆزەکەی دەری دەخات کە دەوڵەت پێویستە توانای پاراستنی خۆی و هاووڵاتییانی هەبێت لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا. لەم ڕوانگەیەوە، دەوڵەت وەک ئامرازێکی یەکلاکەرەوە بۆ دابینکردنی سەروەریی و پاراستن دەردەکەوێت، ئامرازێک کە تەنیا ئەو دەتوانێت دەرەقەتی دوژمنان بێت و جەنگ و ئاشتیمان بۆ مسۆگەر بکات یان لێیمان بپارێزێت. بەم پێیە، دەوڵەت نەک تەنها ڕێکخەری ژیانی ناوخۆییە، بەڵکوو قەڵغان و پارێزەری بوونی فیزیکی و سیاسیی کۆمەڵگە و نەتەوەیە لە گۆڕەپانێکی نێودەوڵەتیدا کە هێشتا بە تەواوی لە دۆخی سروشتی بەدەر نەکەوتووە.

گیانەوەرە زەبەلاحەکە، میتافۆری دەسەڵات و مانەوە

لێڤیاتان، ئەم چەمکە قووڵ و فرەڕەهەندە کە هۆبز بۆ وەسفکردنی دەوڵەت بەکاری هێنا، لە بنەڕەتدا گیانەوەرێکی زەبەلاحی ئەفسانەیی یان ئایینییە، کە زۆرجار وەک بوونەوەرێکی دەریایی گەورە و ترسناک وێنا کراوە. لە سەرچاوە کۆنەکان و کتێبی پیرۆزدا، وەک هێمای هێزێکی بێسنوور، یان بگرە هێمای ئاژاوە و ئەو شتانەی لە کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بەدەرن، باسکراوە. بەڵام هۆبز بە زیرەکیی فەلسەفیی خۆی، ئەم وێنە ئەفسانەییەی وەرگرت و مانایەکی نوێی سیاسی و فەلسەفی پێ بەخشی. کاتێک هۆبز دەوڵەتی ناو نا لێڤیاتان، مەبەست لێی تەنیا وەسفکردنی قەبارە گەورە یان هێزی فیزیکی نەبوو، بەڵکوو ئاماژەدان بوو بە سروشتی سەروەریی ڕەها و بێسنووری ئەو قەوارە سیاسییەی کە لە گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبێت. لێڤیاتان، لە دیدی هۆبز، ئەو دەسەڵاتە باڵایەیە کە بەهۆی ڕێککەوتنی تاکەکانەوە، هەموو هێزێکی کۆمەڵگە تێیدا چڕ دەبێتەوە و دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەپاندنی ئاسایش و ڕاگرتنی کۆمەڵگە لە دۆخی “شەڕی هەمووان دژی هەمووان”. ئەم هێزە زەبەلاح و بێبەزەییانەیە پێویستە، چونکە تەنیا هێزێکی لەو شێوەیە دەتوانێت بەسەر ئاژاوە و خۆپەرستیی تاکەکاندا زاڵ بێت و فەرمانڕەوایەتیی یاسا مسۆگەر بکات.

