Site icon زێ بادینان

خەمێک لە خۆمان ..

نەوزاد محەمەد

ئەوەی باوە لەسەر ئاستی وڵاتان، کاتێک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەک دەکرێت، یان پلانێکی ستراتیجی درێژ خایەن، کە پەیوەندی بە ژێرخانی ئابوری وڵات و گەشەکردنەوە هەبێت، لە ئامادەکاری و پلان دانان دا ئاستی هەژاری، یان بە زۆری ئاستی مامناوەندی هاووڵاتی لەبەر چاو دەگیرێت و دەکرێتە پێوەر بۆ دارشتنی بەرنامەی کار، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی رێژەیەکی زۆری هاووڵاتیان سوود مەند بن و ئاستی داهاتی تاک بەرز ببێتەوە و بە تایبەت چارەسەر کردنی کێشەی هەژاری، کە ئەمەش کاریگەری ئەرینی دەکاتە سەر گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵات.

ئیتر حکومەتەکان بە پێی داتا و سەرژمێری و هەرچی پێزانینی پێویست لەبەر دەستیان بێت، پلان و بەرنامەی خۆیان دادەرێژن.

بە ڕاشکاوی دەیڵێم، ئەوەی بیستومانە، لە هەرێمی کوردستان، وەکو کۆمەڵگایەتی تازە پێگەیشتوو، لە زۆربەی دیاردەکاندا ڕێک پێچەوانەکە کراوە، لە جیاتی ئاستی هەژاری، ئاستی سەروی مامناوەندی، واتا دەوڵەمەندان و ئاستی ژیانیان کراوەتە پێوەر و پلان و پرۆژەکان بە پێی ئاستی داهاتی ئەوان رێک خراون.

بۆیە لە %٨٠ ی پرۆژەکان، هەژاران سوودمەند نەبونە، واتا هەوڵی باشتر کردن و بەرز کردنی ئاستی داهاتی تاک و گەشە سەندن لەبەر چاو نەگیراوە، بەڵکو ئەوەی کراوە زیاتر خۆشگوزەرانی دەولەمەندەکانە، کە پلانی ئابوری پێویستی بەوە نیە، ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیجی ئابوری یە و کاریگەریە نەرینیە درێژ خایەنەکانی دەبنە هۆکاری بێ بەش بوونی هەژاران، بەڵکو بەرز بوونی ئاستی هەژاری و هەڵاوسانی ئابوری.

لەبەر ئەم هۆکارە، کۆمەڵگای کوردەواری لە هەرێمی کوردستان بوونەتە دوو بەش، یان دەوڵەمەند، یان هەژار، لێکترازانی کۆمەڵایەتی و دور کەوتنەوە لە یەکتری و دروست بوونی دوو چینی کۆمەڵایەتی و لێک تێنەگەیشتوو.

ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی کێشەکان، لە تێکدانی دۆخی دەرونی و پەیدا بوونی هەستیاری و لێک دور کەوتنەوە لە نێوان ئەم دوو چینەدا، کە دیاردەیەکی نا تەندروستە لە ناو کۆمەڵگاکان دا.

لە کۆمەڵگا تازە پێگەیشتووەکان، زیاتر پێویست بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بوژانەوەی ئابوری هەیە، بە مەبەستی تێپەراندتی کۆمەڵێک کێشە و گەیشتن بە گەشە کردن و بوژانەوە، کە رێگا خۆشکەرێکە بۆ یەکریزی و پێکانی ئامانجە نەتەوەییەکان.

باشە، هۆکارەکان چین، کێن ئەوانەی شیکرنەوەی هەڵە دەکەن و پلانەکان بە لاری دا دەبەن و داهات و تواناکانی حکومەت بە هەدەر دەدەن، دور لە بەرژەوەندی گشتی و چینی زۆرینە !؟.

هیوادارم لەم کورتە باسە، توانیبێتم پەیامەکەم بگەییێنم.

Exit mobile version