لەم ڕۆژهەڵاتە سووتاوە هەرکەسێک دەستپێشخەری نەکات… دەخورێت.

ئه‌حمه‌د گلی

دیمەنی ناوچەکە لەناکاو گۆڕا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕى لە قووڵایی ناوخۆی ئێران ئەنجامدا و شوێنە زۆر هەستیارەکانی کردە ئامانج، دیارترینیان دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەرکردە باڵاکانی سوپای پاسداران و هەروەها بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل زانیاری وردیان سەبارەت بە سێ ئۆپەراسیۆنی مۆساد بە هاوبەشی لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی شێری ڕەشەبادا دزەپێکرد, ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوەی ڕوویدا تەنها هێرشێکی ئاسمانی نەبووە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و فرەلایەنە بووە کە ئامانج لێی پەکخستنی جومگەکانی دەسەڵاتی ئێران بووە لە ناوەوە.

هێرشەکان بریتی بوون لە دامەزراوە ئەتۆمییە گرینگەکان، دیارترینیان دامەزراوەی نەتەنز، كه‌ دڵی تەکنیکی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێرانه‌، جگە لە كوشتنی سەرکردە دیارەکانی سه‌ربازی و سوپای پاسداران و زانایانی ناوداری ئەتۆمی.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنیا ڕووداوێکی ئەمنی نییە, بەڵکو هاتنە ناوەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک کە بە “ڕێگریکردن بە ئاگر” پێناسە دەکرێت, جوگرافیا لەگەڵ هێزدا تێکەڵ بووە و هاوکێشەکان بە زمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی زیرەک دەنووسرێنەوە.

ئێستا پرسیارەکان تەنها لەسەر ئەوە نین کە کێ بۆردومانی کێی کردووە، بەڵکو پرسیارەکان ئه‌وه‌یه‌:
کێ دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە و کێ دەسەڵاتی مانەوەی هەیە.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەڕێکی هەمەلایەنە نییە، قۆناغی پێش تەقینەوەیه‌، کە زلهێزەکان بە زمانی “لێدانی حیسابکراو” قسە دەکەن نەک دیالۆگ.
ئیسرائیل سەرەتا لێدان و دواتر دانوستانی هەڵبژاردووە.
ئێران هەوڵ دەدات شۆکەکە هەڵبمژێت بەبێ ئەوەی لاواز دەربکەوێت.

دەرەنجام, ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕەپانێکی مێژووییدایە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنیا نمایشێکی سەربازی نەبوو, ئەمه‌ ڕێستکردنی یاساکانی یارییەکە بوو.

ئێمە ئێستا چووینەتە قۆناغێک، کە تەنها بەڕێگریکردن ڕێز لە سەروەریت دەگیرێت، تەنها ئەوانەی فڕۆکەیان لە ئاسمان و مووشەکیان لەسەر زەوی هەیە, باسی ئاشتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
(لەم ڕۆژهەڵاتە سووتاوە هەرکەسێک دەستپێشخەری نەکات… دەخورێت)

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.