“ئاشتی بۆ ھەر گەڵ و ولاتێک گرنگە”

ھشیار شکاک خورشید

چەمکی ئاشتی بە پێچەوانەی چەمکی جەنگ و توندوتیژی و ناکۆکی بە کار دێت ، ئاشتی بناغەی سەقامگیری ھەر ولاتێکە ، بنەمایەکی گرنگە کە ژیانی گەلانی پێوە بەندە ، بە بێ ئاشتی ھیچ ولاتێک ناتوانێت ئارامی و ئاسایش بۆ خۆی مسۆگەر بکات ، ھەمیشە ولات بە بێ ئاشتی تۆشی ئالۆزی و کێشمە کێشم دەبێت ، بە ھۆیەوە ناتوانێت پێشکەوتنی ئەوتووی بە خۆیەوە ببینێت ، لە گشت ھۆیەکانی خزمەت گۆزاری و بوارەکانی ژیانیش پاشەکشە دەکەن وەک پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و ئاوەدانی ھەردەم لە گشت سێکتەر و ژیان کردن لە دواوە دەبێت ، سەرکردەی مەزن ئەوەیە ھەنگاوێکی بوێرانە بنێت ئاشتی بە مانای وشە بۆ ھاولاتیانی ولاتەکەی دابین بکات ، تاوەکۆ ولاتەکەی لە کاولکاری جەنگ بەرەو ژیانێکی ئارام و ئاسودە ببات ، ھاولاتیانیش بە ئارامی لە ولاتی خۆیان ژیان بکەن ، بوونی ئاشتی لە کۆمەلگەدا دەبێتە ھۆی سەرقامگیری و بەدیھێنانی گشت مافەکانی مرۆڤ بوون ، گشت مرۆڤەکانی ھەر گەلێک لە چوار چێوەی ئاشتیدا دەبێت ئازاد بن ، بۆ ئەوەی تام و خۆشی لە ئاشتی ببینن ، چۆنکە ھەر مرۆڤێک سەرەتا ئازاد نەبێت دوور دەکەوێتەوە لە تام و خۆشی ئاشتی ، تەنانەت چەسپاندنی ئاشتی ھاندەرێکی گرنگە لە پێناو زامن کردنی دادپەروەری لە گشت ئاستەکاندا بە تایبەتی لە نێوان گەلانی جیھان تاوەکۆ دوور بکەنەوە لە گشت شەر و ناکۆکییەک ، ھیچ گەڵ و ولاتێک ناتوانێت ئاشتی بۆ خۆی قۆرغ بکات ئەگەر بیر و ھزرێکی فراوان و ئەرێنیان نەبێت ، دوور بن لە ھزرێکی بەرتەسک و نەرێنی ، ھەرێمی کوردستانیش کە پێکھاتە و مەزھەبی جیاوازی تێدایە توانیویەتی ئاشتی بۆ ھاولاتیانی خۆی فەراھم بکات ، گشت چین و توێژەکان بە ئاشتی لە کوردستاندا بژین ، تەنانەت لە چوار چێوەی ئاشتیدا ھەموو ماف و ئیمتیازاتی سەرجەم مەزھەب و پێکھاتەکان بەرجەستە کراون ، سەرجەمیان بە بێ جیاوازی ئاین و زمان و کلتۆر لە ئاسایش و ئارامیدا ژیان دەکەن و یەکسانی تەواو باڵی بە سەر ھەموو پێکھاتەکاندا کێشاوە ، کلتۆری خۆ سەپێن لە نێوانیاندا فرێ دراوە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.