بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین پێویستە هاوكاری و پشتیوانی و هاوپشتی یەكتر بین بۆ بنیادنانی ئەم وڵاتە

 د. عـه‌ره‌فات كه‌ره‌م ستونی/ راوێشكاری سه‌رۆك بارزانی بۆ كاروباری به‌غدا 

(*) 

خودا مرۆڤی بە ئازادی دروست كردووە، تاوەكو خۆی بڕیار بدات باوەڕ بە چی دەكات، بۆیە نە لەگەڵ لۆژیك و نە لەگەڵ ئەقڵدا یەك ناگرێتەوە كەسێك ناچار بكرێت بچێتە ناو ئایینەوە، ئەگەر ئەمە كارێكی پەسەندكراو بوایە، خودا هەموو خەڵكی دەكردە باوەڕدار. خودای گەورە هۆشداریی داوەتە پێغەمبەرەكەی، محەمەد (د.خ) لە ناچاركردنی خەڵك بۆ چوونە ناو ئیسلام، چونكە مرۆڤ لە هەڵبژاردنەكانیدا ئازادە، لەبەر ئەوەی بڕواداری لەسەر بنەمای دڵنیایی (یقین) بنیاد نراوە، نەك لەسەر بنەمای تەلقین، بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤ بە ئەقڵ و هەوڵ و لۆژیكی خۆی بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێت، تا دەگاتە كەناری ئارامیی ئیمان.

زانراویشە كە هەموو منداڵێك لەسەر فیترەت (سرووشتی پاك) لەدایك دەبێت، پاشان دایك و باوكی پەروەردەی دەكەن و ئەو بیروباوەڕەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی، فێری دەكەن. هەر لەبەر ئەمەیە منداڵێكی موسڵمان، یەكێكی دیكە كریستیان و لە تەنیشتیشیانەوە منداڵێكی جوو دەبینیت، هەر بەم شێوەیە، ئەمەیە ئەركی دایك و باوكە بەرانبەر منداڵەكانیان، دوای ئەوەی منداڵەكە پێدەگات و لە ڕووی هزری و ئەقڵییەوە كامڵ دەبێت، بە دڵنیاییەوە دەست دەكات بە پرسیارە چارەنووسسازەكان: بۆچی خودا منی دروست كردووە؟ ئەركی من لەم بوونەدا چییە؟ بۆچی من باوەڕم بەم ئایینە هەیە و بە هی دیكە نییە؟ دوای مردن بۆ كوێ دەچم؟ ئەم پرسیارانە وای لێ دەكەن، بیر بكاتەوە و بەردەوام بێت و بگەڕێت، لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئایینە نەریتییەكەی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام هیچ زیانێك لە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا نییە و، ئیمانێك كە لەسەر بنەمای قەناعەت و دڵنیایی بێت، باشترە لە ئیمانێك كە لەسەر بنەمای تەلقین و لاساییكردنەوە بێت.

هەر بۆیەش غەزالی جەختی لەسەر گرنگیی فەلسەفەی گومان كردووەتەوە و دەڵێت: «هەر كەسێك گومان نەكات، تێناڕوانێت، هەر كەسێك تێنەڕوانێت، نابینێت، هەركەسێكیش نەبینێت، لە كوێری و سەرلێشێواوی و گومڕاییدا دەمێنێتەوە. ڕزگاریی مرۆڤ تەنیا لە سەربەخۆییدایە». دوای ئەو، فەیلەسووفی فەڕەنسی ڕێنێ دێكارت René Descartes لە سەرەتای كتێبەكەیدا (بنەماكانی فەلسەفە- Principles of Philosophy ) هەمان پرسی خستەڕوو و گوتوویەتی: «بۆ ئەوەی بەدوای حەقیقەتدا بگەڕێین، پێویستە تا چەند بكرێت، لانیكەم یەك جار لە ژیانماندا، گومان لە هەموو شتێك بكەین».

