لە 7ى ئۆکتۆبەرەوە بۆ 16ى حوزەیران چارنووسى ئێران بەرەو کوێ ؟


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

ڕووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە بە ئاراستەى گۆڕێنى نەخشەى سیاسى و هێز هەنگاوە دەنێت ، بەشێوەیەک ئەگەر هەڵوەستیەکى ژیرانە لەسەر ڕووداوەکانى پێش 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 و ئاماژە دان بە گۆڕینى میحوەرى شەڕانگێزى و نیشاندانى نەخشەى نوێى ناوچە و جیاکردنەوەى ئەو وڵاتانەى کە لە بەرەى گەشەسەندن و ئاشتى و ئەو وڵاتانەشى هۆکارن بۆ گڕژى و تێکدانى ئاشتى و سەقامگیرى و زیانگەیاندن بە بەرژوەندییەکانى وڵاتانى زڵهێزى ناوچەیی و نێودەوڵەتى بە ڕوون و ئاشکرای هەستى پێدەکرا .


هێرشى بەرنامە دارێژراوى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە بارمتەگرتنى دەیان کەس و ئینجا بە سەدان مووشەک پەلاماردانى ئەو وڵاتە و هەوڵدان بۆ بەجێگەیاندنى ئەو دروشم و خەونانەى دەسەڵاتدارانى ئێران لەماوەى 46 ساڵى رابرددوو بە هەموو توانا دارایی و ئابوورى و سەربازى و هەواڵگرى کاریان لەسەر کردووە ، نەک هەر مەترسى لە سەر ئیسرائیل بەڵکو لەسەر هەموو ناوچەکە دروستکرد، کاردانەوەى خێرا و بەهێزى سەربازى ئیسرائیل و هاوپەیمانانى لە ناوچەکە دا ، وایکرد ، هاوسەنگى هێز بگۆڕێت ، کۆنتڕۆڵکردنى رەوشەکە بە دەستبەسەرداگرتنى حەماس و غەززە ، دواتر بەرفراونبوونى بەرەى ئەو هێرشانە بۆ لوبنان و لێدانى حزبولا و گروپەکانى سەربە ئێران و دواتر کوژرانى سەرکردەباڵاکانى حەماس لە غەززە و ناوچەکە ، وایکرد ئیسرائیل هێرشەکانى بە پێى ئەو نەخشە وپلانەى پێشتر بۆ کۆتایی هێنان بە میحوەرى شەڕانگێزى لەناوچەکە و بەرفراونکردنى بەرەو سووریا و یەمەن و ئێران و عێراقیش لە ئایندەیەکى نزیکدا
بۆیە، هێرشە چڕ و لەناوکاوەکانى ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەى لەمێژبوو کارى لە سەر کاربوو و چاوەروانکرابوو، ئەو گورزە کوشندەیەیەى لە پەیکەرى سەربازى و ئەتۆمى و زانستى ئەتۆمى درا بە کوژرانى چەندین کەسایەتى و فەرماندەى باڵا ئاماژەیەکى روونن بە گۆڕانکارى گەورە لە ناوچەکە و بەتایبەتى لە ئێراندا و پێدەچێت ئەو شەڕ و پێکدادانە لە بۆ ماوەیەکى درێژ تا یەکڵابوونەوەى ئامانجەکان درێژەى هەبێت .
دوابەدواى ڕووخاندنى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد لەسووریا ، ئینجا حەماس ، وێرانکردنى حزبولا و بێ سەروبەرکردنى حوسییەکانى یەمەن ، ماوەیەکى زۆرە ئیسرائیل ئامادەکارى و هەوڵەکانى بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانى ناوچەیی ونێودەوڵەتییە بۆ گەورەترین دوژمنى سەرسەختى ئەویش ڕژێمى ئێران بوو لەناوچەکەدا ، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ماوەى