سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران داوا دەکات، ئەمریکا بنکەی سەربازیی هەریر لە باشووری کوردستان چۆڵ بکات. میدیاکانی ئێران بەشێکی دیکە لە قسەکانی محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان بڵاوکردەوە کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو. باقری لە قسەکانیدا جگە لە هەڕەشەکردن لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، باسی پێگەی سەربازیی هەریری هێزەکانی ئەمریکاش کردووە و گوتوویەتی، تاران قبووڵ ناکات بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی هەبێت. باقری لە قسەکانیدا گوتوویەتی، بنکەی سەربازیی هەریر یەکێک لەو شوێنانەیە کە لەوێدا پیلان دژی ئێران دادەڕێژرێت و دەبێ کۆبکرێتەوە. سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەریر و هەروەها بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە بە تازەیی چالاکیی دیپلۆماسی و سەربازییان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەستپێکردووە. محەممەد باقری داوا دەکات، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارەگاکانیان بە یەکجاری کۆبکەنەوە و دەشڵێت، ئەگەر ئەوە نەکەن لە هیچ بنکەیەکدا ئارامی بەخۆیانەوە نابینن و ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر دەکەن. سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژە بەوەش دەدات “حکومەتی عێراق و هەرێمی باکووری عێراق لەبارەی بوونی ئەو بنکانە بەرپرسیارن و ناتوانن بڵێن کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەیان نییە و داواش بکەن کە ئێمەش کارێک نەکەین.” سوپای پاسداران رۆژی 08-09-2021 دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تاوەکو سێ رۆژ لەمەوبەر ناوبەناوە بەردەوام بووە. دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا دەڵێت، تۆپبارانەکانی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ژیان و ماڵی خەڵک زەرەری بەرکەوتووە. بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکا پێشتر بە رووداوی گوتبوو، “شەڕی چەکداریمان دەست پێنەکردووە و هێرشمان نەکردووە، ئەگەر دۆخێکیش روویدابێت ئەوە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری شەڕ بووە.. کار و چالاکیی خۆمان هەر بەو پێیەی تاوەکو ئێستا هەبووە، درێژەیان دەدەین”. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هیچ وڵات و لایەنێک هاوکارییان بکات یان بە دنەدانی وڵاتانی دیکە چالاکی بکەن و هاوکات دەڵێن، ئەوان کارێک ناکەن کە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانووی جۆراوجۆرە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت. هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 10-08-2021 دەستیپێکرد، کاتێک کە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەو حیزبانە کە هەرێمی کوردستان دەربکرێن بۆ ئەوەی ئێران دژیان “کردەی دەستپێشخەرانە” ئەنجام نەدات. لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و جارێکی دیکەش عەلی شەمخانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای دەرکردنی ئەوانیان کرد. سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 13-09-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: “لە کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکاندا ئەوەمان بە گوێی بەرپرسانی عێراقیدا هێناوە کە خاکی عێراق نابێت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کەڵکی لێوەربگیرێت”. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 07-09-2021 داوای لە وڵاتانی دەوروبەر کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و گوتی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی تەنگەژە و گرفتەکان لە ناوچەکە کەمببنەوە، هەروەها پشتگیری لە زمانی دیالۆگ دەکەن لە نێوان هەموو لایەنە ناکۆکەکان و هەوڵ دەدەین کێشە دروست نەبێت.
Sign in
Sign in
Recover your password.
A password will be e-mailed to you.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.