کاتێک ئەم میتافۆرە بەهێزەی لێڤیاتان دەهێنینە سەر دۆخی نەتەوەیی-بێدەوڵەتیی کورد، ئەوا مانایەکی قووڵتر و ڕادیکاڵتر وەردەگرێت. بۆ نەتەوەیەک کە لەناو “دۆخی سروشتی”ـی نێودەوڵەتیدا ژیان دەکات، دۆخێک کە تیایدا تەنیا “لێڤیاتانەکان” (دەوڵەتە سەروەرەکان) خاوەن هێز و بڕیارن و بەپێی لۆجیکی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە دەکەن، بوونی لێڤیاتانی خۆماڵی پێویستییەکی بنەڕەتییە. لێڤیاتانی کوردی، دەوڵەتی کوردستان، دەبێت ئەو قەوارە زەبەلاحە بێت کە هێزی سەروەریی نەتەوەی کورد لە خۆیدا کۆ بکاتەوە. ئەم هێزە پێویستە زەبەلاح بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی هەڕەشەی لێڤیاتانەکانی دراوسێ بگرێت و ترسناک بێ بۆ ئەوەی بتوانێت یاساکانی خۆی بسەپێنێت و ئاسایش لەناو سنوورەکانیدا دابین بکات. تەنیا لە ڕێگەی دروستکردن و بەهێزکردنی ئەم گیانەوەرە زەبەلاحە خۆماڵییەوەیە کە نەتەوەی کورد دەتوانێت لە دۆخی بێپارێزبەندی و قوربانیبوون بێتە دەرەوە. لێڤیاتانی هۆبز هێمای پارێزگارییە لە هاووڵاتییان لە بەرامبەر ئاژاوە و گرژییدا. و بۆ کورد، لێڤیاتانی خۆماڵی هێمای پارێزبەندییە لە بوونی نەتەوە لە بەرامبەر هەڕەشەی لەناوچووندا. پژراندنی پێویستیی ئەم لێڤیاتانە و کارکردن بۆ بنیاتنانی، وەک پابەندبوون بەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی هۆبز باسی دەکات، بڕیارێکی ڕادیکاڵ و ژینەکییە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوە و ژیانێکی درێژ و شکۆمەند.

ململانێی فەلسەفیی گەورە، هۆبز و ڕۆسۆ و چارەنووسی نەتەوەی بێدەوڵەت

لە گەشتی مێژوویی بیردۆزی سیاسییدا، دوو ڕێچکەی سەرەکیی لە یەکتر جیا دەبنەوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ و پێویستیی دەسەڵاتی سیاسی. ئەم دوو ڕێگایە دەمانگەیەننە خاڵی وەرچەرخانی چارەنووسساز بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد. لە لایەک، هۆبز بە ڕادیکاڵی و بێبەزەییانە کەتواریی دۆخی سروشتی مرۆڤمان بۆ دەخاتە ڕوو؛ دۆخێک کە تیایدا بێ دەسەڵاتێکی باڵا بۆ سەپاندنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتییان، ژیان دەبێتە “جەنگی هەمووان دژی هەمووان”. هۆبز پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان، هەرچەندە هۆشیارییان هەبێت، بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەدوای خۆپارێزیی و دەسەڵاتدا دەگەڕێن، و ئەمەش بە ناچاریی دەبێتە هۆی ململانێ. چارەسەری ئەم دۆخە کارەساتبارە، لای هۆبز، تەنیا یەک شتە: دروستکردنی “لێڤیاتان”ێک وەک دەسەڵاتێکی سەروەر و ڕەها، کە تاکەکان بەپێی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی ویستی خۆیان دەدەن بەو دەسەڵاتە، بەو هیوایەی ژیان و ئاسایشیان پارێزراو بێت. ئەم تێڕوانینە کەتوارەی هۆبز، کە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆیی ئینگلیزە، نەک تەنیا تێزێکی فەلسەفییە، بەڵکوو هۆشدارییەکی بێدارکەرەوەیە بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لە دۆخێکی هاوشێوەی “دۆخی سروشتی”ـدا دەژین، بۆ نموونە، کورد.

لە بەرامبەر ئەم تێزە هۆبزییە کە پێداگری لەسەر پێویستیی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز دەکات، فەیلەسوفی ئایدیالیست، ژان ژاک ڕۆسۆ، دیدگایەکی بنەڕەتیی جیاوازی هەبوو. ڕۆسۆ کە پێی وابوو مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا باش و ئازاد و هاوسەنگە، ئەوە دامەزراوەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیی ڕێکخراوە کە ئەم سروشتە پاکە تێک دەدەن و دەبنە هۆی نایەکسانی و ململانێ. لای ڕۆسۆ، دەسەڵاتێکی سیاسیی چڕکراوە، تەنانەت ئەگەر بە ناوی “ئیرادەی گشتی”ـیش بێت، هەمیشە مەترسیی زوڵم و سنووردارکردنی ئازادیی تاکیی تێدایە. بە وتەیەکی سادە، ئەگەر هۆبز دەسەڵاتی سیاسی بە چارەسەری کێشەکانی مرۆڤ بزانێت، ڕۆسۆ زۆرجار وەک سەرچاوەی خودی کێشەکان سەیری دەکات. ئەم ململانێیە فەلسەفییە قووڵە، کە هەردووکیان لە بنەڕەتدا بەدوای باشترکردنی دۆخی مرۆڤەوە بوون، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕێگای دژ بەیەک بۆ شیکردنەوەی هەر دۆخێکی سیاسی، بە تایبەت دۆخی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت.

