ئاڵای كوردستان رەمزی هەرمانی كورد و لە دەستێكی ئەمین پارێزراوە


رێبوار حەمەلاو شوانی

بە درێژایی مێژوو ، دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دا بوونە ، تا شوناس ، مێژوو، شكۆ و ئاڵای كوردستانمان لێ‌ زەوت بكەن و لەو رێگەیەوە مۆڕكی كوردایەتی بسڕنەوە و یانیش لە نێو نەتەوە و گەلانی ناوچەكە بیتوێنەوە و دەست بە خاكی و نیشتیمانی دا بگرن . ئەوەی جێگەی شانازییە ئەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و تا بە ئەمرٍۆ شەڕی هەرمانی ئاڵا و شوناسی نەتەوەیی دەكات و دوژمنان و داگیركەران بە هەموو توانایەكی سەربازی ، ماددی و هەواڵگری و چەك و جبەخانەی پێشكەوتوو و چەكی كۆمەڵكوژ و پیلانگێری وتیرۆر و گەلەكۆكەی نێودەوڵەتی نەیانتوانیووە ، دەست بە سەر ئەو ئاڵایەدا بگرن كە رەمزی بوونی نەتەوەیەكی خاوەن ماف و زیندوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئاڵای كوردستان پیرۆزترین رەمزی نەتەوەی كورد، هەمیشە شانازیت پێوە دەكەین و لە هەموو شوێنێكی جیهان لەگەڵمانیت.

لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە دوای مسته‌فا بارزانی رابه‌ری رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد ، كێ ئەوەندەی پێشمەرگە ،سەرۆك بارزانی توانیویەتی پێ پارێزانە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت و رەوتی مێژوو و دۆزە رٍەواكەی سەرەرای بوونی دەیان كۆسپ و تەگەرە و مەترسی بە قازانج و بەرژەوەندی میلەتەكەی پێشبخات. ئەوێ رۆژێ ئەگەر بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنی گشتیی لە هەرێمی كوردستان نەبوایە و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی بۆ كورد بونیات نەنرابان، كورد لە كوێی هاوكێشەكان دەبوو، شانازی دانانی بەردی بناغەی ئەم كیانە كوردییەی ئەمڕۆ ئاڵاكەی لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا لە پاڵ شانی راستی سەرۆكەكەی دەشەكێتەوە بۆ كێ دەگەڕێتەوە، جگە لە سەرۆك بارزانی. ئەوە سەرۆك بارزانی بوو بەردەبازی مێژووی نوێی كوردی گۆڕی و بە پێشنیاز و بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی لە 1992دا توانی خەباتی چەكداری شاخ بگۆڕێت بە خەباتی مەدەنیانەی كورد لەپێناو بنیاتنانی كیانێكی سیاسی ئەوتۆ كە لە هاوكێشەی نوێی سیاسەتی ناوچەكەدا حسابی ورد و گرنگی بۆ بكرێت.

ئاڵا ڕەمزێکی مەزنی هەر نەتەوە و خەڵک و کۆمەڵگایەکە، نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەکانی دیکە ئەو مافەی هەیە کە ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبێت. ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد لە بارەی ئاڵای كوردستانەوەو شێوازی ئاڵاكەو مامەڵەكردنی لەگەڵیدا بە یاسا رێكخست، كە ئەمە دەقەكەیەتی:یاسای ژمارە 14 ساڵی 1999

یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستان – عێراق

مادەی یەكەم: هەرێمی كوردستانی عیراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت پانیەكەی سێ یەكی درێژیەكەی دەبێت بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی‌و پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیەی پێكهاتووە:

1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.

2- لاكێشەی ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتی‌و ئازادی‌و دیموكراتی‌و لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.

3- لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ‌و سروشت‌و ژینگەی كوردستان.

4- لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوورو سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان‌و مەعریفەو هیواو گەشبینی، 21 تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوەو راپەرین‌و شۆڕش‌و رزگاری دژی زوڵم‌و ستەم‌و چەوسانەوە.

