ئافرەت و گرنگی ئابووری سەربەخۆ
لیا سەیفەدین
ئابووری سەربەخۆی ئافرەت توانای وەڵامدانەوەی بەهێزی هەیە بۆ كردە خۆ سەپێنەكانی ڕەگەزی بەرامبەر كە پیاوانن، ئافرەت كاتێك دەبێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی ، دەبێتە خاوەن كەسایەتیەكی سەربەخۆ و ئیدی لە ژێردەستی و پاشكۆیەتی و یاریكردن بەكەسایەتی و كبریائی ڕزگاری دەبێت و لەتاكێكی بێبەرهەمی چاو لەدەستەوە دەبێتە تاكێكی بەرهەمدار، ئابووری ئازاد بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگە ڕاستەوخۆ ئەو تاكە دەكات بە تاكێكی ئەكتیف ئازاد و سەربەخۆ.
لە سەرەتای دروستبوونی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە ئافرەتان بەرهەمهێنی سەرەكی پێداویستیەكانی ژیان بوون، دوای دروستبوونی كۆمەڵگەی چینایەتی و زاڵبونی هێزی جەستەیی بەسەر هێزی لەخۆبوردویی و میهرەبانی و نەرم و نیانیدا ئەو مافە لە ئافرەتان سەندرایەوە و ئابووری و ئافرەتیان لێك ترازاند و لەلایەن ڕەگەزی بەرانبەرەوە قۆرخ كرا ئەمەش سەرەتای كۆیلەكردن و بێ ئیرادە كردنی ئافرەتان بو بەرانبەر پیاوان، بەڵام دواتر ئافرەتان بەجۆرێكی سنووردار هاتنەوە ناو كایەی ئابووری و لە چوارچێوەی ماڵدا دەستیان بەكاركردەوە.
لە ڕابردودا كاركردنی ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵدا كەم و بەرچاو نەبوو، مەگەر لە دامودەزگا فەرمییەكانی حوكمەتدا نەبێت، بەڵام دوای ساڵی ۲٠۱٤ لە هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك بەشداری ئافرەتان لە كەرتی تایبەت و ئابووری سەربەخۆدا ڕووی لە زیادبوون كرد.
دەبێت بە گرینگیەوە سەیری كاركردن و ئابووری سەربەخۆی ئافرەت بكرێت وڵات بۆ بەرەوپێشچوونی باری ئابووری و پتەوكردنی ژێرخانەكەی پێویستییەكی زۆری بە دەست و رۆڵی ئافرەت دەبێت، كاركردنی ئافرەتان كاریگەری هەیە لەسەر گۆڕینی ڕەوتی كۆمەڵگە و بەرەو پێشبردنی لەهەردوو ڕووی ئابووری و كرانەوەی كۆمەڵایەتییەوە، كە ئەوەش گەرەنتی
“لە ڕابردودا كاركردنی ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵدا كەم و بەرچاو نەبوو”
خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشترە.
دروشمێكی ئابووری هەیە دەڵێ (هیچ تاكێك ئازاد نابێ تا ئابورییەكی سەربەخۆی نەبێ) پێویستە لە پەنای كاری ماڵ و خێزاندا كار لەسەر تواناكانی ئافرەت بكرێت و ئامادەبكرێ شان بەشانی هاوسەر و ئەندامانی خێزان كار بكات بۆ ئەوەی لە حاڵەتی بەرزبونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی ژیان و قورس بوونی باری ژیان و گوزەران ، بتوانێت هاوكار بێت و داهاتی هەبێت و لەجیاتی ببێتە ئەرك بەسەر شانی هاوسەر یان باوك و براوەوە ببێتە هاوكار بۆیان.
لە هەرێمی كوردستان ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان بۆ بوون بە خاوەن سەرمایەی سەربەخۆ هەمیشە لە هەوڵدان بۆ كار كردن و بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە، سەرباری ئاستەنگ و
ڕێگری خێزانی و داب و نەریت و دابەشكردنی ڕەگەزیانەی كار و جیاكاری لە بوار و پانتایی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز، بەڵام ئافرەتان توانای خۆیان سەلماندووە
كاركردنی ئافرەتان چووەتە قۆناغێكی نوێوە و جگە لەدامەزراوە ڕەسمییەكان ئافرەتان بەشێوازی سەربەخۆ لەكەرت و شوێنە جیاوازەكاندا هەوڵی كاركردنی خۆیان داوە و كاردەكەن، تەنانەت لە چوارچێوەی ماڵەكانیانیشیاندا سەرباری ئەركی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ و خێزان هەوڵیان داوە ببنە خاوەن كار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان، ئەوەش لە پێناوی بونیادنانی ئابورییەكی سەربەخۆ و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ خۆیان و مسۆگەركردنی ژیانێكی باشتر بۆخۆیان و خێزانەكەیان.
كاركردن وادەكات ئافرەتان تێكەڵ بە دونیای دەرەوە ببن و چاو كراوە بن و هەست بكەن دەژین و بەشێكی ڕاستەقینەن لە كۆمەڵگەداو ڕۆڵیان هەیەو حسابیان بۆ دەكرێت، دەرفەتێكیشە تا بیرۆكە و ئتواناكانیان بە كۆمەڵگە ئاشنا بكەن .
بۆیە پێویستە ڕوانینی ئەو بەشەی كۆمەڵگە بگۆڕدرێت كە پێی وایە نابێت ئافرەتان دەرفەتی كاری دەرەوەی ماڵیان پێ بدرێت یان پێیان وایە ئافرەتان توانای ئەنجامدانی كاری دەرەوەی ماڵیان نیە و ئاستەنگیەكان لەبەردەم كاركردنیان لاببرێت و بەهیچ پاساوێكی ئاینی و كۆمەڵایەتی و خێزانی ڕێگریان لێ نەكرێت بۆ كاركردن و بوونە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.