شەو چلە…زێ بادینان

منداڵ بووم و هەر ئێوارە
چاوەڕوانی ڕازاندنەوەی
سفرەی جوانی شەوی چلە
لە سەر کورسی گەرمی خێزان
بە دەستی دایکی میهرەبان
پڕ پڕ لە ئەشق و وتەی جوان.
لە ژێر شەوقی چراتۆڕ دا
چەرەس بە جوانی خۆی دەنواند
هەنار بوو شاهی میوەکان
دەنک دەنک، یاقوت دەخزان
شووتی بە ڕەنگی سووریەوە
تاسوق بوو بۆ پیر و لاوان
خوانی شەو و دۆڵمەی کەلەرم
تەواو کەری شەوی چلە.
میوانداری خزم و کەسان
لە خۆی جوان بوو دایکی دڵان
شەوی چلە تاکو بەیان
هەموو کۆ بوون لە دەوری خوان
بە دەنگی خۆشی خاڵ و مام
بە زاری پاکی كوردانە
دەخوێندرا شیعر و چیرۆک
شانامەی زاڵ و ئاشقان
گشت گوێگر بووین بە دڵ و گیان.
شیعری جوان و ئاشقانە
تایبەتمەندی ئەو ساتانە
هەموو ڕازیی، لێو بە خندە
دوور بووین لەئەم کۆت وبەندە.
نەسرین تەنیا


چراتۆڕ: (لۆکس)

Leave A Reply