ئێستا، کاتێک ئەم دوو ڕوانینە ڕادیکاڵە دەهێنینە سەر دۆخی نەتەوەی کورد، کە چەندین سەدەیە لە دۆخێکی بەردەوامیی هەڕەشە، داگیرکاریی و نائارامیدا دەژی، ئەوا ڕاستییەکی تاڵ و بێبەزەییانە خۆی دەسەپێنێت. دۆخی کورد، لە ڕوانگەی هۆبزییەوە، نموونەیەکی زۆر ڕوونە لە “دۆخی سروشتی” لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، یان لانیکەم دۆخی نەتەوەی بێ دەسەڵاتی سەروەر لەناو جیهانێکدا کە تەنیا “لێڤیاتانەکان” (دەوڵەتە سەروەرەکان) خاوەن هێز و بڕیارن. لەم دۆخەدا، دەوڵەتانی دەورووبەر، کە خۆیان لێڤیاتانی بەهێزن و بەپێی لۆجیکی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان کار دەکەن، بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر بوونی نەتەوەی کورد. مێژوو شاهیدە کە ئەم هەڕەشانە تەنیا تیۆری نین، بەڵکوو بە کردار لە شێوەی تواندنەوەی کولتووری، قەدەغەکردنی زمان، وێرانکردنی گوندەکان، جینۆساید و شاڵاوە بەردەوامەکاندا بەڕێوەچوون. گەڕاندنەوەی ئەم هەڕەشانە تەنیا بۆ “خراپیی سروشتیی مرۆڤی تورک یان عەرەب یان فارس” شیکردنەوەیەکی سادەیە، بەڵکوو کەتوارەکە ئەوەیە کە لەناو “دۆخی سروشتی”ـی نێوان قەوارە سیاسییەکاندا (دەوڵەتان)، لێڤیاتانە بەهێزەکان بەپێی لۆجیکی هێز و بەرژەوەندی کار دەکەن، نەتەوەی بێدەوڵەت وەک قوربانییەکی ئاسان یان کایەیەک دەبینن کە دەکرێت یاریی پێ بکرێت. لێرەدا، پەیامە ڕادیکاڵەکەی هۆبز ڕوون و ئاشکرایە: بێ لێڤیاتانی خۆت، ژیانت “کورت و دڕندانە” دەبێت.

لە نێوەند ئەم کەتوارە پڕ مەترسییەدا، تێڕوانینێک کە لە هەندێک لایەندا هاوبەشی فەلسەفەکەی ڕۆسۆیە، دەردەکەوێت؛ تێڕوانینێک کە گومان لە ڕۆڵی دەوڵەت دەکات، یان پێی وایە دەکرێت لە چوارچێوەی دیکەدا جگە لە دەوڵەتی سەربەخۆ، ماف بەدەست بهێنرێن، یان تەنانەت باوەڕ بە “باشیی سروشتیی” یان “برایەتیی” نەتەوەکانی دەورووبەر دەکات و مەترسییەکان بە کەم دەزانێت. ڕاشکاوانە قسە بکەین، ئەم جۆرە تێڕوانینانە، هەرچەندە ڕەنگە لە ئایدیالیزمێکی پاکەوە سەرچاوەیان گرتبێت، بەڵام لە کەتواری دۆخی ئێمەدا تێگەیشتنێکی کوشندەیان بۆ کێشەکە هەیە. ئەوانەی وا دەزانن دەکرێت بێ لێڤیاتانی خۆماڵی لەناو جیهانێکدا بژین کە پڕە لە لێڤیاتانی بەهێزی دیکە، وەک ئەوە وایە وا بزانیت دەکرێت بێ پارێزوانی لەناو جەنگەڵێکدا بژیت کە پڕە لە گیانەوەری دڕندە و بەهێز. بیرۆکەی “برایەتیی گەلان” لە دۆخێکدا کە “گەلان” خاوەنی لێڤیاتانی خۆیانن و بەپێی بەرژەوەندیی و ئاسایشی خۆیان مامەڵە دەکەن، لە باشترین حاڵەتدا خەیاڵێکی شیرینە یان خۆهەڵخەڵەتاندنێکی مەترسیدارە، و لە خراپترین حاڵەت پڕۆژەی داگیرکەران خۆیانە کە ڕێگە بۆ لەناوچوون خۆش دەکات. ئازادیی و دادپەروەریی ڕاستەقینە، لە ڕوانگە هۆبزییەکەیەوە و لە کەتواری دۆخی ئێمەدا، تەنیا لەژێر چەتری دەوڵەت و دەسەڵاتی سەروەریی خۆماندا دێتە دی، نەک لە سایەی لێڤیاتانی داگیرکەرێک یان لە باوەشی برایەتییەکی زۆر گوماناویدا.

