ئاکرێ ، هژمارەکا پرۆژان د هێنە جێبەجێکرن

زێ بادینان

ئاكرێ-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئاكرێ بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، قایمقامی ئاكرێش دەڵێ، لە قۆناغی یەكەمدا رێگای ھەشت گوندی كریستیانەكانی دەڤەری نەھلێ جێبەجێ دەكرێت.

مازن محەمەد، قایمقامی ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك قۆناغی یەكەم ئیدارەی پارێزگای دھۆك شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دەڤەری ئاكرێ تەرخان كردووە، كە بەشێك لەو پارەیە بۆ چاككردنی ھەشت گوندی كریستیانەكانی دەڤەری نەھلێ خەرج كراوە، چونكە رێگاكانیان تێكچووە و پێویستی بە چاككردن ھەیە.

قایمقامی ئاكرێ گوتیشی، ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی رێگاوبان و خزمەتگوزاری بەو پارەیە جێبەجێ دەكرێن، بەڵام زیاتر گرینگی بە كەرتی رێگەوبان دراوە، چونكە دەڤەری ئاكرێ پێویستی بە دروستكردنی رێگا ھەیە و ساڵانی رابردوو بە ھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پڕۆژە گرینگییان پێ نەدرابوو.

محەمەد روونیشی كردەوە: “پلانی درێژخایەنیش بۆ پڕۆژەكانی ئاكرێ ھەیە و بە راپۆرت لیستی پڕۆژەكانمان داوەتە حكوومەت و چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ خەرجكردنی پارە و جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەت گوزاری لە سەنتەری ئاكرێ و دەوبەروبەری دەكەین”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.