ئایا ڕوسیا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئوکڕانیا؟
وەلید محەمەد
یەکێتی سوفیەت کە لە ووڵاتانی ( ڕوسیا، ئوکڕانیا، جورجیا، ڕوسیای سپی، ئوزبەکستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیستان، مولدوڤا، تورکمانستان، تاجیکستان، لاتڤیا، لیتوانیا، ئستونیا) پێک هاتبوو، لەدوای ڕوخانیشی لەساڵی ١٩٩١، ڕوسیا وەک گەورەترین ووڵات هەڵسوکەوتی کرد لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی لە یەکێتی سوفیەت جیابوونەوەو هەوڵی دا پێگەی خۆی بەهێزتربکات و ووڵاتەکان لە خۆیان نزیک بکاتەوەو ڕێگری بکات ببنە ئەندام لە (پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور) ناتۆ و یەکێتی ئەوڕوپا. هەرچەندە هەندێک ووڵات لە ژێر هەزموونی ڕوسیا دەرچوون و بوونە ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئەو کات ڕوسیا بێهێزبوو لەڕووی داراییەوە بۆیە نەیتوانی ڕێگری لەو هەنگاوانەی ئەو ووڵاتانە بگرێت و سەرکەوتوو بوون لە بوون بەئەندامانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.
لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکی ئێستای ڕوسیاوه ( فلادیمیرپوتن)، ڕوسیا بەهێزتربوو لەهەموو ڕوویەکانەوەو توانی پێگەکانی خۆی لە سەرانسەری جیهان بەهێزتربکات و خەونی ئەو ووڵاتانەی لەیەکێتی سوفیەتی پێشوو ئەندام بوون لەناو بەرێت و ڕێگری بکات لە ئەندامبوونیان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. هەر لەسەردەمی پوتن هێرش کرایە سەر جورجیاو هەردوو هەرێمی ئەبخازیاو ئوسیتیای باشوور لەلایەن ڕوسیاوە داگیرکران و هەر لەلایەن ڕوسیاشەوە تاک لایەنە وەک دوو ووڵاتی سەربەخۆو دانیان پێنراو دوو حکومەتی لایەنگری خۆی لەو هەرێمانەدا دامەزراند، لەئێستاشدا لەژێر کۆنتڕولی ڕوسیادان لەڕووی سەربازییەوە. هەروەها هەرێمی( قرم)یش لە ئوکڕانیا لەلایەن ڕوسیاوە کۆنتڕوڵکرا.
لەکاتی ڕوودانی شەڕیش لەنێوان هەردوو ووڵاتی ئەرمینیاو ئازەربایجان کەدوو ووڵاتی ئەندامی یەکێتی سوفیەت بوون ڕوسیا ڕولێکی گەورەی بینی و هێزی ئاشتی پارێزی ڕوسی لە نێوان سنووری هەروو ووڵات جێگیرکران و کوتایی بەشەری چەند ساڵەی نێوان هەردوو ووڵات هات. لەئێستاشدا هەواڵی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئوکڕانیا گەرمە، ڕوسیا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئوکڕانیا کۆنتڕول بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر لایەنگری ڕوسیا لە ئوکڕانیا هەن و حکومەتی ئێستای ئوکڕانیاش وەک پێویست خزمەتی هاونیشتمانیەکانی نەکردووەو زوربەی دانیشتوانی ئوکڕانیا پێیان باشە حکومەتی ئێستای ئوکڕانیا لەناوبچێت و بڕوخێت و حکومەتێکی لایەنگری ڕوسیا پێک بهێنرێت بو ئەوەی ژیانیان خۆشتربێت. ڕوسیا هێرش دەکاتە سەر ئوکڕانیاو حکومەتێکی لایەنگری خۆی دادەمەزرێنێت چۆنکە ئەم حکومەتە لایەنگری ووڵاتانی ڕۆژئاوایەو، یەکێتی ئەوڕوپاش وەک پێویست پشتگیری ئوکڕانیا ناکات و تەنها بو بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و لەڕووی ئابووریشەوە ووڵاتێکی بێهێزەو وەک پێویست گەشەی نەکردووە.
ڕوسیا هێرش ناکاتە سەر ئوکڕانیا ئەگەر حکومەتی ئێستای ئوکڕانیا پشت لە یەکێتی ئەوڕوپا و ناتو بکات و ڕوو لە ڕوسیا بکات و گوێ ڕایەلی ڕوسیا بێت، ئەم هەنگاوەش ڕێگری لەخوێن ڕشتن و شەڕ دەکات و بۆ ئوکڕانیاش باشترە، چۆنکە ووڵاتانی ڕوژئاوا ئوکڕانیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئوکڕانیا. ئەمەش ئەگەرێکی قورسە و زەحمەتە حومەتی ئێستای ئوکڕانیا ببێتە گوێ ڕایەلی ڕوسیاو پشت لە یەکێتی ئەوڕوپاو ناتو بکات.
- دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ..لێرە
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.