ئێمەی کورد جێهانێکی مەترسیدار

ئازاد نەسرەت


جیهانی ئەمرۆ بەگشتی بۆ مرۆڤایەتی جیهانێکی باوەڕپێکراو نییە . ترس بەشی دانەبڕاوی مرۆڤی سەردەمی جیهانی نویێە . ئەگەرەکانی هەڵگیراساندنی شەڕ ،تیرۆر، بێکاری ،برسیتی ، هەژاری ، کەوتنەمەترسی ژینگە وکەم بوونەوەی سەرچاوە ئیستراتیژیەکان دووپات نەبووەکان . لەلایەک و وشکەساڵی لەلایەکی دیکەوە لافاو و کارەساتەکانی ژینگەو تاڵان و تێکدانەكانی ژیانی مرۆڤ و مەترسیە مەزنەکانی سەر زەوی ، نابەرابەرییە ڕەگەزییەکان و زاڵبوونی وێژەمانی پیاو سالاریی و پەراوێزو شێواندن و چەوسانەوەی منداڵان و تێکدانی جیهانی بوون و ژیانیان . بەشێک لەو مەترسیە گشتیانەن ،کە مرۆڤی ئێستاو ئەم چاخە بەگشتی لە ژێرسێبەر و لەژێر دەسەلاتی سەرمایەی جیهانی و وێژەمانە زەبەلاحەکانیدا بەهەموو فۆرمێکیانەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە . لەم جیهانە قەیراناویی وپڕ ترسەدا کۆی کۆمەڵگای کوردی وهەموو تاکێکی کورد لەبەردەم چەپکە مەترسیەکەی تایبەتتر وترسناکتردایە، کە ترسی جیهان ژیان و کۆمەڵگای کوردی چەند بەرابەر کردووەتەوە . کەم نەتەوەی جیهان هەیە یا دەتوانین بڵێن دانسقیە ،کە وەک نەتەوەی کورد بەسەر چوار دوژمنی خۆیدا داباشکرابێت و هەرکام لەم بەشانە دۆستی دەسەڵاتە دووژمنەکانی بەشەکانی تربن .
کەم وا پێکهاتووە کە هێزی سیاسی و ڕووناکبیریی گەلێکی داگیرکراوی دابەشکراو، بەشێک بێت لە دنیا بینی و گوتاری دووژمنەکەی ، وە تەنانەت لەهەندێ بڕگەی زەمەنیدا هەڵگری هەمان وێژەمانی دووژمنەکەی بێت . ئەم دیاردە لەنێوکورددا ناشیرین و سوک بوونی نەماوە و دەڕوات کەلە لایەن هەندێ هێزی سیاسی کوردو لۆمپن ڕووناکبیرەوە ، وەک بەهاو باوەڕ و میکانیزمێک و فۆڕمێک لە چەمکی ڕزگاری و خەباتی نەتەوایەتی سەیر بکرێت وجێ بخرێت . شڵەژانی کۆمەڵایەتی و قەیرانی کولتووری و بنکۆڵ بوونی گوتار و وێژەمانی نەتەوەیی وکۆمەڵایەتی و داخزانی متمانە وقەیرانی ئابووری و تەشەنەکردنی برسێتی ، لەهەمان کاتدا گەڕانەوەیەکی پڕ مەترسی وکۆنەپەرستانەی گوتاریی ۰ لەکۆی ڕەهەندکاندا، بۆ مێژووی سەدەکانی بە مێژوو بوویی گەل و جیهان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەورانی زێرێنی مرۆڤ و ژیان لە مەترسیە هەرەمەزنەکانی کۆمەڵی کوردەوارین .
تاکی کورد ئەمڕۆ سەرەڕای ترسە گشتیەکانی سەرەوە لەبەردەم ئەم دۆخ و مەترسیانەشدایە ،کە بەیەکجاری جیهان ژینەکەی کردۆتە جیهان ژینی دڵەڕاوکێ و بێ ‌هیوایی و هەرەسهێنان و ڕووخانی تاکی کورد لە ڕووی گوتاریی و دۆڕانی چەمکی ڕزگاری و هیوا بە ئازادی و خەبات بۆ دادوەری . ئەم دۆخە کۆمەڵایەتیە ئەو دەم ترسەکەی مەزنترە کە دەبینین لە لایەن هەندێ هێزو لۆمپن ڕووناکبیرەوە بووەتە باو و هەوڵدەدرێت بکرێتە ویژەمانێک و لەجەستەی پڕ زیانی کۆمەڵی کورەوارید جێگیر بکرێت . هەرگەلێ چەمکی سەربەستی و ئازای و ڕابوون تا رسکانی دادوەری لەدەست بدات چەوساوەترین و دیل ترینە،کە مێژوو زۆر بێ بەزەیانە دەیسڕێتەوە.ئەمڕۆ بەڕاشکاوی دەبێت بڵێین کە ئێمەو جیهان ژینمان ڕووبەڕووی ئەم مەترسیە مەزنەیە، بۆیە جیهان ژینی کورد تا یەک ڕیزیما نەبێت و یەک گوتاری سیاسیمان لەنێو خۆماندا نەبێت جیهان ژینێکی سەرتاپا مەترسیدارە .

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی …

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.