ئاشتی و سەقامگیری ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕوانگەی سەرۆک بارزانی

فرسەت سەید شکور

لە ناو گەرمەی گۆڕانکارییە خێرا و گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریا شوێنەوارێکی دیارە لە ڕووخانی دەسەڵات و سەرھەڵدانی هێزە نوێیەکان. لەم قۆناغە چارەنوسسازەدا، “تەحریر شام” بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع توانی زۆربەی ناوچەکانی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات، لەکاتێک کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕووخا.

بە پێچەوانەی ئەم ئاڵۆزییانە، هەرێمی کوردستان بە ڕابەڕایەتی سەرۆک بارزانی، بە نموونەیەکی ڕاستەقینەی دیموکراسی و ئاشتی لە ناوچەکە دادەنرێت. سەرۆک بارزانی بە ستراتیژییەکی دووربینانە و دیپلۆماسی بەردەوام، هەوڵی جێگیرکردنی ئاشتی و یەکگرتوویی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەدات، بە تایبەت لە ڕێگەی هەوڵە کارا و کاریگەرەکانی لەپێناو یەکبوونی هێزە کوردییەکان و لەپێشگرتنەوەی بەرژوەندییە نەتەوەییەکان لە سەرەوەی جیاکارییە حیزبییەکان.

لە کۆنفرانسی ”یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد کە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥ لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە یەکخستنی و پەیامی یەکگوتاریی و پشتگیرییەکانی.
ئەو ئاماژەی بەوە دا کە یەکگرتوویی کوردی لە سایەی رێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، دەبێتە بناغەی چارەسەری کێشەکانی سوریا و باشتربوونی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.

سەرۆک بارزانی بە ئەزموونی سەرکەوتووی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، پێشنیاری مۆدێلێکی نوێی دەسەڵاتی دیموکراتیکی کردووە بۆ سوریا. ئەم دیدگایە پشتی بە یەکگرتوویی کوردەکان دەبەستێت و ڕێگای ئاشتی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان دەخاتە ڕوو.
پەیامەکانی سەرۆک بارزانی بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا تیشک دەخاتە سەر:

  • یەکگرتوویی: پێویستی یەک بەرنامەی نەتەوەیی.
  • دیپلۆماسی: چارەسەری ئاشتیانە لەڕێگەی گفتوگۆوە.
  • دیموکراسی: دروستکردنی سیستەمێکی بەرژوەندیدان بۆ هەموو کۆمەڵگا.
  • ئاشتی و پێکەوەژیان: پاراستنی سەقامگیریی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
  • قۆستنەوەی دەرفەتەکان: دارشتنی پڕۆژەی هەمەلایەنەی گونجاو بۆ گەلی کورد.
  • دوورکەوتنەوە لە تیرۆر: ڕەتکردنەوەی تیرۆر و تایفەگەری و هەموو هۆکارەکانی توندوتیژی.
  • چەسپاندنی ئاشتی و بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری لە چوارچێوەی دەستوری سوریا.

ئەگەر لەبارەی دیدگای (سەرۆک بارزانی) لەبارەی دۆخی کورد لە سوریا ورد بینەوە، لەو ڕاستییە تێدەگەین کە ئەزموونی سەرکەوتووی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لە سایەی ڕوانگە و بیری سەرۆک بارزانی بۆ دۆخی کورد لە ناوچەکە هەمان باوەڕە و ستراتیژە کە زەمینەسازییە بۆ یەکگرتوویی و یەک بەرنامەیی کورد لە سوریای نوێدا، بەمەش پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت، ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە بۆ چارەسەری کێشەکان خەمخۆری ڕاستەقینەی سەرۆک بارزانییە بۆ گەلی کورد لە سوریا، ئەم دیدگا و پەیامەی سەرۆک بارزانی مایەی شادمانی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بوو، گرنگە دەسەڵاتدارانی کورد زیاتر بە پیر ئەم دەستپێشخەرییە گرنگەکانی سەرۆک بارزانی بێن و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەم بهێنن هاوشێوەی هەرێمی کوردستان کاریگەر و فرە ڕەنگ و فرە دەنگ بێت و ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن لە سوریادا.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.