ئەوەی بۆ عێراق ماوەتەوە، تەنها پاڵدانی عەرەبانەکەیەتی…!
∎بێستون ساڵەیی
بانکی ناوەندی عێراق و پارلەمانتارانی عێراق سەرقاڵی بیرۆکەو پێشنێارن بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی تووشی دیناری عێڕاقی هاتووە، ئەمە نیشانەی داروخانی دینار و ئابووری ئەم وڵاتەیە.
لە کوێی دونیا هەیە خۆت وڵات بیت دراوی تایبەتی خۆت هەبێت بەڵام بە دراوی وڵاتێکی تر مامەڵەبکەی ئەمە یەکێکە لەو پێشنیار یاخود بیرۆکانەی دەدرێتە پارلەمان بۆ پێشگیری لە دابەزانی زیاتری بەهای دینار..
ئەم جۆرە بیرۆکانە نیشانەی ئەوەیە ئەم وڵاتە لە مێژە ڕووخاوە، هەر بیرۆکەیەکیش بۆ بەرزکردنەوەی دیناری عێراقی وەکو ئەوە وایە حەب یاخود دەرزیێکی ئارامبەخش (مسکن) بە کار بهێنی بۆ دامرکاندنی ئەو ئازارەی پێت گەیشتووە،،
لە ڕاستیدا دەردەکە کوشندەیەو دەردێکی سەرەتانیە، ئەمەش لە ئەنجامی پشتگوێ خستنی مەترسیەکان و خەراپ بەکارهێنان و بەشە گرنگەکەشی دزین و بەتاڵنانبردنی داهاتی عێراقە لە لایەن ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن و بۆ پارێزگاری لە دزین و تاڵانبردنی پارەی ئەم وڵاتەش بانکی ناوندی عێراق دەکەن بە بیانو و دەیکەن بە دەسەڵاتداری یەکەم و کۆتایی بڕیارەکان کە گوایە بانکی ناوەندی سەربەخۆیی خۆی هەیە و بڕیاری دابەزاندن و بەرزکردنەوەی نرخی دراوەکان لە بەرپرسیاریەتی ئەودایە نەک حکومەت!
بەڵام پرسیار لێرەدایە ئایا حکومەت ئیشی چیە ئەگەر لە کاتێکدا بانکی ناوەندی بۆ قازانجی خۆی داهاتووی وڵات بخاتە مەترسی و برسیەتیەوە؟!
لە هەمانکاتدا ئەم دۆخە خەراپەی خەڵکی عێراق تێیکەتووە تاوانباری سەرەکی حکومەتی عێراقە، دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانیەکان بە تایبەت بەرامبەر دۆلار پرۆژەی خودی حکومەت بوو کە پارلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە هەر دۆلارێک لە ۱۲٥۰ دینار بۆ ۱٤٤٦ دینار جێگیر کرد، بە بیانووی دابینکردنی یەدەکی بانکی و ئەو کورتیەی کە لە کاتی ڤایۆسی کۆرۆنادا لە داهاتدا هەبوو پڕبکرێتەوە و ڕاشیانگەیاند کە ئەم دابەزاندنی نرخی دینارە تا زیاتر لە پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت…
∗ هەر بۆ زانیاری….:
لە ساڵی ۱۹۹۷ ،( ٦ )کرۆنی سویدی بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکی بوو، ئەم نرخە لە ماوەی دە ساڵدا یان وەکو خوی بوو یان بەشێوەیەکی کەم گۆڕانکاری بەسەردا دەهات، لە ئێستادا کە چەند ڕۆژێکیتر نزیک دەبینەوە لە ساڵی ۲۰۲۳ نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 9.59 کرۆنی سویدیە… واتە لە ماوەی ۲٦ ساڵدا تەنها ۳٫٥۰ کرۆن جیاوازی گۆڕانکاریەکەیە…
خاڵە گرنگەکە لێرەدایە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، خاوەن داهاتێکی زۆر ، خاوەن شارستانیەتێکی لە مێژینە، خاوەن بلیمەت و بیرمەندانی لە مێژینە، خاوەن مێژوویێکی کۆن لە دروستبوونی شارستانیەت، بەڵام خاوەنی خۆی نییەو سوکانەکەی لایەکی بەدەستی شەرقە، لایەکەی دیکەش بە دەستی غەربە، واتە ئەوەی بۆ عێراق ماوەتەوە تەنها پاڵدانی عەرەبانەکەیە….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.