ئەزموونى هەرێمى کوردستان و ڕۆڵی هەرێمایەتی لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا


رێبوار حەمەلاو شوانى


رووداو و پێشهاتەکانى چەند ساڵى رابردوو و بەتایبەتى لە دواى رووداوەکانى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 ناوچەکە و جیهانى بردۆتە قۆناغێکى نوێیەوە و بەتایبەت بۆ دۆزى کورد کە سەد ساڵە بەەست ستەمکارى و داگیرکارییەوە ڕووبەڕووى سەختترین بارودۆخ و هەوڵى سڕینەوە ولەناوبردن بووەتەوە جێگەى بایەخ و ئومێدە کە بتوانێت سوود لەو هەڵومەرجە بە شێوەیەکى باش وەربگرێت.


لەو نێوەدا رۆڵى سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنى وردبینانە و شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانکارى و هاوکێشەکان توانیوێتى ڕۆڵێکى گرنگ لە بەرقرارکردنى ئاشتى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بگێرێت ، بەتایبەتى ڕۆڵى لە یەکتر نزیککردنەوەى ئەنقەرە و شام و لەگەڵ کوردانى باکوور و رۆژئاواى کورد و ئینجا ئەو نامەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانەوەى ئاراستەى پەکەکەى کرد و دواتر داواى لە سەرۆک مسعود بارزانى کرد کە ، کاریگەرى و رۆڵى خۆى لە نێوان ئەنقەرە و پەکەکە ببینێت بۆ چارەسەرى ئاشتیانە و بە ڕێگەى سیاسى تا کۆتایی بە چوار دەیەى شەڕى چەکدارى بێت .


ئینجا چارەسەرى دۆزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەى سووریا ، ئەوەش دواى سەردانى گشت هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان بۆ لایی جەنابى سەرۆک بارزانى لە پێناو چارەسەرى ڕیشەیی بۆ دۆزى کورد و بەدەستهێنانەوەى ئەو مافانەى کە دەیان ساڵە لە لایەن ڕژێمەکانى ئەسەدەوە نکۆڵى لێدەکرا ، ئێستا رۆڵى سەرکردایەتیی سیاسى

“گواستنەوەى ئەزموونى هەرێمى کوردستان لە توانیوێتى گەشەى ئابوورى وکەلتوورى و فرەیی سیاسى و ئاشتیی ناوۆیی تێیدا فەراهەم بکات”

هەرێمى کوردستان بە تایبەتى سەرۆک بارزانى و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و وڵاتانى زڵهێزى وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و ئەوروپا و کۆبوونەوە سەبارەت بە دۆزى کورد و چارەسەرى و کەمکردنەوەى گرژى و پێکدادانەکان ئاماژەیەکى روونن بۆ هەوڵى چارەسەرى ئاشتیانەى هەرێمى کوردستان
بەتایبەتى ، سەردانى ، مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمى و دیدارى و گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرى دەرەوە و دواتر سەرۆککۆمارى تورکیا لە پێناو چارەسەرى ئاشتیانە دۆزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان و باکوورى کوردستان ئاماژەیەکى روونن بۆ هەوڵ و تێکۆشان هەرێمى کوردستان بۆ ئاشتى و سەقامگیرى ناوچەکە .


ئەوەش ئەزموونێکى گرنگ کە هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دەبینێت ، چونکە مێژووى هەرێمى کوردستان لە عێراق و توانایی مامەڵەکردنى لەگەڵ گۆرانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کە سەریانهەڵداوە وایکردووە کە بتوانێت رۆڵى هەرێمایەتى بەرچاو ببێنێت بۆ کەمکردنەوەى گرژییەکان و لەیەکتر نزیکردنەوەى دیدگاکان نە تەنها لە نێوان کورد و وڵاتانى ناوچەکە بەڵکو لە نێوان ئەو و وڵاتانەى کە پەیوەندییان بە دۆزى کوردەوە هەیە ، هەروەها گواستنەوەى ئەزموونى هەرێمى کوردستان لە توانیوێتى گەشەى ئابوورى وکەلتوورى و فرەیی سیاسى و ئاشتیی ناوۆیی تێیدا فەراهەم بکات ، بۆیە ، دەتوانێت بەهەمان شێوە بۆ کوردانى رۆژئاوا و باکوورى کوردستانیش بەهەمان شێوە رۆڵ ببینێت .


لەو ڕووەوە سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان توانیوێتى پەپوەندییەکانى لەگەڵ هەموو وڵاتان و بەتایبەت عەرەبییەکان گەشەپێکات و لە ڕووى ئابوورى و سیاسى و گەشتیارى و پەرەپێدانەوە پەیوەندییەکانى بەهێزتر بکات و ئەوەش ئاماژەیە کە رۆژ بە رۆژ سەنگ و پێگەى کوردستان زیاتر بەرەو ئاستێکى باش لە رووى دیپلۆماسى و پێشکەوتن هەنگاو بنێت .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.