ئافره‌ت چۆن منداڵه‌كانیان ڕێك ده‌خه‌ن له‌نێوان به‌رپرسیارێتی ماڵ و كاری ده‌رره‌وه‌یاندا

 

دهۆك به‌رۆژی

 

 

وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن ئافره‌ت هه‌میشه‌ پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی ماڵ و منداڵ به‌خێوكردن، هه‌ربۆیه‌ جێگای خۆیه‌تی به‌ شانازییه‌وه‌ باسی ئافره‌ت بكه‌ین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و ئه‌ركه‌كانیدا، زۆرجار ئافره‌ت له‌پاڵ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ یان فه‌رمانبه‌ره‌ یاخود هه‌ر به‌رپرسیارێتییه‌كی تری هه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ئه‌وه‌ منداڵیش به‌خێوده‌كات و كاری ماڵه‌وه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، ئایا ئه‌م ئافره‌تانه‌ چۆن توانیویانه‌ كاره‌كانیان وا ڕێك بخه‌ن؟ ئایا

تا چه‌ند پیاوه‌كانیان هاوكاریانن؟ یاخود گرفته‌كان چین؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌مان به‌ چاكمان زانی ڕاپۆرتێك ئاماده‌ بكه‌ین.

زۆربه‌ی كات به‌شه‌و چێشت لێده‌نێم بۆ به‌یانی چونكه‌ فه‌رمانبه‌رم و پێڕاناگه‌م

له‌ سه‌ره‌تای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مانه‌وه‌ ڕوومان له‌یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كان كرد و تاڤگه‌ محه‌مه‌دمان وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك دواند گوتی: زۆر گرنگه‌ كه‌سانێك هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ چه‌ند ماندووین، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای منداڵ به‌خێوكردن و به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ ئێمه‌ فه‌رمانبه‌رین و كاری ده‌ره‌وه‌ده‌كه‌ین، ده‌توانم بڵێم ته‌نها له‌كاتی نه‌خۆشیم هاوسه‌ره‌كه‌م هاوكارمه‌ ئه‌گینا هه‌رخۆم كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌م له‌ ئێستادا بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانم ڕێك بخه‌م و هاوسه‌ره‌كه‌شم لێم ڕازی بێت هه‌میشه‌ به‌شه‌و چێشت لێده‌نێم و نان حازرده‌كه‌م بۆ به‌یانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رم و خاوه‌ن كارم، هه‌رده‌بێت واش بێت چونكه‌ به‌ڕای خۆم نابێ ئافره‌ت پشت به‌هیچ كه‌س ببه‌ستێت بۆ كاره‌كانی خۆی توانایه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ ئه‌ركی كێشاوه‌،

ئێستا له فه‌رمانگه‌یه‌ ئه‌وهسا له‌ده‌شت خه‌ریكی كشتوكاڵ و باخچه‌ بوو، ته‌نها ئه‌وه‌ی من به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر گرنگی به‌و ئافره‌تانه‌ بدات و هاوكاریان بێت.

ئه‌گه‌ر خه‌سووم هاوكارم نه‌بێت ڕه‌نگه‌ نه‌توانم وه‌ك پێویست پێگیری به‌ ده‌وامه‌وه‌ بكه‌م به‌هۆی منداڵه‌ ساواكه‌.

هه‌روه‌ها مامۆستا ڕێزان عومه‌ریش گوتی: به‌ڕای خۆم ئافره‌ت و پیاو ته‌واوكه‌ری یه‌كترن ناكرێت ئه‌وه‌ فه‌رامۆش بكرێت كه‌ زۆرێك له‌ پیاوانیش هاوكارن بۆ خێزانه‌كانیان بۆ نموونه‌ من كاری مامۆستایی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌م هاوكارم نه‌بێت له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵ تووشی گرفت ده‌بم چونكه‌ ئه‌و ده‌چێت منداڵه‌كه‌م له‌ باخچه‌ی ساوایان دێنێته‌وه‌ و هاوكارمه‌ به‌ پێكه‌نینیشه‌وه‌ گوتی: گه‌لێ جار دێته‌ دوام ده‌ڵێ ده‌زانم ماندووی بابچین داوه‌تی من به‌!!! ئێمه‌ زۆر له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوڕاو هاوبیرین جگه‌ له‌وه‌ی هاوسه‌ری خۆشه‌ویستی یه‌كترین بۆیه‌ لێره‌وه‌ زۆر سوپاسی ده‌كه‌م و هیوادارم

هاوسه‌ران هه‌میشه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بن له‌هه‌موو بارو دۆخێكی ژیان.

