بابەکر زێباری، داعش کۆتایی نەهاتووە

چەند ناوچەیەکی عێراق چەکدارانی داعش دەرفەتیان لە بۆشاییی ئەمنی وەرگرتووە بۆ جووڵەکردن و ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، داعش ھەندێ ناوچەی کردووەتە سەربازگە و پێویستە بۆشاییی ئەمنی پڕ بکرێتەوە.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “داعش کۆتاییی نەھاتووە، بەڵام شوێنی مانەوەیان زۆر نەماوە، بەداخەوە ھەندێ ناوچەی سوننەنشین بووەتە ھێلانەی چەکدارانی داعش و تێیدا گەشە دەکەن و چالاکیی سەربازییان ھەیە، واتە دەرفەت بۆ داعش پەیدا بووە لە ھەندێ ناوچەی عێراق کە تێدا مەشق و ڕاھێنان بکەن و لە ڕووی ماددییەوە ھاوکاری کۆ بکەنەوە و خەریکی خۆبەھێزکردنن.”

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم دەشڵێت: “چەند ھۆکارێک ھەن بۆ ئەوەی داعش بەھێز بێتەوە؛ ھۆکاری یەکەم، ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی و نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لە ھەندێ ناوچەیە، ھۆکاری دیکە، ھاوکاریی عەرەبی سوننەیە بۆ داعش، چونکە خەڵکێک متمانەی بە حکوومەتی عێراق نەماوە و ھاوکار و ھاوسۆزی داعشن.”

بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لەگەڵ بەغدا ئێمە خەریکی ئامادەکردنی دوو لیوای سەربازین بۆ ئەو ناوچانە، بێگومان ئەو دوو لیوایە ناتوانن ئەو ھەموو بۆشاییی ئەمنییە پڕ بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییان دەبێت لە کێوماڵکردنی ناوچەکە و دەرکردنی ھێزی گەڕۆک بۆ لەناوبردنی داعش، بەڵام پێویستە ھێزێک لەو سنوورە جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ چەکدارانی داعش نەمێنێت.”

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.