Site icon زێ بادینان

ڕاپرسییە قورمیشکراوەکەی ڕۆژنامەی صباح…!

∎بێستون ساڵەیی

کاتێک خەڵکی کوردستان لە زاخۆوە تاکو خانەقین دەنگیان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، دەیانزانی شوێنێک هەیە پێی دەڵێن عێراق و هەرگیز هیچ کات عاشقی ئەم عێراقە نەبوونە، ئەم دەوڵەتەی بەناو عێراقە بەجۆرێک پێی ئاشنان لە تاڵی و مەرگەساتی و ماڵوێرانی هیچی دیکەی بە خەڵکی کوردستان نەبەخشیوە…
تۆ بڵێی دوای ئەو هەموو شۆڕش و خوێنبەخشینەی کورد ئێستا تەمەننای نەمانی هەرێمەکەی بکات و هەر عەرەبێک بە باوکی خۆی بزانێت؟!
ئیتر مەگەر تەنها جاشەکان و ئەوانەی حەز بە خزمەتکردنی بێگانەدەکەن دەنگ بۆ نەمانی هەرێمی کوردستان بدەن…!

مێژووی کورد لە گەڵ عێراقدا مێژوویەکە کورد ئاواتی گەڕانەوەی بۆ ناخوازێت و تا ئێستاش جەستەی کورد بەدەستیەوە بریندارو پڕ ئازارە…
ڕۆژنامەی الصباحی عێراقی لە ۱٨/شوباتی۲۰۲۳ ڕاپرسیێکی بڵاوکردووەتەوە دەربارەی ویستی کوردستانیان و عێراقیەکان بۆ نەمانی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ سەر عێراقێکی مەرکەزی.. !
بێگومان ئەم ڕاپرسییەی ڕۆژنامەی صباح ئەگەر ویستی خەڵک بێت تەنها ویستی ئەوانەیە کە هەمیشە لە دژی هەرێمی کوردستان هەنگاویان ناوە، ویستی ئەو شۆڤینی و ئەو بەشە دیارەی ناو لایەنە شیعیەکانن کە لە تارانەوە قورمیش دەدرێن ، ئەم ڕاپرسیە هەمان نەفەسی دادگای بەناو ئیتیحادییە کە ناوە ناوە بڕیارەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات…

ڕۆژنامەی صباح خۆزگە ڕاپرسی لەسەر ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی نێوان هەرێم و بەغدای دەکرد….
خودی ئەو عەرەبانەی لە هەرێم دەژین و چ ئەوانەی بۆ گەشتکردن دێنە هەرێم ، لە زاری خۆیانەوە دەڵێن ئەگەر ژیانێک هەبێت لە عێراق ئەوە ئەو ژیانە لە هەرێمی کوردستانە..
کورد بۆ جاری دووەمیش ڕاپرسی لەسەر جیابوونەوەی خۆی لە عێراق بکات ، کورد دەنگی خۆی دەدات، ئەمە ویستێکی لەمێژینەی کوردە، چ درەنگ یا زوو ئەو ویستە هەر دێتە دی….
پرسیار ئەوەیە ئایا ڕۆژنامەی صباح و ئەوانەی پاڵپشتی سەرەکی ئەم ڕۆژنامەیەن، تا چەند بڕوایان بە ڕاپرسی هەیە؟ تا چەند ڕاو دەنگی خەڵکیان لا مەبەستە؟!
ئەگەر بڕوایان بە ڕاپرسی و ڕاو دەنگی خەڵکیان هەیە، ئەوا زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان هەر لە زاخۆ تا خانەقین دەنگیان بۆ (بەڵێ)ی جیابوونەوە لە عێراقدا.، با بچن لاپەڕەکانی ئەو دەرئەنجامە هەڵدەنەوە….

Exit mobile version