«ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆڵ گێراندایە دژ بە تیرۆریستان»
ڕاژان عەبدولڕەحمان ستوونی
سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ھەر وڵاتێکدا لە ڕیزبەندی یەکەمدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە بە بێ بوونی سەقامگیری ئەمنی، سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی بە گشتی دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەوە و ھەموو شتەکان لە ئاراستەی ئاسایی خۆیان دەچنە دەرەوە؛ بۆیە سەقامگیری سیاسی و ئەمنیەت و ئارامی ھۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی وڵات و بەرەو پێشفەچون و گەشەسەندنی و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
کەواتە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان لە ھەموو ڕوویێکەوە بایەخێکی یەکجار زۆری ھەیە لەسەر ئاستی وڵاتاندا و مرۆڤایەتی بەگشتی و، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش ئەمڕۆ لە چەقی ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا بەدەر نیە و نەبووە لە ھەڕەشە و مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆریستان.
بۆیە تێکۆشانی بەردەوام پێویستە بۆ نەھێشتنی تیرۆر بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا زەرورتێکی حاشا ھەڵنەگرە و تا بێت بەرەی دژی بیر و ھزری توندڕەویی بەرفراونتر و بەھێزتر بکرێت بۆ بنبرکردنی ئەم ھەڕەشە گەورەیە کە بەروکی مرۆڤایەتی گرتووە بەگشتی و ناوچەکەمان بەتایبەتی.
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەسەر ئاستی عێراقدا بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی ھەمیشە لە ڕۆل گێراندایە. بۆ بەدواداچونی تیرۆریستان بە تایبەت سنورەکانی عێراق و ھەرێم و پاراستنیان بۆ دزەنەکردنی تیرۆر بۆ ناو عێراق لە سوریاوە بە تایبەتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیویەتی.
ھەتاکو ئێستاش تیرۆر ھەرەشەیەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە بەگشتی؛ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم ئەنجامیداوە لەم ماوەیە کە بووتە ھۆی لەناوچوونی سامناکترین و ترسناکترین تیرۆریست لە عێراقدا، لە ڕاستیدا کارێکی زۆر مەزن و گەورەیە، ھەرچەندە دەوڵەتی عێراق ئاماژەی بە ڕۆلی ئەنجومەنی ھەرێم نەداوە!،
بەڵام ئەمرۆ لە سەردەمی گلوباڵ دا ڕاستیەکان ناشاردرێنەوە، ئەوەتا بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا «دوناڵد تڕەمپ» لە ماڵپەری تایبەتی خۆی ستایشی ڕۆلی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم دەکات لەم ڕووەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سیمایەکی شارستانی جوانتری ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێمی ناسراو بە دژەتیرۆر و ترۆریستان، پێشانی جیھان و جیھانیان دەدات، ئەو ئەمنیەت و ئارامیەی کە ئەمرۆ لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە لە سایەی کارمەندە قارەمانەکان و تێکۆشەرەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە؛ بۆیە بە شانازییەوە دەڵێم ھەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.