- زێ بادینان :
وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا جەخت لە مانەوەى هێزەکانیان لە عێراق دەکاتەوە، بەڵام لە چوارچێوەى دیالۆگى ستراتیژى نێوان واشنتۆن و بەغدا.
جیسیکا مانکنۆلتى، وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، پابەندن بەو بەڵێنانەى کە لەچوارچێوە دیالۆگى ستراتیژى بە عێراقیان داوە.
ئاماژەى بۆئەوەشکرد، هەماهەنگیان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەى دیالۆگى تەکنیکى سەربازى سەبارەت بە گۆڕینى ئەرکى هێزە سەربازییەکانیان بۆ مەشق و راهێنان و رێنمایى ئاڵۆگۆڕى زانیارى.
ماکنۆڵتى راشیگەیاندوە، پابەندین بە مانەوەى هێزەکانمان لەعێراق لەسەرداواى حکومەتى عێراق بۆ پاڵپشتى کردنى هێزە ئەمنیەکانى عیراق و هێزى پێشمەرگە لە شەڕى دژى داعشدا.
لێدوانى وتەبێژەکەى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە رۆژى پێنج شەممەى رابردوو حکومەتى عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوامە لەبارەى گۆڕینى ئەرکەکەیان لە کۆتایى ئەمساڵدا.
لە مانگى تەمموزى ئەمساڵدا ئەمەریکا و عێراق لە چوارچێوەى دیالۆگى ستراتیژیدا رێککەوتن لەسەر ئەوەى کە لەکۆتایى ئەمساڵدا ئەرکى هێزەشەڕکەرەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق کۆتایى بێت و ئەرکەکان بگۆڕێت بۆ پێشکەشکردنى راوێژ و ئەنجامدانى مەشق و راهێنان بە هێزەکانى عێراق.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.