بۆیە، پەیامە ڕادیکاڵەکەی ئەم وتارە ڕوون و بێ دوودڵییە، لەم ململانێ فەلسەفییەی نێوان هۆبز و ڕۆسۆ دا، و لەم دۆخە کەتوارەی کورد دا، تەنیا دیدگای هۆبزیی دەتوانێت ڕێگای ڕزگاربوونمان پیشان بدات. لێڤیاتانێکی خۆماڵیی، دەوڵەتی کوردستانیی، پێویستییەکی ژیانی و بێ سازشە. ئەوەی لەمە گومان بکات یان ئەم ئامانجە پاش بخات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ حوکمی بەردەوامبوونی “کورتیی ژیان” و ژێردەستەیی دەدات. گرێبەستی دەوڵەت، کە بانگەشەی بۆ دەکەین، بریتی نییە لە قبوڵکردنی زوڵمێکی نوێ، بەڵکوو دەستبەرداربوونێکی هۆشیارانەیە لە بەشێک لە ئازادیی کورتخایەن و گوماناوی لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیی ڕاستەقینە و ژیانێکی پارێزراو و شکۆمەند. تەنیا لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدایە کە دەتوانین خاوەن بوونایەتی و داهاتووی خۆمان بین و لە مەترسیی لەناوچوون ڕزگارمان بێت. ئەمە تێزێکی ڕادیکاڵە، بەڵام لەم جیهانە هۆبزییەی تێیدا دەژین، تەنیا ڕێگای کەتوارە بۆ مانەوە و هەر ڕێگایەکی دیکە ڕووی لە لەناوچوونە.

ژیان لە کورتی دێت، دۆخی کورد لە گۆشەنیگای هۆبز‌ـەوە

کاتێک دەڕوانینە کەتواری تاڵی دۆخی نەتەوەیی بێدەوڵەتیی کورد لەسەر خاکی وڵاتەکەیدا، تێڕوانینەکانی فەیلەسووفی بەناوبانگ، تۆماس هۆبز، بە شێوەیەکی قووڵ و بێبەزەییانە خۆی دەسەپێنێت. هۆبز لە پەڕتووکە مەزنەکەیدا، “لێڤیاتان”، بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێت کە ژیان بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی سەروەر، دەسەڵاتێک کە بتوانێت یاسا بسەپێنێت و ئاسایش دابین بکات، بەردەوام لە دۆخێکی جەنگ و ململانێدایە؛ دۆخێک کە تیایدا ژیان “هەژار، قێزەون، دڕندە و کورت” دەبێت. ئەمە تەنیا وەسفێک نییە بۆ بارودۆخی مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا، بەڵکوو هۆشدارییەکی توندە بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگە و نەتەوانەی کە خاوەنی لێڤیاتانی خۆیان نین کە بوونایەتی و مانەوە و گەشەکردنیان گەرەنتی بکات. لە دیدی هۆبزەوە، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی باڵاتر لە تەنیا کارگێڕیی پێویستییەکی بنەڕەتی و زۆرباییە بۆ دەرچوون لەم دۆخە کوشندەیە، تاکە گەرەنتییە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و ئارامییەک کە ڕێگە بە ژیانێکی درێژ و پڕ بەها بدات. تەنیا لە نەبوونی ئەو دەسەڵاتە سەروەرییەیە کە نەتەوە و وڵاتان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەناوچوون و فەوتان دەبنەوە.

