Site icon زێ بادینان

▪ سەڕەڕای ئاڵنگارییەکان، کابینەی نۆیەم لە پرۆژەکانی بەردەوامە

فرسەت سەید شکور

ئەگەرچی موئامەرە و پیلانەکان دژبە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی لەناوخۆی عێراق و هەتا وڵاتانی ئیقلیمیش بەردەوامی هەبووە، بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵدراوە کە سنوور بۆ سەرکەوتن و پێشڤەچوونەکانی هەرێم بەتایبەتیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان-کابینەی نۆیەم دابنرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هەمووان لەم قۆناغەدا یەکلایی بوویەوە؛ ئەم حکوومەتە بناغەیەکی پتەو و جێگیریی هەگبە پڕ لە پرۆژە و خزمەتگوازیی و کارئاسانی ژیانی هاوڵاتیان هەیە و ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت.

کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لەسەرەتای کارکردنییەوە ڕووبەڕووی ئارێشەی زۆر بوویەوە، بەوپێیەی دروشمی چاکسازی کردە کردار، ئەمەش وایکرد کە هەندێک هێزی سیاسیی بکەونە پەلەقاژە و لەپێناو ئاشکرانەبوونی تاڵانی و ئەو خروقاتە دارایی و سیاسیی و ئەمنیانەی هەیانبووە، هەموو ڕێگەیەکی ناشەریفانە بگرنە بەر، بەڵام سەڕەرای تاقیکردنەوەکانی هەموو کەتنەکانیان شکستیان هێنا لە لاوازکردنی کابینەی نۆیەم.
وێڕای هەموو ئەو تەحەددیانەش (کابینەی نۆیەم) لە پرۆژە گرنگە ژێرخانیەكانی بەردەوامە و سڵی لە بۆمب و بەربەستەکان نەکردۆتەوە، چونكە سەرۆك وەزیرانێكی بەهێزی هەیە تەنیا لە دە پازدە رۆژدا (كارگەی شیرەمەنی لە بارزان، هەفتەی تەندروستی كوردستانی ئوردنی، پێشانگای تەكنۆلۆژی لە هەولێر، بەدیجیتاڵكردنی كارەكانی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كردنەوەی بانكی جیهان.. گۆڕانكاری و ئاسانكاری لە تۆماركردنی كۆمپانیاكان) راگەیاندنی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، هەموو ئەمانە مەسرور بارزانی لێ بوو و هەریەكەیان لە بوارێكی جیاوازدان و پرۆژەی گرنگی ستراتیژی و ژێرخانییان تێدایە.

ئەگەر سەرکەوتنە هەرە گرنگەکانی ئەم کابینەیە بە نموونە وەربگرین؛
*لە کاتێکدا تەواوی جیھان بە دەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێری وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکە.

*سەڕەرای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای حکومەتی عێراقی کەچی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەمکردەوە و داھاتیشی زیادکرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش سەدان ھەلیکار بۆ بێکاران دۆزرانەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە ببوون، لەپاڵ ئەوەش گەورەترین خواستی خەڵک بەدیھات کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، ڕێککارەکانی بە ئێستاشەوە بەردەوامە.

“گرنگیدان بە پرۆژەکان”

  1. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر 392 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە تەرخانکراوە.
  2. بۆ کەرتی پەوەردە و دروستکردنی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، 36 ملیار دینار خەرجکراوە.
  3. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی 25 ملیار دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخانکراوە.
  4. بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکان 37 ملیار دینار خەرجکراوە.
  5. بڕی 282 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازرییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێم خەرجکراوە.
  6. بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بڕی 25 ملیار دینار خەرجکراوە.
  7. بۆ دروستکردنی بەنداو لەپێناو ڕێگەگرتن لە ووشکە ساڵی 22 ملیار دینار خەرجکراوە.
  8. بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی دیکەی خزمەتی گشتیی 31 ملیار دینار خەرجکراوە.
    ئەم ئامارانەشی کە باسکران، ڕۆژانە و هەفتانە گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە و دێت، چوونکە حکوومەتی هەرێم لە پڕۆژە خزمەتگوازییەکانی نەوەستاوە و لە تەرخانکردن و خەرجکردن بۆ پرۆژە ستراتیژیییەکان بەردەوامە.

گرنگترین خاڵیش کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمە، بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنھا بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی دەکەم)، مێژووش ئەوەی سەلماندووە ئەوەی لە بەرپرسیارێتیی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتنیدا بووە و لە ئاست متمانەی خەڵکدا بووە.

Exit mobile version