ئەم جیاوازییە لە ئایینەكان و فرەیییە لە بیروباوەڕەكان و جیاوازی لە بیركردنەوەكاندا دیاردەیەكی سرووشتییە، چونكە هەموو مرۆڤێك لە ژینگەیەكی دیاریكراودا پەروەردە بووە، هەر بۆیە دەبینین لە هەر وڵاتێكدا ئایینێكی دیاریكراو زۆرینەی دانیشتووان پێك دەهێنێت، لە هەمان ژینگەشدا كەسانێك هەن كە باوەڕ بە ئایینێكی دیكە دەهێنن، دوای ئەوەی گەڕاون و بۆیان دەركەوتووە و باوەڕیان وایە، كە ئەو ئایینەی هەڵیانبژاردووە، وەڵامی پرسیاری بوونی و چارەنووسساز و دەروونی و ڕۆحییەكانی داوەتەو. نابێت ئەم جیاوازییەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پەیڕەوانی ئایینەكان تێك بدات. گومانی تێدا نییە لە هەموو ئایینێكدا پەڕگیرانێك هەن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن، پارێزەری ئایینن و هەڕەشە لەو ئاشتییە دەكەن كە لە كۆمەڵگە هەیە، بە بیانووی ئەوەی ئایینەكەیان لە مەترسیدایە، بەتایبەت كاتێك كەسێك لە ئایینەكەیانەوە دەچێتە سەر ئایینێكی دیكە، یان كاتێك دەبینن ئایینێكی دیكە زیاتر لە ئایینەكەیان بڵاو دەبێتەوە، ئەمە كێشەیەكە ڕووبەڕووی میانڕەوەكانی هەموو ئایینەكان دەبێتەوە. زۆربەی جەنگە ئایینییەكان لەلایەن توندڕەوانەوە بە گەمژەییەكانیان هەڵگیرسێندراون، سیاسەتمەدارانیش بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاریان هێناوە، پیاوانی فەتواش لە هەموو ئایینێكدا پیرۆزیان كردووە.

ئەگەر خودا ئەم مرۆڤەی دروست كردبێت، ئازادیی پێ بەخشیبێت، ڕێزی لێنابێت و، ئەم زەوییەی بۆ فەراهەم كردبێت، تاوەكو بە هاوكاری لەگەڵ ئەوانی دیكەدا ئاوەدانی بكاتەوە و گەشەی پێ بدات، بەبێ گوێدانە ناسنامەكەی، ئیتر چۆن مرۆڤێك دەتوانێت بیروباوەڕێك، یان ئایینێك، یان مەزهەبێكی جیاواز بەسەر یەكێكی دیكەدا بسەپێنێت؟ ناسنامەی ئایینی پرسێكی كەسییە لە نێوان مرۆڤ و پەروەردگاریدا، خودای گەورە لە دنیادا كەس لەسەر بیروباوەڕەكەی سزا نادات، بەڵكو ئەوە بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە دواخراوە، خودا توانای ئەوەی هەیە، هەموو خەڵك لەسەر یەك بیروباوەڕ كۆ بكاتەوە و ئەم جیاوازییە لە نێوان مرۆڤەكاندا نەهێڵێت، بەڵام بە پاكی و گەورەیی خۆی مرۆڤەكانی ئازاد كردووە لە ڕێڕەوی ژیانیاندا و لێپرسینەوەی جیاوازەكانی بۆ ڕۆژی قیامەت داناوە. خودا لە دنیادا مرۆڤەكانی ئازاد نەكردووە تا یەكتری بكوژن، ستەم لە یەكتر بكەن، یەكتر دوور بخەنەوە و یەكتر ڕەت بكەنەوە، بەڵكو فەرزی كردووە لەسەریان كە بە ئاشتی و ئارامی و تەبایی پێكەوە بژین. هەر بۆیە باشترین خەڵك لەلای خودا چاكترینیانە بۆ دروستكراوەكانی، چونكە هەموو مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی دروستكراوی خودایە و ئەو دروستی كردوون. لە فەرموودەی پێغەمبەردا (د.خ) بە «ڕۆڵەكانی خودا» كە (عیال الله) ناو براون بە واتایەكی مەجازی، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: «هەموو دروستكراوەكان ڕۆڵە (عیال)ی خودان، خۆشەویسترینیشیان لەلای خودا ئەو كەسەیە كە چاكترینە لەگەڵ خێزانەكەیدا». با وێنەكە زیاتر ڕوون بكەمەوە: بۆ نموونە باوكێك كە چەند منداڵێكی هەبێت، كاتێك كوڕێكی لەگەڵ خوشكەكەی، یان براكەی لەسەر بابەتێك ناكۆك دەبێت، هێندە تووڕە نابێت، بەراورد بەو كاتەی كە كوڕێكی ئازاری برا، یان خوشكەكەی دەدات، جا چ بگات بە ستەملێكردنی، یان كوشتنی! چونكە یەكەمیان ئازادیی ڕادەربڕینە و زیان بەوی دیكە ناگەیەنێت، بەڵام دووەمیان ستەم و زۆردارییە.