بۆیە، دەتوانین بەبێ دوودڵی دۆخی نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستان بە “بارە سروشتییەکەی” هۆبز ناوزەد بکەین، بەڵام نەک تەنیا لە ئاستی ململانێی ناوخۆیی تاکەکاندا، بەڵکوو بە تایبەت و بە پلەی یەکەم لە ئاستی پەیوەندیی نێوان قەوارە سیاسییەکاندا لە سیستەمێکی سەروەریی و دەسەڵاتی باڵادا. جیهان لە دیدگای هۆبزەوە دەکرێت وەک دۆخێکی سروشتیی گەورە لە نێوان “لێڤیاتانەکان” (دەوڵەتە سەروەرەکان) سەیر بکرێت، کە تیایدا هەر دەوڵەتێک بەدوای ئاسایش و بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێت و لە ترسی ئەوانی تردا دەژی و هەمیشە ئامادەیە بۆ ململانێ. لەم دۆخەدا، نەتەوەیەک کە خاوەنی لێڤیاتانی خۆی نییە، واتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە بتوانێت هێز و سەروەریی خۆی بەسەر سنووری وڵاتەکەیدا بسەپێنێت، دەبێتە لاوازترین کاراکتەری ئەم شانۆیە و بە ئاسانی دەکرێتە قوربانی. ئەو دەوڵەتانەی دەورووبەر، کە خۆیان لێڤیاتانی بەهێزن و بەپێی لۆجیکی هێز و بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان کار دەکەن، بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر بوونایەتیی نەتەوەیی کورد و خاک و وڵاتی کوردستان. هەڕەشەی سەرەکی لێرەدا لە “ئەوی دیکە” واتە داگیرکەران و نەیارەکانەوە دێت کە نەتەوەی کورد لەبەرامبەریان بێبەرگرییە. مێژووی پڕ لە تاڵیی نەتەوەی کورد، لە وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان‌ـەوە تا قەدەغەکردنی زمان و ناسنامە و شاڵاوەکانی جینۆساید، بەڵگەی زیندوون بۆ ئەم تێزە هۆبزییە: نەبوونی دەسەڵاتێکی سەروەری خۆماڵی لەژێر چەتری دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان، بەردەوام هۆکار بووە بۆ “کورتیی ژیان” و ژیان لە دۆخێکی بەردەوامیی مەترسیدا کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بەسەر نەتەوەی کورد دا سەپێنراوە.

لەم چوارچێوەیەدا، ئاسایش، وەک بەنرخترین شت لە ڕوانگەیەکی هۆبزییەوە، بۆ نەتەوەی کورد مانایەکی قووڵتر وەردەگرێت. ئاسایش تەنیا پاراستنی ژیانی تاکەکان نییە لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵکوو پاراستنی ژیانی نەتەوەیەکە بە هەموو پێکهاتە فیزیکی و مەعنەوییەکانیەوە: پاراستنی خاک و نیشتیمان، پاراستنی کولتوور و زمان و ناسنامە و پاراستنی بوونی سیاسیی نەتەوە لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا. ئەم جۆرە ئاسایشە تەنیا لە ڕێگەی سەپاندنی سەروەریی خۆییەوە بەسەر تەواوی خاکی کوردستان دا دێتە دی. بۆیە، تەنیا بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان دەبێتە ئەو خاڵی دەستپێکردنەی کە دەتوانێت ئەم ئاسایشە بنەڕەتییە دابین بکات. دەوڵەتێک کە خاوەنی دەستووری خۆی بێت و بتوانێت مافەکانی تاکی کوردستانیی دابین بکات و سەروەریی خۆی بە فەرمی بناسێنێت کە جێگای ڕێزی لێڤیاتانەکانی دیکە بێت لە دوور و لە نزیکەوە. لە هەمووی گرنگتر، هێزی هەبێت بۆ پاراستنی ئەو مافانە و پاراستنی خاکی کوردستان لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا، نەک تەنیا ڕێکخستنی کاروبارە ناوخۆییەکان.