نه‌ك هه‌ر ئافره‌ت به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك به‌رنامه‌ی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ ژیان سه‌رگوڵ خانه‌قینی وه‌ك ئافره‌تێكی ماڵ گوتی: من ده‌وام و كاری ده‌ره‌وه‌م نیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ ڕێژه‌ی كاره‌كانم نه‌بێت بێ گومان منیش پێی ڕاناگه‌م، چونكه‌ خاوه‌ن منداڵ و پیاوم و سه‌ڵت نیم، پێم وایه‌ ئافره‌ت هه‌میشه‌ زۆر ماندوون چونكه‌ ئه‌وان كاری ماڵ و منداڵ و مێوان و ده‌ره‌وه‌ و خێزان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌خێوكردنی منداڵ هه‌ربه‌خۆی كارێكی زۆر ماندوو كاره‌ چونكه‌ برسی ده‌بێت و نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و پێویستی هه‌یه‌ … هتد. خۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژێكیش تۆزێك نان خواردنه‌كه‌ دواكه‌وێت ئه‌وا یه‌كسه‌ر پیاوه‌كه‌م ده‌ڵێ: قابیله‌ چییه‌ خۆ كرێكاری ناكه‌ی دوو قاپ ده‌شۆیت و چێشت لێده‌نێیت!!! له‌كاتێكدا شه‌وانیش خه‌ومان نیه‌ له‌به‌ر گریانی منداڵ و ژیركردنه‌وه‌یان، بۆیه‌ هیوادارم هاوسه‌ران هاوكاری یه‌كتر بن له‌به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و منداڵ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ژیانێكی ڕاحه‌ت بژین گرنگی به‌خۆشی

به‌خته‌وه‌رییه‌كانی ژیانیش بده‌ن، چونكه‌ ژیان هه‌ر بریتی نیه‌ له‌ ماندوو بوون ژیان پڕیه‌تی له‌مانای جوان و سه‌رنج ڕاكێش.

هاوسه‌ره‌كه‌م خۆی ماندووه‌ ناكرێت داوای هاوكاری كاری ماڵه‌وه‌ی لێ بكه‌م

هه‌روه‌ها دیاری دیار وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك گوتی: هه‌وڵمداوه‌ كاره‌كانم ڕێكبخه‌م به‌ڵام هه‌ر پێ ڕاناگه‌م، هاوسه‌ره‌كه‌شم خۆی فه‌رمانبه‌ره‌ و ماندووه‌ ناكرێت داوای لێبكه‌م تا هاوكارم بێت چونكه‌ گه‌ر كاتی هه‌بێت ئه‌و خۆی هاوكاریم ده‌كات، هه‌روه‌ها دیاری گوتیشی ئێستا له‌ناو مۆڵه‌تی له‌دایكبوونم دام خه‌ممه‌! چونكه‌ پاش مۆڵه‌ت ده‌بێت بچمه‌وه‌ ده‌وام ئه‌وسا ده‌بێت منداڵه‌كه‌م له‌ماڵی خه‌سووم دانێم یان بیبه‌مه‌ باخچه‌ی ساوایان خۆشتان ده‌زانن كه‌ له‌وێش زۆر مورتاح نابێت دایك چونكه‌ هه‌ر دڵی لای ده‌بێت،

زۆرجار تا من له‌ ده‌وام نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م نان ناخوات

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌نووس نیشتیمان مه‌عروف به‌رزنجیش گوتی: له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌م زۆر

هاوكاری یه‌كترین به‌تایبه‌تی ئه‌و زۆر یارمه‌تی ده‌رو هانده‌ریشمه‌ بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كان، هه‌میشه‌ وه‌ك دوو هاوڕێی گیانی به‌گیانی ده‌ژین، خۆشم هه‌وڵمداوه‌ زۆر به‌باشی كاره‌كانم ڕێك بخه‌م و به‌رنامه‌ بۆ ژیانم دانێم، چونكه‌ به‌ڕاستی كاری ڕاگه‌یاندن پێویستی به‌ به‌رنامه‌ڕێژییه‌كی ته‌واو هه‌یه‌ ناكرێت كێشه‌و گرفتی ناوه‌خۆییت هه‌بێت پێویسته‌ هه‌میشه‌ خاوه‌ن بیرو هزرێكی فراوان بیت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی ببیته‌ پردێكی پته‌و له‌نێوان خه‌ڵك و ده‌سته‌ڵات. هه‌روه‌ها گوتیشی هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر خۆشده‌وێ و متمانه‌ و لێك تێگه‌یشتن بنه‌مای په‌یوه‌ندی باشی هاوسه‌ریمانه‌ سوپاس بۆ خوا هاوكار زۆرم ده‌كات و لێی ڕازیم، ئاستی ڕۆشنبیری زۆرباشه‌ و ڕێگریش ناكات له‌ ئه‌ركه‌كانم وه‌ك ڕۆژنامه‌ نووسێك.