خودای گەورە پێش ڕۆژی دوایی ستەمكار لە دنیادا سزا دەدات، بەڵام بێباوەڕ تەنیا لە ڕۆژی دواییدا لەسەر بێباوەڕییەكەی سزا دەدات، چونكە ستەم زیانی بۆ كەسانی دیكە هەیە، بەڵام بێباوەڕی تەنیا زیانی بۆ خاوەنەكەی خۆی هەیە. خودای گەورە لەگەڵ چەسپاندنی دادپەروەرییە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن بێباوەڕێكیشەوە بێت و دژی ستەمكردنە تەنانەت ئەگەر لەلایەن موسڵمانێكیشەوە بێت. ئیبن تەیمیەی حەڕانی دەڵێت: «خودا یارمەتیی دەوڵەتی دادپەروەر دەدات، ئەگەرچی بێباوەڕیش بێت و، یارمەتیی دەوڵەتی ستەمكار نادات، ئەگەرچی باوەڕداریش بێت». ئیبن خەلدوونی ئەندەلوسیش دەڵێت: «دادپەروەری ئەگەر بەردەوام بێت، ئاوەدانی دەكات و، ستەم ئەگەر بەردەوام بێت، وێرانی دروست دەكات».

ئەو ستەمەی كە وڵاتە موسڵمانەكان دژی گەلەكانیان ئەنجامیان داوە، قێزەونترە لەو ستەمەی وڵاتە ناموسڵمانەكان بەرانبەر گەلەكانیان ئەنجامیان داوە. سەقامگیریی وڵاتە ناموسڵمانەكان دەگەڕێتەوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ڕەتكردنەوەی ستەم و ئەو پشێوییەی وڵاتە موسڵمانەكان تێیدا دەژین، تەنیا بە هۆی ستەم و زۆرداری و نەبوونی دادپەروەرییەوەیە. ئەگەر وا بێت، ئەوا ئێمە پێویستیمان بە بنیادنانی ئاشتییەكی گشتگیرە لە نێوان هەموو پەیڕەوانی ئایینەكاندا.

لەم سۆنگەیەوە، گفتوگۆ لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەكاندا بووەتە پێویستییەك بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی لە پێكدادان و ململانێ و ناكۆكی و ڕق و كینە و دڵڕەشی، ئەمەش لە پێناو بنیادنانی ئاشتییەكی دادپەروەرانەدا، چونكە ناكرێت زەوی ئاوەدان بكرێتەوە و مرۆڤ بەختەوەر بكرێت، بەبێ بەدیهێنانی ئاشتییەكی ڕاستەقینە لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەكاندا.

 زانای لاهوتی سویسری هانس كونگ (Hans Kung) دەڵێت: «ئاشتی لە نێوان نەتەوەكاندا نابێت، تاوەكو ئاشتی لە نێوان ئایینەكاندا نەبێت، ئاشتیش لە نێوان ئایینەكاندا نابێت، تاوەكو گفتوگۆ لە نێوان ئایینەكاندا نەبێت».

ئەم گفتوگۆیە بە واتای یەكخستنی ئایینەكان نایەت، واتە تێكەڵكردنی هەموو ئایینەكان لە یەك ئاییندا كە بریتی بێت لە «ئایینی ئیبراهیمی»Abrahamic Religions، بەڵكو ئامانج لە هەموو ئەمانە جەختكردنەوەیە لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان ئایینەكان و چاوپۆشیكردنە لەوەی دەبێتە هۆی ناكۆكی لە نێوان پەیڕەوانیاندا، واتای ئەمەش ئەوەیە كە هەر ئایینێك تایبەتمەندی و بیروباوەڕ و بنەماكانی خۆی بپارێزێت، بە شێوەیەك كە پەیڕەوی هەر ئایینێك ئازاد بێت لە دینداریی خۆیدا، بەبێ ئەوەی بە قسە و هەڵوێست و وتار و وانەكانی زیان بە ئەوانی دیكە بگەیەنێت، چونكە دینداری بە تێڕوانینی من، پەیوەندییەكی شاراوەیە لە نێوان تۆ و پەروەردگارتدا، هەر كاتێكیش كردت بە پەیوەندییەك لە نێوان خۆت و خەڵكدا، ئەوا ئەمە دینداری نییە، بەڵكو سیاسەتە بۆ بەدیهێنانی مەرامی كەسی. محەمەد عابید ئەلجابری دەڵێت: «هەركەسێك بە تەنیا دینداری بكات، ئەوا پەیڕەوی لە ئایین دەكات، بەڵام هەركەسێك بانگی ئەوانی دیكە بكات بۆ دینداری، ئەوا سیاسەت دەكات».

