ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی دا
نەوزاد محەمەد
یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی ، فرە حزبی یە، بە مانای هەبوونی ژمارەیەک لە حزبی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا،
هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست خاڵێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەی سیاسی، کە زیاتر شەرعیەت دەبەخشێت.
واتا دیموکراسیەت جێگیر نابێت، ئەگەر لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا فرە حزبی و ئۆپۆزسیۆن لەخۆ نەگرێت.
ئەوەی گرنگە و پێویستی بە روونگردنەوە بێت ئەوەیە ..
- ئۆپۆزسیۆنی تەندروست چیە و بە کێ دەگوترێت ؟.
- ئایە لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست هەیە ؟.
ئۆپۆزسیۆن ئەو لایەنە سیاسیانە دەگرێتەوە، کە لە پاش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت دا ناکەن، چ بە هۆی کەمی رێژەی دەنگەکانیانەوە، یانیش لەگەڵ لایەنەکانی تر رێکناکەون لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە کۆتاییدا رێگەی بە ئۆپۆزسیۆن بوون دەگرنە بەر و بەردەوامی بە ئەرک و چالاکی سیاسی خۆیان دەدەن.
لەو چوارچێوەیەش دا، دەتوانن چاودێر بن لەسەر کارو چالاکیەکانی حکومەت، دەتوانن لە پەرلەمان پرۆژە پێشکەش بکەن، بە پێی یاسا دەتوانن ئامادەکاری بۆ گردبونەوەو خۆپیشاندان بکەن یان بەشداری بکەن، دەتوانن بەردەوامی بە کارو چالاکی سیاسی خۆیان بدەن.
بە مەرجێک ئەم چالاکیانە دەبێ لە پێناو سێ خاڵی سەرەکی بێت، یەکەم پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە وڵاتدا، دووەم زیاتر خزمەت کردن بە هاووڵاتیان، سێیەم پابەند بوون بە بنەما نەتەوەیی و نشتیمانیەکان.
لە ماوەی ٣١ ساڵەی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەن پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسی سەرکەوتوو بووە، کە بە قوربانیدانێکی زۆر بە دەست هاتووە.
لە هەمان کاتدا کەش و هەوایەکی لەبار و گونجاو لبەردەم لایەنە سیاسیەکان هەبووە ئازادانە کاری سیاسی خۆیان بکەن.
ئەوەی گرنگە بزانین ئایە هەرێمی کوردستان خاوەن ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست بووە و ئەو لایەنانەی ناوی ئۆپۆزسیۆن یان لە خۆ ناوە بە تەواوی بە ئەرکی سەر شانی خۆیان هەستاون لە پێناو پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و زیاتر خزمەتکردن بە هاووڵاتی ؟.
ئایە هیچیان زیاد کردووە کە شایەنی باس کردن بێت ؟.
لێرەش دا و بە پێی هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان و چۆنیەتی تێروانینیان بۆ پرۆسەی سیاسی و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ رووداوەکان، هەمومان کۆک دەبین لەسەر ئەوەی کە ئەم لایەنانە رۆڵێکی ئەرینی یان نەبووە و وەکو پێویست سوودیان لەو دەرفەتە وەرنەگرتووە کە هەوڵی ئەوە بدەن کارو چالاکیەکانیان لە پێناو پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکانی وڵات دا بن، بەڵکو زیاتر لە پێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و کەسی بووە و خوڵقاندنی بەربەست بووە.
- لایەنێک بە رۆژ لە ناو حکومەت و بە شەو لە ناو ئۆپۆزسیۆن بووە و داوای ئیمتیازاتیش دەکات !.
- لایەنێک ئیش و کاری نانەوی ئاژاوە و بە کوشت دانی ڕۆڵەی خەلکی بووە !.
- لایەنێک بە ناوی حزبی سیاسی و پرۆژەی خزمەتگوزاری، موڵکی گشتی داگیر کردووە و خەریکی خەڵک رووتکردنەوە یە !.
- لایەنێک بە ناوی حزبی سیاسی خەریکی سیخوری و جاشایەتی یە !.
ئەوەی هەمووشیان لە یەک چوارچێوەدا کۆ دەکاتەوە، دەستیان لە ئەجندای دەرەکی دا هەبووە و هەیە، لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد !.
ئەم هەڵوێستە نامۆیانە، دورن لە بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی، لە زیان گەیاندن بە ئەزمونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان هیچ مەبەستێکی تریان بە دواوە نیە، کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی هەندێک لە هەڵوێستەکانیان لە چوارچێوەی خیانەتی نەتەوەیی دان !.
ئەو دەستکەوتانەی ئێستای گەلی کورد، بە رووبارێک لە خوێن و کاروانێک لە شەهید و سەدەیەک لە قوربانیدان بە دەست هاتووە، پاراستنیشی ئەرکێکی سەرەکی یە و ناکرێت کەمتەرخەمی تێدا بکرێت.
ئەوەی پێویستە دەبێ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی بیر لە مەترسیانە بکەنەوە، بە پێی بڕگە یاسا، کاری حزبی و سیاسی رێکبخرێت، ئەم دیاردە ناتەندروستانە بنبڕ بکرێن، چیتر رێگە نەدرێت لە ژێر ناوی حزبێکی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەوە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.