بزمارێکی تر لە تابوتی عیراق درا

نەوزاد محەمەد

لە رۆژی ٢٦ی گوڵانی ٢٠٢٢، پەرلەمانی عیراقی فیدڕال یاسای دژی ئاسایی بونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی تێپەڕاند و پەسەند کرد و بە تاوانێکی گەورە و سزای لە سێدارەدانی بۆ دیاری کرد.

ئەگەر پێداچونێک بە دۆخی سیاسی ناوچەکەدا بکەینەوە، بۆمان روون دەبێت کە بڕیارێکی لەم جۆرە و لەم کات و ساتەدا لە بەرژەوەندی عیراق دا نیە.

نەک تەنها بۆ عیراق، بەڵکو هەر وڵاتێکی ناوچەکە ئەگەر کار بۆ پاراستنی پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکانی و بەژەوەندیەکانی بکات، ئەوە بڕیارێکی لەم جۆرە پەسەند ناکات و بیریشی لێ ناکاتەوە.

کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بە گشتی نیگەرانە لەم هەڵوێستەی پەرلەمانی عیراق، بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا بەتوندی ئیدانەی ئەم بڕیارەیان کرد، بە دژی ئازادی و مافی ڕادەربڕین و ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە وەسف کرد.

ئیسرائیل بە لای خۆیەوە و لە بەیاننامەیەکدا ئەو بڕیارەی بە دور لە واقع ناساند.

پەرلەمانی عیراقی فیدڕاڵ لە کاتێک دا ئەم بڕیارەی پەسەند کرد کە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکە کار لەسەر هەخشە رێگای بەرەو ئاسایی کردنەوەو دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن، کە بەرەی عەرەبی و رێکەوتنی ئیبراهیم دوو پردی ئەم هەوڵانەن، هەروەها هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر یەک لە تورکیا و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل لەم چوارچێوە دایە.

لەسەر ئاستی عیراق و لەبەر چاو گرتنی پەیوەندییە دیبلوماسی و دور کەوتنەوەی عیراق لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و چەقبەستۆی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کێشە ئابوری و ئەمن و ئاسایش و هەبوونی گروپە جۆراوجۆرەکانی لادەر لە یاسا و بەستراو بە ئەجندای دەرەکی، ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پەسەند کردنی ئەم بڕیارە خزمەت بە ئایندەی عیراق و پەیوەندیەکانی ناکات.

ئەوەی تێبینی دەکرێت و بە پێی هەژمونی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە عیراق بە ڕێگای گروپە وەلائیەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە، ئەم بڕیارە تەنها بە بەرژەوەندی ئێران دایە و بەشیکە لە سیاسەتی گشتی ئێران، واتا بڕیاری پەسەند کردن سەرەتا لە ئێرانەوە دەرچووە و وەکو فەرمانێک ئاراستەی عیراق کراوە.

هەر خودی دەستێوەردانەکانی ئێران هۆکاری سەرەکین لە لەدەست دانی سەروەری و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و فەوزای ئەمن و ئاسایش داڕمانی ژێر خانی ئابوری لە عیراق و نەبونی حکومەتێکی باڵا دەست.

ئەوەی لە پەرلەمانی عیراق بڕیاری لەسەر دا، بزمارێکی تر بوو بە خواستی ئێران لە تابوتی عیراق درا و زیاتر لە مەرگ نزیکی کردەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.