لێرەدا من لەگەڵ جابری لەم وەسفەیدا جیاوازم، چونكە شتێكی ئاساییە مرۆڤ بانگهێشتی هاوڕێكەی، یان هەر كەسێك بكات كە خێری تێدا دەبینێت بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری، وەك ئەوەی بانگی بكات بۆ نوێژ، خێركردن، چاكەكاری و كاری باش، لەبەر ئەوە، كاریگەرترە بڵێین: «هەر كەسێك بانگی ئەوانی دیكە بكات، تاوەكو لەگەڵ خۆی و وەك خۆی دیندار بن، ئەوا سیاسەت دەكات». چونكە ئیسلامی – نەك موسڵمان – خەڵك بانگهێشتی ئایدیۆلۆژیا ئایینییەكەی خۆی دەكات، بەو ڕەنگەی كە خۆی دەیەوێت و بەو شێوازەی كە خۆی دەیەوێت، لەبەرئەوەی پێی وایە هەموو شتێك كە پێچەوانەی ڕەنگ و شێوازەكەی ئەوە، پووچەڵە، بە دەستەواژەی بنەچەخوازی، ئەو لە «تیمە ڕزگاربوو»ـەكەیە و، ئەوی دیكە «تیرە لەناوچووەكە»یە.

خودا جنێودانی بە خوداوەندەكانی بێباوەڕان لە موسڵمانان قەدەغە كردووە، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی پێكدادان و هەڕەشەكردن لە ئاشتی، لایەنی بەرانبەر تووڕە دەبێت لە جنێودان بە خوداوەندەكانیان، ئەگەرچی لە ڕوانگەی موسڵمانانەوە لەسەر گومڕاییش بن. پێغەمبەر (د.خ) زۆر كاری نەكردووە بۆ پاراستنی كۆمەڵگە لە پارچەبوون و، لە بۆنەكاندا لەگەڵ بێباوەڕان بەشداریی كردووە بۆ ڕێگریكردن لە ستەم و، بەدیهێنانی ئاشتی و هاوكاری و پشتیوانیی كۆمەڵایەتی. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە شارستانییە بەرز و گرنگە، جاحیزی موعتەزیلی دەڵێت: «پێچەوانەی ئایینی ئیسلام، لە جوو و كریستیان و دەهرییەكان، ئەگەر دژایەتی بكات لە كاتێكدا پێچەوانەی باوەڕی خۆیەتی- ئەوا گوناهبارە، خۆ ئەگەر بیری كردەوە و نەیتوانی حەقیقەت بدۆزێتەوە، ئەوا عوزری هەیە و گوناهبار نییە، ئەگەریش بیری نەكردەوە، چونكە نەیدەزانی بیركردنەوە پێویستە، ئەویش هەر عوزری هەیە، بەڵكو تەنیا ئەو كەسە گوناهبار و سزادراوە كە دژایەتیكارە، چونكە خودای گەورە هیچ نەفسێك ناچار ناكات تەنیا بەقەد توانای خۆی نەبێت، ئەمانە نەیانتوانیوە حەقیقەت بدۆزنەوە و پابەندبوون بە بیروباوەڕەكانیانەوە لە ترسی خودا، چونكە ڕێگەی زانین و مەعریفەیان لێ بەستراوە».