بۆیە، وەک هۆبز جەختی لەسەر پێویستیی (لێڤیاتان) دەکردەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، نەتەوەی کوردیش بە شێوەیەکی ناچاریی پێویستی بە لێڤیاتانی کوردستان هەیە؛ دەسەڵاتێکی باڵا کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆیدا پەیمانی بۆ دەبەستێت، بۆ ئەوەی لەپێناو پاراستنی نەتەوەکەدا، ڕووبەڕووی هەڕەشە دەرەکییەکان ببێتەوە. دۆخی ئێستامان ناچارمان دەکات بە ڕاشکاوی بڵێین کە بۆ دەرچوون لەم دۆخە نالەبار و پڕ هەڕەشەیە، دەبێ پەیامی گرێبەستی دەوڵەت بخوێندرێتەوە و بێدوودڵی و بە یەک ویست بچینە ناو ئەم گرێبەستەوە. چونکە تەنیا ئەم گرێبەستە و ئەو دەوڵەتەی لێی دروست دەبێت، دەتوانێت درێژە بە ژیان بدات و بوونایەتی کورد و وڵاتەکەی بەو جۆرە بنووسێتەوە کە خۆی خوازیارە، نەک ئەوەی لە لایەن داگیرکەران و نەیارانی دەرەکییەوە بەسەریدا دەسەپێنرێت. دۆخی کوردستان بە شێوەیەکی بێوێنە بیرۆکەکانی هۆبز سەبارەت بە پێویستیی دەوڵەت بۆ ژیانێکی درێژ، پارێزراو و پڕ لە شکۆمەندی پشتڕاست دەکاتەوە.

لە ئەنجامی ئەم گەشتە فەلسەفییەدا بەناو بیرۆکە واقیعییەکانی تۆماس هۆبز دا، وێنەیەکی بێبەزەییانە بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگەخۆشکەر بۆ دۆخی نەتەوەی بێدەوڵەتیی کورد لەسەر خاکی وڵاتی کوردستانمان بۆ کێشرایەوە. هۆبز بە ڕاشکاوی و بێپەرچ دەری خست کە بێ بوونی دەسەڵاتێکی سەروەر و باڵا، دۆخی سروشتی مرۆڤایەتی بە ناچاری بەرەو “جەنگی هەمووان دژی هەمووان” دەچێت و دەرەنجامی ئەم هەرا و ئاشێو و پشێوییەش ژیانێکی تەنیا، هەژار، قێزەون، دڕندە دێنێتە کایە، لە هەمووی گرنگتر، کورتیش دەبێتەوە. ئەم تێزە هۆبزییە، هەرچەندە لە بنەڕەتدا بۆ شیکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی مرۆڤ و پێویستیی دەسەڵاتی ناوەندی لەناو کۆمەڵگەدا دانراوە، بە شێوەیەکی قووڵتر و مەترسیدارتر بۆ دۆخی نەتەوەیەک و وڵاتێک ڕاستە کە لەناو سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا بێدەوڵەت بێت؛ سیستەمێک کە خودی خۆی لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی “دۆخی سروشتی”یە لە نێوان قەوارە سیاسییە سەروەرەکاندا، کە تێیدا “لێڤیاتانەکان” (دەوڵەتە بەهێزەکان) بەپێی لۆجیکی هێز و بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە دەکەن و هەموو کات ئامادەن بۆ ململانێ. لەم گۆڕەپانە بێ یاسا نێودەوڵەتییەدا، نەتەوەی بێدەوڵەت و وڵاتی بێ سەروەر دەبێتە لاوازترین ئەکتەر و بە ئاسانی دەکرێتە قوربانیی یەکدی شکاندن و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دیکە. کەتواری تاڵی مێژووی کورد لەژێر دەستی داگیرکەران و قوربانیبوونی بێوچان لەلایەن “لێڤیاتانە” دراوسێکانمانەوە، شایەتحاڵی زیندووی ئەم تێزە هۆبزییەیە؛ گەورەترین و کوشندەترین “جەنگی هەمووان دژی هەمووان” بۆ نەتەوەی کورد، لە ناوخۆی خۆیدا سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە دەرەوە و لە لایەن ئەو هێزە داگیرکەرانەوە سەپێنراوە کە خاکی وڵاتەکەمان داگیر دەکەن، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەمان دەدەن و ژیانی فیزیکی و مەعنەوی نەتەوەکەمان دەخەنە مەترسیی “کورتبوونەوە”ی بێپسانەوە.

