شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسانەوە و درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلولی مەزنە

شۆڕشی ئەیلول گوڵ خونچەی شۆڕشی ئەیلولی مەزن و شۆڕشە پێشوترەکانی کورد و کوردستان و بارزانە . شۆڕشێکە بۆ پەرە پێدان و ئیدامەی شۆڕشی ئەیلولی مەزنە هاتە مەیدانی خەبات .

شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز بۆ درێژایی پێدان و هەڵسانەوەی گەلی کورد ، بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو هەڵگیرسایەوە . شۆڕشێکە کە نوێ بوونەوە و پێشکەوتنی پێوە دیارە .

دوژمنانی کورد لە هەر سێ پارچەی کوردستان و بگرە نێودەوڵەتیش ، خەیاڵیان دەکرد شۆڕشی ئەیلولی مەزنیان لە ناو بردووە ، خەونەکەیان لە گۆڕ نرا و ئەوجارە بە شێوەیەکی تر و پێشکەوتوو و نوێ و سەردەمیان دوای ماوەیەکی زۆر کەم هەڵگیرسایەوە .

شۆڕشی گوڵان شۆڕشی ناڕەزایی و بەرخۆدانی ئاوارەکانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن بوو . ئەم هەڵسانەوەی کورد لە نسکۆ و پیلانی دوژمنانی کورد ، سەلماندی کە کورد و بارزانی هەرگیز واز لە مافی ڕەوای کورد و کوردستان ناهێنن و کۆڵ نادەن .

شۆڕشی گوڵان لە کات و ساتێکی نالە باری سیاسی و ئابوری و ئاوارەیی کورد هەڵگیرسا . شۆڕشی گوڵان سەلماندی کە کورد هەگیز ناچێتە بن باری زوڵم و زۆرداری دوژمنانی و لە خراپترین بارو دۆخی کورد ، بە ئیمکانیاتێک و توانایەکی سنوردار و هەستیار ، بەڵام بە هێزی پۆڵایینی پێشکەوتووانە و خۆبەخشانەی پێشمەرگەی قارەمان هەڵگیرسایەوە .

لەو کات و ساتە هەستیار و نالە بارەدا کورد بەسەرکردایەتی بارزانی خەونی دوژمنی کورد و کوردستان کە لەناو چوون و کپ کردنی شۆڕشی کورد بوو لە گۆڕ نرا و جارێکیتر بە نەفەسێکی قوڵ و بەهێزترو و پۆڵایین هاتەوە مەیدان و بوو بە درێژە پێدەری شۆرشەکانی پێشوتری خۆی .

ئەمجارە گەلی کوردی ئاوارە بەتایبەت سەلماندی بۆ هەستانەوە و شۆڕشی نوێ و لە ژێر فەرمانی بارزانیدا ، ئامادەی هەموو قوربانیدانی دانێکە .

بە تایبەت لە ساڵی 1978 و 1979 دا کە کوردەکان تازە جیگایان خۆش ببوو و سەر و سامانێکی بە ژیانیانەوە دیار بوو . پێشمەرگەی کوردستان جارێکیتر سەلماندی کە گەرچی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی تا رادەیەک دیار و گەرەنتی کراوە ، بەڵام ناتوانێ واز لە کورد بوون و کوردستانی بوونی خۆی بهێنێت .

پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان خاوەنی هێزی کوردایەتی و کوردستانی بوون ، بۆیە بوو بە هۆکاری ئەوەی پشت لە هەموو خۆشی ماڵ منداڵ و ماڵ و دونیا بکەن و جارێکیتر بە هێزێکی نوێ و پۆڵایینی بێ هاوتا شۆڕشی ئەیلوی مەزن درێژە پێ بدەن .

ئەو پێشمەرگانە لە ژێر فەرمانی بارزانیدا ئامادەی هەموو قوربانی یەک بوون . پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز ناوی بە خۆیەوە دیار بوو و سەلماندیان هیزی ئەو پێشمەرگانە پۆڵایینە و ئامادەیە بۆ فەرمان وەر گرتن لە بارزانی نەمر تا مردن . شۆڕشی گوڵان بوو بە تروسکەی ئومێد لە ناو دڵی هەموو کوردێکی خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەر لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان .

گەلی کورد لە شۆڕشی گوڵاندا سەلماندی کە دروشمی یان کوردستان یان نەمان دەبێ بێتە جێ . هەر ئەو دروشمە بوو هێزی دەدا بەو شۆڕشە و پێشمەرگە قارەمانەکانی بە ورەی بەرزی و پۆڵایینی کوردایەتی هێشتبۆوە . بۆیە پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمە بە ساڵ دوری لە ماڵ و منداڵ و برسێتی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لا گرینگ نەبوو بێ هیچ چاوە ڕووانی یەک ، ئامادە بوون لە مەیدانی خەبات بۆ تێکۆشان بۆ کورد و کوردستان .

مانەوە و گەرەنتی شۆڕشی گوڵان بە دروشمی یا کوردستان یان نەمان کەوتە خوێنی هەموو ئاوارەکان بە تایبەت بنەماڵەی پێشمەرگەکان لەو سەردەمە .

بۆیە کورد و کوردستانیان پێویستە سپاسگوزار و پێزانینیان هەبێت بۆ خۆنەویستی ئەو پێشمەرگانە کە خۆیان و ماڵ و منداڵیان کردە قوربانی بۆ کورد و کوردستان .

ئەگەر ئەمڕۆ کوردستانێک بوونی هەیە ، بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە و شەهیدانی کوردستانە و پێویستە هەموەمان لە پشتگیری و خزمەتی هەموو ئەو بنەماڵانەدا بین کە ئەمڕۆی و ئێستایان بۆ کورد و کوردستان هێناوەتە دی . کوردستان لە سایەی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگەی کوردستان پێگەی نێودەوڵەتی پەیدا کردووە و دیارە .

نابێ زۆر بە ئاسانی و تەنیا لە ووشەدا باس لە خۆنەویستی پێشمەرگە و شەهیدان بکرێت وەک هەندێک کە زۆر بە ئاسانی و خێرا بوون بە خاوەنی دەستکەوتی پێشمەرگە و شەهیدانی کورد و کوردستان .

بە بەرپرسیاریەتی یەوە دەڵێم ئەوانەی بە سادەیی باسی ڕۆڵی پێشمەرگە و شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەن و تێگەیشتنیان نی یە بۆ خۆ فیدا کردنی پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد و کوردستان ، لەو باوڕەدام زۆر بە ئاسانی خۆیان پلەیان بە دەستهێناوە و هاتونەتە سەر حازری و دەستکەوتی پێشمەرگەی کوردستان .

زۆرن ئەوانەی ئێستاش لە سەر بیر و بڕوای کوردانەی خۆیان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی پتەون و لەسەر دروشمی خۆیان بەردەوامن و دەڵێن :
یان کوردستان یان نەمان …….

درودی فراوان بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبە سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و لە یاد .

بژی کورد بژی کوردستان شەکاور بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە جیهان

خەبات تارق مەولود خەلیل
ستۆکهۆڵم 2025/05/26

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.