با كەمێك لەسەر قسەكانی جاحز بوەستین، قسەكانی ئەو بۆ زۆرێك لە گەلان و نەتەوەكان و میللەتان ڕاستە، چەندین گەل و نەتەوە و میللەت هەن كە نەیانتوانیوە حەقیقەت بدۆزنەوە و چەندانیان بیریان نەكردووەتەوە، چونكە نەیانزانیوە بیركردنەوە پێویستە، ئەوان نەیانتوانیوە حەقیقەت بدۆزنەوە و پابەندبوون بە بیروباوەڕەكانیانەوە لە ترسی ئەو پەرستراوەی كە بە ڕاستی دەزانن، دوای ئەوەی ڕێگەی مەعریفەیان لێ بەستراوە، لەسەر ئەم بنەمایە، دەتوانین سنووری ئەو كەسانە بزانین كە خەڵك بە كافر دادەنێن و گومڕایان دەكەن و فڕێیان دەدەنە ناو ئاگرەوە پێش هاتنی ڕۆژی قیامەت، ئەگەر لەم بنەمایەی كە جاحیز دایمەزراندووە دەست پێ بكەین، ئەوا دەتوانین ئاشتییەكی دادپەروەرانە و گشتگیر بنیات بنێین، چونكە چارەنووسی دواڕۆژی مرۆڤایەتی لەلای خودایە لە ڕۆژی قیامەتدا، بەڵام چارەنووسی دنیایی لە دەستی خۆماندایەن كە كەسانێك هەن دەیانەوێت هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ئایینەكەیان ناهێنن، فڕێ بدەنە جەهەنەمەوە، كەسانێكیش هەن دەیانەوێت ئەو كارە بۆ خودا دوا بخەن لە ڕۆژی قیامەتدا.

پاشان، ناكرێت هەموو مرۆڤایەتی بچێتە ناو یەك ئایینەوە، چونكە ویستی گەردوونیی خودا ئەم دۆخەی ویستووە، خودا ڕازی نەبوو، پێغەمبەرەكەی خەڵك ناچار بكات بچنە ناو ئیسلامەوە. پەیڕەوانی هەمر ئایینێك ئاواتەخوازن ئەوانی دیكە بێنە سەر ئایینەكەیان، چونكە باوەڕێكی پتەویان هەیە كە خۆیان لەسەر حەقن، جا ئەو ئایینە هەرچەندە لەبەرچاوی تۆ پیس بێت، لای پەیڕەوانی خۆی پیرۆزە، چونكە لە منداڵییەوە لەسەر دەستی دایك و باوكی و لە باوەشی ژینگەكەیدا باوەڕی پێ هێناوە، میانڕەوەكانی هەموو ئایینێك ئاواتەخوازن ئەوانی دیكە بێنە سەر ئایینەكەیان، بەڵام ڕقیان لێیان نییە و سووكایەتییان پێ ناكەن و ڕێزیان دەگرن، بەڵكو لە خاڵە هاوبەشەكاندا كە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و كاری هاوبەش پتەو دەكەن، هاوكاریی یەكتر دەكەن. خاڵی هاوبەش و كۆكەرەوەی نێوان میانڕەوەكانی هەر ئایینێك، ڕێزگرتنە لە بەها مرۆییەكان و بنەما ئەخلاقییەكان و ئەو بناغە كۆمەڵایەتییانەی كە پارێزگاری لە بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی كۆمەڵگەكان و خێزانەكان دەكەن، لە كاتێكدا پەڕگیرەكانی هەموو ئایینێك بیروباوەڕی خۆیان بەسەر ئەوانی دیكەدا دەسەپێنن و، بە كافریان دادەنێن و خوێن و ماڵ و نامووسیان حەڵاڵ دەكەن، نموونەش لەسەر ئەمە زۆرە، پەڕگیران چەندین تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە. بۆ ئەوەی پەڕگیران بەسەر میانڕەواندا زاڵ نەبن، پێویستە وتارێكی یەكگرتووی گشتگیر هەبێت – لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی هەر ئایینێك – كە بانگەواز بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ بكات. مرۆڤ پیرۆزترین شتە لە بووندا و بەهای گەردوون چییە، ئەگەر ئەم بوونەوەرە پیرۆزە نەبێت؟ وێرانبوونی كەعبە لەلای خودا سووكترە لە كوشتنی مرۆڤێك، هەر بۆیە سۆفییەكانی هەموو ئایینێك ڕوویان لە پیرۆزكردنی مرۆڤ كردووە، بەبێ گوێدانە ناسنامەی ئایینی و ئایدیۆلۆژییەك. فەیلەسووفی بەناوبانگی سۆفی، ئیبن عەرەبیی ئەندەلوسی دەڵێت: «هەرگیز لە ئاییندا ناگەیت بە هیچ شتێك، تاوەكو ڕێز لە هەموو دروستكراوەكان نەگریت و هیچ دروستكراوێك بە كەم سەیر نەكەیت، مادام خودا دروستی كردوون». ئەم قسەیە هەمووان دەگرێتەوە، هەر بۆیە سۆفییەكانی هەر ئایینێك پێیان وایە عابید لە هەر شوێنێكدا بێت و بە شێوازی خۆی خودا بپەرستێت، لەسەر ڕاستییە. فەیلەسووفی هیندی شانكارا دەڵێت: «لە هەر پەرستگایەكدا بتەوێت، خودا بپەرستە، یان لە بەردەم هەر خوداوەندێكدا بەبێ جیاوازی».

