چەمچەماڵ لەنێوان ئازاری کارەسات و ئەرکی ئاوەدانکردنەوەدا
فرسەت سەید شکور
ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی قەزای چەمچەماڵ، کە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارەکە، برینێکی دیکەی خستە سەر جەستەی شارێک کە هەمیشە وەک هێمای قوربانیدان ناسراوە. ئەم ڕووداوە سروشتییە، هەرچەندە بەشێکە لەو گۆڕانکارییانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدان، بەڵام زەنگێکی بەئاگاهێنانەوەی گرنگ بوو بۆ ئەوەی چاوێکی وردتر بە ژێرخان و ئامادەکارییەکاندا بگێڕینەوە.
ئەوەی لەم ڕووداوەدا گرنگە بکرێتە وانە و ئەزموون بۆ داهاتوو، تەنها قەرەبووکردنەوە نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی کارەسات بەم قەبارەیە. لێرەدا حەقیقەتێک هەیە نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت؛ ئەو ڕێکار و هەنگاوە تۆکمەیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان گیرانە بەر، سەلماندیان کە پلانی دروست دەتوانێت ژیانی خەڵک بپارێزێت. پێویستە ئەم ئەزموونەی هەولێر وەک مۆدێلێک لە چەمچەماڵ و شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراقیش جێبەجێ بکرێت و نابێت هیچ پاساوێک ببێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی بەهێز. پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەبێت لە سەرووی هەموو ململانێ و بەربەستێکەوە بێت.
لەگەڵ ئەوەی زیانەکان بە ئازارن، بەڵام جێگەی ئومێد و دەستخۆشییە کە دەبینین حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، شانبەشانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، بەدەم بانگەوازی لێقەوماوانەوە چوون. لێرەدا جێی خۆیەتی ڕۆڵی کارای “دەزگای خێرخوازیی بارزانی” و ڕێکخراوەکانی دیکەی وەک “کوردستان فاوندەیشن” و “دەزگای ڕوانگە” بەرز بنرخێندرێ، کە بە شێوەیەکی مەیدانی و دڵسۆزانە لە هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بەردەوامن، ئەم هەڵوێستە نیشانەی زیندوێتی گیانی هاوکاری و بەرپرسیارێتییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین، ئەم شارە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالە، ئەو شارەیە کە زۆرترین ڕۆڵەی کردۆتە قوربانی بۆ خاک و نیشتمان. جگە لە بەها مەعنەوییەکەی، چەمچەماڵ شادەماری ئابووری کوردستانە و خاوەنی پێگەیەکی جوگرافی و وزەیی ستراتیژییە. ناکرێت شارێک بەم هەموو قورساییەوە پەراوێز بخرێت یان لە کاتی کارەساتەکاندا تەنها بە قەرەبووی کاتیی دڵی ڕازی بکرێت. پێویستە بۆ جاری داهاتوو ئامادەکاری پێشوەختە بکرێت و کەموکوڕییەکان بە بنەڕەتی چارەسەر بکرێن، چونکە چەمچەماڵ و خەڵکە سەربەرزەکەی شایستەی باشترین خزمەت و ئاوەدانین.