چوار دەیەیە بەردەوام تاران هەڕەشەى سڕینەوە و نقووکردنى ئیسرائیلیەکان دەکات. بۆیە، ئیسرائیل ، ئەو هەڕەشانەى ئێران بە گەورەترین مەترسى بۆ سەر خۆى و سەقامگیرى هەموو ناوچەکە دەزانێت ، لەهەمانکاتیشدا هاودەنگى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و زڵهێزانی دونیاشى لەگەڵ دایە ، بۆ لاوازکردن و کۆتایی هێنان بە میحوەرى شەڕانگێزى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا .
هێرشى 13ى حوزەیرانى 2025 بۆ سەر ناوەندە ستراتیژییە سەربازى و ئەتۆمییەکان و دواتر پاڵاوتگەکانى نەوت و پێگە ئابوورییەکانى ئێران ، هەڵگرى پەیامێکى گەورەیە بۆ دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە و لاوازکردنیانە هاوشێوەى ڕژێمەڕووخاوەکەى سەدام و هەروەها گۆشەگیرکردنى زیاترى ئێرانە لە سەر ئاستى ناوچەیی و جیهانى ، بەتایبەتى تاران لە ژێر لێچینەوە و فشارى قورس دایە ، رۆژ بە رۆژ لە بن بەست نزیکتر دەبێتەوە ، جگە لە شەڕ کردن یان خۆڕادەستکردن هیچ ڕێگەیەکى تر لەبەردەم دا نەماوە ، بەردەوامبوونى ئێران لە شەڕکردن و رادەست نەکردنى بەرنامەى ئەتۆمییەکەى بە ئەمەریکا ، شەڕەکە بەرفراوانتر و دەستى ئەمەریکا و زڵهێزانى دیکەش دێنە ناو ئەو شەڕەوە ، ئەوەش وادەکات ئیسرائیل هەنگاوەکانى دواتر بۆ وشاندنى گورزى کوشندەتر بۆ سەر بنکە ئەتۆمى و مووشەکى وسەربازییەکانى ئێران زیاتر بکات .
لە سەر ئاستى ناوچەکەشدا ، هەرچەندە هیلالى شیعى بوونى نەماوە و گروپەکانى بەرەى موقاوەمە لە سەر ئاستى ناوچەکە و بەتایبەتى عێراق ئەو توانا سەربازییەى جارانییان نەماوە بەڵام دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە یان شەڕکردن لەگەڵ ئەمەریکا وئیسرائیل و خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشى قورس بۆ سەر یان یان ئەوەتا دەبێت چەکانیان دابنێن و پشت لە ئێران بکەن
چاوەروان ناکرێت ، دانووستانەکانى ئەمەریکاو ئێران هیچ ئەنجامێکى هەبێت ، چونکە ناوەڕۆکى داواکارییەکانى ئەمەریکا بۆ ئێران روون و ئاشکرایە ، بەشەڕ بێت یان بێ شەڕ دەبێت یۆرانیۆمەکانى و دواتر مووشەکەکانى رادەستى واشنتۆن بکات ، ئەوەش ئەستەمە و ئیسرائیلیش چاوەروانى ئەمەریکا ناکات و پێدەچێت ئەمەریکاش بەهۆى ڕەتکردنەوەکانى تاران بێتە ناو شەڕەکەوە، بەرەى دژ بە ئێران لە شەڕەدا بەرفراوانتر بێت ، ئەوەى ئامانج و ستراتیژى ئەمەریکاو هاوپەیمانانێتى ، لاوازکردنى ئێرانە ، بابەتى ڕووخاندنى ڕژێمى تاران بۆ بابەتى ناوخۆیی بەجێهێدراوە ، چڕتربوونەوەى هێرش و وەڵامدانەوەکان ، وادەکەن پێشهاتى تر بێنە ئاراوە و هەموو ئەگەرەکان بۆ گۆڕانکارى نوێ لەناوخۆى ئێران کراوەیە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.