ئەفغانستان، شەڕەكە توندتر دەبێتەوە

زێ بادینان

هێزەكانی بەرگریی سەربە ئەحمەد مەسعوود كە ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبانن، شەوی رابردوو هێرشێكی توند و فراوانی هێزەكانی تاڵیبانیان تێكشكاند كە بۆ سەر ویلایەتی پانشێر كردبوویان، لەو شەڕەدا دەیان كوژراو و بریندار و دیل لە هێزەكانی تاڵیبان كەوتووەتەوە.

پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، گوتەبێژ بەناوی هێزەكانی بەرگریی ئەفغانستان رای گەیاند، لە هێرشێكی تاڵیبان كە مەبەستی بوو ویلایەتی پانشێر كۆنترۆڵ بكات، لە شەڕەكەدا 115 كوژراو و زیاتر لە بریندار لە تاڵیبان كەوتەوە و 35 دیلیش كەوتە دەستی هێزەكانمان.

گوتەبێژەكەی بەرگریی ئەفغانستان ئەوەشی گوت، جیا لە كوژراو و بریندار و دیل لە هێزەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان، هاوكات چەندان زرێپۆش و تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبێلی سەربازی تێكشكاون.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنیش تاڵیبان یەكەمین هێرشی بۆ كۆنترۆڵكردنی ویلایەتەكە ئەنجام دا، ئەمەیش دوای ئەوەی هێ.ەكانی ئەمەریكا بە یەكجاری لە وڵاتەكە كشانەوە.

ویلایەتی پانشێر كە تاكە ویلایەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانستان كۆنترۆڵیان كردووە و تاڵیبان نەیتوانیوە بچێتە ئەو ناوچەیە، ناوچەكە سەخت و شاخاوییە و سەتان ئەشكەوتی تێدایە كە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاسانی دەتوانن لەو ناوچەیە بەرگریی بكەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.