ئەزموونی سۆفیگەری وەك ئەزموونێكی كەسی و تاكەكەسی و ویژدانی لە دەروونی هەندێك كەسدا سەری هەڵدا، بۆ دووركەوتنەوە لەم ژیانە پڕ لە خۆشگوزەرانی و چێژ و لەزەتانە و زاڵبوونی ماڵ و پلە و پایە و توندبوونەوەی ململانێ و ناكۆكییەكان، خاوەنی ئەم ئەزموونە هەست بە نامۆیی دەكات لە جیهانێكی پڕ لە ژاوەژاودا، بۆیە دەست دەكات بە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ سرووشتی سادەی خۆی، بەبێ زیادەڕەوی و بەبێ ناكۆكی و دوژمنایەتی، ئەوان سەیری ئەم مرۆڤە دەكەن كە ڕێگەی هەڵەی گرتووەتەبەر و پێویستە بگەڕێنرێتەوە سەر ڕێی ڕاست. مرۆڤ بوونەوەرێكی پیرۆزە و دەبێت بە ئازادی و شكۆمەندی و سەربەرزی بژی، نەك نوقمی گێژاوەكانی چێژ بێت و نە لە ناكۆكییە دەستكردەكان تێوەگلابێت. مرۆڤ بەبێ گوێدانە ناسنامە ئایینییەكەی، بەندەیەكە لە بەندەكانی خودا، خودا بە جوانترین شێوە دروستی كردووە و ڕێزێكی زۆری لێناوە، هەر ئازارێك بەرانبەری، لای خودا بە تاوان دادەنرێت، هەر بۆیە خودا كوشتنی مرۆڤی بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكان داناوە، لەبەرئەوە، هەموو مرۆڤێك لای خودا ئازادە لە بیروباوەڕ و هەڵبژاردنیدا، نابێت پەیڕەوانی ئایینێك دوژمنایەتیی پەیڕەوانی ئایینێكی دیكە بكەن، بەڵكو دەبێت ڕێزی یەكتر بگرن، چونكە هەریەكەیان بە شێوازی خۆی خودا دەپەرستێت و هەریەكەیان پێی وایە ئایینەكەی خۆی لە هی ئەوی دیكە ڕاستترە، بەم شێوەیە، بە ئاشتی و ئارامی دەژین و هیچ ناكۆكی و ململانێ و ڕق و كینەیەك نامێنێت. هەر بۆیە فەیلەسووفە سۆفییەكان ئەم میتۆدەیان داهێنا، بۆ ئەوەی هەمووان بە ئاشتی و ئارامی بژین، با كەس وا نەزانێت كە ئەم سۆفییانە و ئەوانەی باوەڕیان بە میتۆدەكەیان هەیە، لە بۆشاییەوە دەستیان پێ كردووە، بەڵكو ئەوانە زانایانی پایە بەرزن، پیاوێكی وەك ئیبن عەرەبیی ئەندەلوسی، هەڵكەوتوویەكە لە زانستە ئیسلامییەكاندا، ئەمە بەو مانایە نییە كە ئێمە پابەندی هەموو ئەو شتانە بین كە فەیلەسووفە سۆفییەكان گوتوویانە، بەڵام دەتوانین سوود لە میتۆدی بیركردنەوەیان وەربگرین بۆ بنیادنانی پەیوەندییەكی دروست و تەندروست لە نێوان ئایینەكاندا، با هەر مرۆڤێك ئەو خودایە بپەرستێت كە پێی وایە حەقە، نە موسڵمان دەتوانێت بیروباوەڕی كریستیانێك بگۆڕێت، و نە بوزی دەتوانێت بیروباوەڕی جوویەك بگۆڕێت، ئەوە قەناعەتی كەسییە كە دوای بیركردنەوە و تێڕامانێكی قووڵ، بیروباوەڕی خەڵك دەگۆڕێت. موسڵمانان بە درێژایی مێژوو توانیویانە بە ڕەوشت و ڕەفتاریان ئەوانی دیكە بە گەورەیی و جوانی و ڕەوایی ئایینەكەیان قایل بكەن، ئەمەش وای كردووە، ئەوانی دیكە بە كۆمەڵ بێنە ناو ئایینەكەیانەوە، بەڵام ئەوانەی پەنایان بۆ توندوتیژی بردووە، ئایینیان ناشیرین كردووە، ئەمەش وای كردووە، ئەوانی دیكە وەك ئایینێك سەیری بكەن كە هانی كوشتن و خوێنڕشتن دەدات، وەك چۆن قاعیدە و داعش كردیان. هەركەسێك لە ڕێی باوەڕی فیكرییەوە بێتە ناو ئیسلامەوە، لێی دەرناچێت، هەر كەسێكیش بە زۆرەملێ بێتە ناویەوە مانەوەی درێژە ناكێشێت.

