ئەخلاق، وەک پێوەری ناسین

بڵندنەوڕەس

ئەخلاق ئەو بنەمایەیە کە هەمووان باسی دەکەن، بەڵام هەمووان پێوەی پابەند نابن!

ئەخلاق بە مانا باوە کۆمەڵایەتییەکەی نا، بەڵکو بە مانا پیشەیی و مۆڕاڵییەکەی دەڵێم.

یەکێک لەو بوارانەی لە کەرتی خوێندندا کێماسی تێدایە ئەخلاقە، کە دەبوایە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا بە شێوەی فراوان و گشتی بخوێنرایە و بەشێک بوایە لە میتۆدی پێگەیاندن.

دەبوایە پێوەر هەبوایە بۆ هەر کەسێک کە لە هەر بوارێکدا ئەرکی پێدەسپێردرێت و کاری خەڵک دەکەوێتە ئەستۆی.

ئەوانەشی لای کۆی خەڵک پێوەرن بۆ ئەخلاق، زۆربەیان پێوەری رووکەشتن و لە ئەنجامی بینینەوە هەڵدەسەنگێنرێن، لە کاتێکدا ئەخلاق پەیوەستە بە کەسایەتی و پەروەردەی تاکەوە و لە ئەنجامی مامەڵە و ناسینی دوور مەوداوە دەردەکەون.

هەمیشە جیاوازی پیشەیی هەلێکە بۆ ناسینی ئەخلاقی کەسەکان، چونکە لە کار و پیشەدا ناوەڕۆکی کەسەکان دەردەکەون و ئەخلاقی خۆیان بە جوانی رەنگدەداتەوە لە کەسایەتییاندا و لەو رێگەیەوە پێناسەی خۆیان دەکەن.

هەندێک جار کەسەکان ساڵەهای ساڵ لە بازنەی غەدرلێکراودا خۆیان دەبیننەوە و هەمیشە باس لە ئەخلاق و قیەم و مەبدەء دەکەن، بەڵام هەر کە هەلێکی کاتیی و تەنانەت چەند مانگیشییان بۆ هاتە پێشەوە، پشت لە خۆیان و لە رابردووی خۆیان و لە ئەخلاقی خۆیان دەکەن و لە غەدرلێکراوەوە دەبن بە غەدرکار!

ئەو کاتە رووندەبێتەوە کە ئەخلاق لای ئەو جۆرانە تەنها زەمینەیەکە بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، بەڵام چونکە پرەنسیپییان نییە بۆ خۆیان لە ژیانیاندا بێگومان دەگەڕێنەوە سەر رێچکە باوەکەی خۆیان، لاشییان ئاساییە جارێکی تر باس لە ئەخلاق و قیەم بکەنەوە!

ئەخلاق، یەکێکە لە گرفتە باوەکانی ئێستای زۆربەی کۆمەڵگەکان، قسەی جدی لەسەر دەکرێت و بە پەرۆشەوە لەسەری رادەوەستن، کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەن و مەترسییەکانیشی بە هەند وەردەگرن، بۆیە ئاساییە کارگوزارێک زۆر بە ئەخلاقتربێت لە پزیشکێک، یان بێ بڕوانامەیەک لە پرۆفیسۆرێک، یان پۆلیسێک لە لیوایەک … تاد.

کێشەی ناسینی ئەخلاق ئەوەیە کە زۆربەی جار ئەو کاتە دەردەکەوێت و دەناسرێت کە کەسەکان هەلیان پێدەدرێت لە بوارە جیاوازەکاندا، یان هەل بەدەست دەهێنن بە هەر رێگەیەکی ئەخلاقی یان نا ئەخلاقی بێت، ئەو کاتانەش پەرژینێکی درۆیینە دروست دەکەن بە دەوری خۆیاندا، بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەسەر ئەو بەد ئەخلاقییەی کە هەیانە لە کار و پیشە و مامەڵەدا.

ئەمەش وا دەکات درەنگتر وەک خۆیان بناسرێن لە لایەن کۆی خەڵکەوە، بەڵام هەمیشە کات و پشوودرێژی هەمووان دەردەخات و ئەخلاقییان بەرجەستە دەکات.

بۆ ناسینییان، ئەوانەی پێچەوانەی رابردووی خۆیان و قسەی خۆیان و بیری خۆیان بڕوای خۆیان مامەڵەیانکرد لە بواری پیشەییدا، ئەوانە بەد ئەخلاقن.


باس لە ئەخلاقی پیشەیی دەکەم، نەک ئەخلاقە باوەکەی سەرزاری خەڵک.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.