پەرلەمانی كوردستان ئەم رۆژەی وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكرد و هەمو ساڵێك لە 17ی كانونی یەكەم بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم رۆژی چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە ناوەندەكانی خوێندن و دام و دەزگا حكومییەكان ئەنجام دەدرێت. ئاڵای كوردستان پرە لە مێژووی پر شانازی و سەوەری و خۆراگری ڕەمزی گیانفیدایی و تێكۆشانی گەلی كوردە، هەر دەم شكۆ و سەروەری گەلێكە لە پێناو ئازاد و سەربڵندی و شەكاوە بوونی ئەو ئاڵایە لە ژێر سەخترین هەڵومەرجەكەكاندا توانیوێتی بەرگری لە شوناس و ئاڵاكەی بكات ، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و شۆڕشگێڕانی گەلەكەمانە، ئاڵایی كوردستان ، رەمز و سیمبوڵی هەموو كوردێكی ئازادیخواز و سەربەخۆیخواز و سەربەست ژینە . دیاریكردنی ئەم رۆژە پەیوەندی بە یەكەم هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە هەیە لە كۆماری مهاباد، كە لە 17 كانونی یەكەمی ساڵی 1946 و 75 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن پێشەوا قازی محەمەد،لە مەیدانی چوارچرا بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان هەڵكرا و لە شێوەداجیاواز بو لەو ئاڵایەی ئێستا بۆ كوردستان دیاریكراوە. مێژووی درووست بوونی ئاڵا بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە و کاتێک کە مڕۆڤە سەرەتاییەکان بۆ ناساندی دۆست و دووژمنی خۆیان لە پێستی حەویوان کەڵکیان وەر گرتووە و وەک ڕەمز و ڕەنگ و هێمای خۆیان پێناسەیان کردووە. لە مێژووی میسر،ی کۆندا هاتووە کە ئەوان لە دارێکی درێژ کە پەیکەرێکی ئاسنینی بەسەرەوە بەسترابووە، وەک هێما و ڕەمزی نەتەوەیی خۆیان کەڵکیان لێوەر گرتووە و پێناسەیان کردووە. بەڵام ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە پەڕۆ یان پارچە بکەین، ئەوا دەبێ بڵەیین کە چینی،یەکان و هیندی،یەکان یەکەمین خەڵک بوونە کە ئاڵایان لە پەڕۆ و پارچە ساز کردووە. لە یەکێ لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە کە 1100-1200 ساڵ پێش لەدایک بوونی مەسیح، چینی،یەکان لە ئاڵای پەڕۆ و پارچە کەڵکیان وەر گرتووە. دواتر یوونان،ییەکان و ڕوومییەکان ئاڵای پەڕۆ و پارچەیان بەکار بردووە، بەتایبەت لە کاتی ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتیدا وەک هێمای سەرکەوتن بەکاریان هێناوە. مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان سوور : هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا. سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە. سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە. زەرد : مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كوردە. له‌م ڕۆژه‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی ناوخۆیی و گیانی برایه‌تی و لێك تێگه‌یشتن و لێبورده‌یی وكاری هاوبه‌شی پێكه‌وه‌یی هه‌یه‌ له‌ چوار چێوه‌ی پره‌نسیپه‌ دیموكراسیه‌كان و یاسا به‌ركاره‌كان هه‌یه‌ . ئاڵا به‌ مانای ناسنامه‌و سیمبوڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌و هه‌رێم و گروپێكه‌ ، ئاڵای كوردستان ڕه‌مزی شۆڕشی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورده‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ ئاڵا به‌ شێوازو ڕه‌نگی جیاواز له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان مێژوویه‌كی هه‌یه‌ . ،ئاڵای كوردستان مێژوویه‌كی دووروو درێژی هه‌یه‌ و له‌ ده‌یان داستانی نه‌به‌ردی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌رگری لێكراوه‌ بوو هه‌میشه‌ بۆته‌ به‌رگی ده‌یان و سه‌دان ڕۆڵه‌ی نیشیمان شه‌هید بوونه‌ . مێژووییه‌كی دیكه‌ی پڕشانازی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و سه‌ركه‌وتنی لە رۆژی 25/9/2017 و بەشداریكردنی كوردستانیان بە ئاڵای كوردستانەوە و دەنگدان بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی ، جارێكی تر رۆحی زیندوو و بەرز راگرتن و گەیاندنی پەیامێك بوو بۆ هەموو دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان كە نەتەوەیی كورد لە ژێر هیچ گووشار و چەوساندنەوە و ستەمكارییەك ئامادە نییە دەستبەرداری بەدەسهێنانی مافەرەواكانی بێت ئەویش بەدەسهێنانی مافی دەوڵەتی كوردستان و ئەم ئاڵا پیرۆزە سمیبوڵی خۆنەچەماندن و بەرگریكردن لە كورد وكوردستان.. ئاڵای كوردستانیش لە دەستێكی ئەمین دا پارێزراوە ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.