لەم کەتوارە تاڵ و بێبەزەییانەدا، “گرێبەستی دەوڵەت” بۆ نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی بیردۆزی هۆبز دا، تەنیا پرۆژەیەکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو پەیمانێکی بوونخوازانەیە، بڕیارێکی چارەنووسساز و ویستێکی نەتەوەییە بۆ دەرچوون لەم “دۆخی سروشتی”ـیە دەرەکییە. ئەم گرێبەستە پابەندبوونێکی هۆشیارانەیە بە بنیاتنانی “لێڤیاتانی کوردستان”، ئەو قەوارە سەروەریی و باڵایەی کە تەنیا دەتوانێت هێزی نەتەوەی کورد یەک بخات و ببێتە قەڵغانی پاراستنی نەتەوە و وڵاتەکە لەبەردەم هەڕەشە دەرەکییەکاندا. ئەو ئازادییە بێسنوور و بێبەهایەی دۆخی بێدەوڵەتی، کە تەنیا دەبێتە هۆی لاوازی و قوربانیبوون، دەبێت بە شێوەیەکی عەقڵانی دەستبەرداری ببین لە پێناو بەدەستهێنانی ئاسایشی ڕاستەقینە و ژیانێکی پارێزراو.

لێڤیاتانی کوردستان، وەک نوێنەری سەروەریی نەتەوەیی، توانای سەپاندنی یاسا و دابینکردنی دادپەروەریی لەناوخۆدا دەبێت، بەڵام ئەرکی سەرەکی و ژینەکی بریتییە لە پاراستنی بوونی نەتەوە لەبەردەم هەوڵەکانی تواندنەوە و داگیرکاریی لێڤیاتانەکانی دیکە. ئەو “چەتر”ـانەی داگیرکەران پێشکەشی دەکەن، چەتر نین بۆ پاراستن، بەڵکوو قەفەسن بۆ سنووردارکردن و مردارکردنەوە و سڕینەوە. تەنیا لێڤیاتانی خۆماڵی دەتوانێت دابینکەری ڕاستەقینەی ئاسایش بێت.

لە بەرامبەر دیدگا ئایدیالیستەکان (وەک ڕۆسۆ) کە ڕەنگە گومان لە ڕۆڵی دەوڵەت بکەن، یان بە سادەیی باوەڕ بە “باشی سروشتی” یان “برایەتیی گەلان” بکەن لە جیهانێکدا کە بەپێی لۆجیکی هێز کار دەکات، کەتواریی دۆخی نەتەوەی بێدەوڵەتیی کورد بە شێوەیەکی بێ وێنە تێزە واقیعییەکەی هۆبز پشتڕاست دەکاتەوە. پەیامی ئێمە ڕوون و بێ دوودڵییە: دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەک تەنیا دەرفەتێکی سیاسیی ڕەوا و ئاواتێکی نەتەوەییە، بەڵکوو پێویستییەکی وجوودی و بێ سازشە بۆ مانەوە. تەنیا لەناو چوارچێوەی ئەم لێڤیاتانە خۆماڵییەدا، لەناو دەوڵەتی کوردستان دا، دەتوانین بە ڕاستی خاوەنی ژێرخان و ژێربەستی بوونایەتی نەتەوەیی خۆمان بین، بە زمان و کولتوور و مێژووی خۆمان بژین، مافەکانمان گەرەنتی بکرێن و لە مەترسیی لەناوچوون و ژێردەستەیی هەمیشەیی بۆ هەمیشە ڕزگارمان بێت. گرێبەستی دەوڵەت، پەیمانێکە بۆ واژۆکردنی ژیانێکی نوێ، ژیانێکی درێژ، پڕ بەها و شکۆمەند بۆ نەتەوەی کورد لەسەر خاکی وڵاتەکەی. ئەم پەیمانەش دەبێتە بناغەی سەروەریی بەدەستهاتوومان کە هێماکەی ئاڵای کوردستان‌ـە.

 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.