بۆچی لە عێراقەوە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان؟
د. چیمەن بابەکر بارزانی
دەوڵەتی عێراق دەسەڵاتی نییە بەسەر هێزە چەکدارەان، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، کە هەندێکیان ڕاستەوخۆ لە لایەن هێزێکی هەرێمی فەرمان وەردەگرن فەرمانی بەغدا جێ بەجێ ناکەن.
ئەگەر چەك لە دەستی دەوڵەت نەبێت ئەوا عێراق بێ سەروەر دەبێت و هەرێم و شوێنەکانی تر لە عێراق باجەکەی دەدەن.
ئەو گروپە چەکدارانە چەکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی و توانای هەواڵگرییان هەیە، هێچ ڕەزامەندییەك لە دەوڵەت وەرناگرن. هەندێ لەو گروپە چەکدارانە باڵی سیاسییان لەناو پەرلەمان و حکومەت هەیە، بەغدا ناتوانێ هیچ ڕەفتارێ بەرامبەریان ئەنجام بدات، بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ڕوخانی حکومەت درووست نەبێت، یان لە ڕووی سیاسییەوە ئیفلیج نەبێت.
سەرۆك وەزیران بە پاڵپشتی هەندێ لەو گروپە چەکدارانەوە هاوسەنگی پێکهاتە سیاسییەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە. سەرەڕای ئەو هەموو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە هۆکاری سیاسی و ئەمنییان هەیە، لە ڕووی یاسایی هیچ لێپرسینەوەیەك لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانە ناکرێت، دادگاکانی عێراق بەسیاسی کراون و لە ژێر فشاری ئەو گروپانەن، ناتوانن دۆسیە لە دژی ئەو گروپانە بکەنەوە.
هەرێمی کوردستان نابێت باجی لاوازی عێراق و پەرتەوازەیی گروپە شیعەکان بدات، کە وەکوو مافیا کار دەکەن. حەشدی شەعبی دەوڵەتێکی هاوتەریبە، هەژموونی سیاسی و سەربازی گەورەی هەیە.
ئەوان ناتوانن ئیرادەمان بڕوخێنن، چونکە ئێمە خاوەند قەزیە و دۆزی ڕەوای گەلەکەمانین.
پێویستە هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرگری خۆی بکات و بەردەوام بێت لە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەرەڕای ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بکات بۆ پاراستنی سەرەوەی ئەو وڵاتە، پێویستە سنوورێ بۆ هەژموونی ئەم گروپە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی یاسان دابنرێت.
پاراستنی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیری عێراق، بۆیە پێویستە بەغدا جارێکی تر بە خۆیدا بچێتەوە و پابەندی دەستور بێت.