ئافره‌تان كاركردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری و توانایان به‌رز بكه‌نه‌وه‌

دواتر ژیلا كه‌ریم وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو توانیویه‌تی له‌ چه‌ندین

بواری جیاوازی نووسین كاربكات بۆیان گوتی: كاركردنی ئافره‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌بێت له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی ژیانی دژواری ئه‌مڕۆ و بارگرانی كرێ ماڵ و خه‌رج و دابینكردنی پێداویستی ماڵ و منداڵ، وایكردووه‌ پیاو نه‌ویست به‌كاركردنی ئافره‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ڕازی بێت. واته‌ پیاو لێره‌دا هاوسه‌ری وه‌ك یارمه‌تیده‌رێكی ئابووری له‌ماڵه‌وه‌ ده‌بینێت و بێشك ئه‌و پیاوه‌ هه‌ركات بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌ داهاته‌ی كه‌ پێویستی‌ به‌ داهاتی ئافره‌ته‌كه‌ نه‌بێت، یه‌كه‌م ویستی دانیشتنی ئافره‌ت له‌ماڵه‌وه‌یه‌ و زۆر سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌ڵێت كه‌ خۆی توانای به‌ڕێوه‌بردنی ماڵه‌وه‌ی هه‌یه‌ و پێی خۆشه‌ خێزانی له‌ماڵه‌وه‌ سه‌رپه‌رشت بێت و به‌ منداڵان ڕابگات. ئه‌و جۆره‌ ئافره‌تانه‌ هیچ جۆره‌ داهێنان، هه‌وڵ و پێشكه‌وتنێك له‌ كاره‌كانیدا نابینرێت و له‌ ده‌وامێكی ئاسان و كه‌م ده‌گه‌ڕێن و خۆشیان ڕازی بوون به‌وه‌ی كه‌ ته‌نیا یارمه‌تیده‌رێكی ئابووری بن. ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌، به‌هۆی ئه‌و كلتوور و پیاو سالارییه‌ی له‌ناو ئێمه‌دا باوه‌ له‌ سه‌دێكی زۆریی ئافره‌تانی خاوه‌ن كار له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌وانه‌ن و خۆیان

ڕازین به‌وه‌ی كه‌ كاری ماڵ و ده‌ره‌وه‌ به‌بێ هاوكاری پیاو به‌ڕێوه‌به‌رن، چونكه‌ له‌ڕاستیدا هاوكاری پیاوان پێویست نیه‌، ئه‌وانه‌ ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك له‌ شێوازی كاركردنیاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌. چینێكی تری ئافره‌تان كاركردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ هه‌لده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری و توانایان به‌رز بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و چینه‌ زۆربه‌ی كاتی خۆیان ته‌رخان ده‌كات بۆ كار و چالاكبوونی ناو كۆمه‌ڵگه‌ و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌سانی ناوماڵ هاوكاری بن. ئه‌و كه‌سه‌ هاوسه‌ر بێت یان ئه‌ندامانی تری ماڵه‌ باوان ده‌بێت زۆر له‌گه‌ڵی لێبورده‌ بن و به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی ماڵ هاوكاری ته‌واوی بكه‌ن. ئه‌و ئافره‌تانه‌ به‌ ئامانجی داهات كارناكه‌ن به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كیان سه‌لماندنی بوونی خۆیانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ك تاكێك به‌بێ جیاوازی. له‌باری له‌سه‌دی ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ ژماره‌كه‌ كه‌متره‌ و به‌ڕای من، كاری ڕاسته‌قینه‌ و هاوكاری ڕاسته‌قینه‌ خۆی له‌و جۆره‌ كاركردنه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.

 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.