زۆر گونجاوە باسی ئەزموونی كوردستان بكەین، كە بێگومان ئەزموونێكی درێژخایەن و سەركەوتووە و پێویستە چاوی لێ بكرێت. بە درێژایی مێژووی دێرین لە كوردستاندا موسڵمان و كریستیان و جوو و ئێزدی و كاكەیی و زەردەشتییەكان بە ئاشتی و ئارامی و تەبایی ژیاون. لە وڵاتێكدا كەس پرسیاری ناسنامەی ئایینیت لێ ناكات، بەڵكو وەك هاووڵاتییەكی چاك سەیرت دەكات كە خزمەتی وڵات و گەلەكەی دەكات لە هەر پۆستێكدا بێت، هەر بۆیە ئێمە بەدەست ئەو ململانێ ئایینییەوە ناناڵێنین كە ئەوانی دیكە پێوەی دەناڵێنن، بۆ ئەوەی وردتر بم، بە درێژایی مێژوو كێشە ڕووی داوە و لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەكاندا ڕوو دەدات، بەڵام كاتێك لێكۆڵینەوە دەكەین، دەبینین كە بنچینەی كێشەكە لەسەر ئایین نییە، بەڵكو كێشەی كۆمەڵایەتی و عەشایەری و كەسین، كە هەندێك كەس هەوڵ دەدەن، بیكەن بە ململانێی ئایینی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی، كاتێكیش یاسا دێتە نێوانەوە، ململانێكە نامێنێت و كێشەكە چارەسەر دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان وەقفێكی بۆ هەر ئایینێك دامەزراندووە لە وەزارەتی ئەوقافدا، وەك پشتیوانییەك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە و بۆ ئەوەی پەیڕەوانی هیچ ئایینێك هەست بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوە نەكەن، ئەمە جگە لە بەشداریی كاریگەری پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكان لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكاندا.

لە كۆتاییدا دەڵێم: بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین، پێویستە ڕێزی یەكتر بگرین، ڕێز لە هەموو ئایینەكان بگرین، هاوكار و پشتیوان و هاوپشتی یەكتر بین بۆ بنیادنانی ئەم وڵاتە و ڕێگە نەدەین هیچ وتارێكی ئایینیی توندڕەو ئەم پێكەوەژیانە ئاشتییانەی نێوان ئایینەكان تێك بدات. بەم میتۆدە وڵات لە هەر ململانێیەكی ئایینی دەپارێزین، چونكە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە پڕە لە بیری پەڕگیڕ و توندڕەوی، ئەگەر هەموومان لە یەك ڕیزدا ڕووبەڕوویان نەبینەوە، ئەوا چارەنووسی نیشتمانەكە بەرەو وێرانی و داهاتووی گەلانیش بەرەو لەناوچوون دەڕوات.

(*)

بەرپرسی كاروباری عێراق لە بارەگای بارزانی

Leave A Reply