بنەماڵەی قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر وەڵامی عومەری سەید عەلی دەدەنەوە

بنەماڵەی قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر وەڵامی عومەری سەید عەلی دەدەنەوە
زێ بادینان :
ھەردوو بنەماڵەی قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر وەڵامێکی توندی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەنەوەو ڕایدەگەیەنن، “پێدەچێت ڕێکخەری ئێستای گۆڕان لەڕێگەی تۆمەت ھەڵبەستن بۆ ھاوڕێکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی، بیەوێت لەیەککاتدا ھەم دڵی دەسەڵات ڕازیبکات‌و ھەمیش شەرعیەت بدات بەتەوریسی سیاسی”.

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ شارپرێس نێردراوە ھەردوو (شیلان ڕۆستەم)و (بەیار عومەر) بەناوی بنەماڵەی (قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر)ەوە وەڵامی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان داوەتەوەو ڕایانگەیاندوە، “لەم ڕۆژانەدا (ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان) لەکۆبونەوەیەکی حزبیدا کۆمەڵێک تۆمەتی خستۆتە پاڵ (قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر)”.

ئەوەشیان ڕاگەیاندوە، “قادری حاجی عەلی کۆچی دوایی کردوەو ملازم عومەریش تەمەنی ھەڵکشاوەو لەساڵی ٢٠٠٠وە دەستی لەکاری حزبی‌و حکومی کێشاوەتەوەو ھیچ پەیوەندیەکی بەکاری سیاسیەوە نەماوە”.

لەو ڕوەشەوە جەختدەکەنەوە، “ئێمە (شیلان ڕۆستەم)و (بەیار عومەر) بەپێویستمانزانی لەبری ھەردوکیان وەڵامی ڕێکخەری ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بدەینەوە، چونکە بەناڕەواو نادروست ناوی ئەوانی ھێناوە لەکۆبونەوەیەکی حزبیدا لەگردی زەرگەتە”.

پێیانوایە، “پێدەچێت ڕێکخەری ئێستای گۆڕان لەڕێی تۆمەت ھەڵبەستن بۆ ھاوڕێکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی بیەوێت لەیەککاتدا ھەم دڵی دەسەڵات ڕازیبکات‌و ھەمیش شەرعیەت بدات بەتەوریسی سیاسی”.

نوسیویانە، “ڕێکخەری ئێستای گۆڕان دەڵێت گوایە” ملازم عومەرو قادری حاجی عەلی داوایان لەکاک نەوشیروان کردوە گردی زەرگەتە بکرێت بەناویانەوە، ڕاستی بابەتەکە بەمشێوەیەیە؛ مام جەلال گردی زەرگەتە تەنھا دەدات بەخودی کاک نەوشیروان، بەڵام کاک نەوشیروان پێی باشبوەو ویستویەتی ھاوڕێکانی لەگەڵدابێت بۆ پڕۆژە سیاسیەکەی”.

زیاتر لەوبارەیەوە دەڵێن:”لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٧دا، دوای وازھێنانی کاک نەوشیروان لەیەکێتی، گردی زەرگەتە لەمام جەلال وەردەگرێت، پێشنیازدەکات کە زەویەکە بکرێت بەناوی خۆی‌و محەمەد تۆفیق ڕەحیم‌و ملازم عومەرو قادری حاجی عەلی‌و سالار عەزیزەوە”.

باس لەوەشدەکەن، “بەڵام (قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر) ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردۆتەوە، لەبەرئەوەی لەدوو بنەماڵەی خانەدان‌و چاوتێرەوە ھاتون، بێگومان ھاوڕێیانی تریش ھەڵوێستی جوانی خۆیان نیشانداوە، قادری حاجی عەلی وتویەتی ناکرێت ئەو زەویە بخەینەسەر خۆمان، چونکە لەدوای مردنمان دەچێتەسەر منداڵەکانمان‌و چەندین ساڵی خەبات‌و شۆڕشمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو ئەو ڕێزو تەقدیرەی ھەمانە لەدەستی دەدەین”.

سەبارەت بەھەڵوێستی ملازم عومەریش نوسیویانە، ناوبراو بەکاک نەوشیروانی وتوە:”با زەویەکە بەناوی کەسمانەوە نەبێت‌و تەنانەت بەناوی جەنابیشتەوە نەبێت‌و بکرێت بەوەقف‌و بخرێتەسەر زانکۆی سلێمانی‌و یاخود بکرێت بەموڵکی ھەموو زانکۆکانی کوردستان، ئەوکات زەوی ناچێتەسەر منداڵی کەسمان‌و جەنابیشت‌و ھەموومان بەسەربەرزی دەچینە مێژوەوە”.

سەبارەت بەھەڵوێستی نەوشیروان مستەفاش ئاشکرایانکردوە، “کاک نەوشیروان ئەوەش ڕەتدەکاتەوە، سەرەنجام ملازم عومەر زویر دەبێت‌و بەکاک نەوشیروان دەڵێت کاری سیاسیتان لەگەڵ ناکەم‌و وەکوکەسێکی خانەنشینی بێلایەن دەمێنمەوە، بەڵام ھەرکاتێک پێویستت بەمن بوو لەخزمەتتدا ئەبم‌و وەکو ئەوەی لەسەردەمی شاخ‌و پێشمەرگایەتی بەرپرس‌و ھاوڕێم بویت، ھەرگیز لەوەختی تەنگانەدا پشتت بەرنادەم، قادری حاجی عەلی‌و ملازم عومەر ئەم بابەتەیان بۆ ژمارەیەک لەھاوڕێکانیان باسکردوە کە زۆربەیان لەژیاندا ماون”.

زیاتر لەوبارەیەوە نوسیویانە، “لەدوای ڕوداوەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، لەوکاتەی کە پارتی دەیانەوێت پەلاماری گردی زەرگەتەو کاک نەوشیروان بدەن؛ ملازم عومەرسەرباری ئەوەی کاری سیاسی لەگەڵ کاک نەوشیرواندا ناکات، دەچێت بۆ لای مام جەلال بۆ نێوەندگیری، بۆ ئەوەی ھێزەکانی یەکێتی ڕێگەنەدەن پارتی بێنە ناو سلێمانیەوە”.

جەختدەکەنەوە، “مام جەلال لێیدەپرسێت‌و دەڵێت ئەگەر پارتی پەلاماری کاک نەوشیروان بدەن، تۆ چی دەکەیت؛ ملازم عومەر لەوەڵامدا دەڵێت قەناسە کۆنێکی سەردەمی پێشمەرگایەتیم ھەیە، بەو قەناسەوە دەچم بەرگری لەکاک نەوشیروان دەکەم، چونکە بەدرێژایی چەندین ساڵ ھەم بەرپرس‌و ھەم ھاوڕێم بووە، دوای ھەوڵ‌و ماندوبونێکی زۆر ڕێگە بەپارتی نادرێت بێنە ناو سلێمانیەوە”.

ھەروەک ئاماژەیان بەوەشکردوە، “سەبارەت بەوەی کە گوایە ھاوڕێکانی کاک نەوشیروان داوای پارەیان لەمام جەلال کردبێت، قسەیەکە جگە لەتۆمەت ھەڵبەستن‌و قسەی ناڕاست، ھیچی تر نییەو ھیچ قورساییەکی نییە”.

لەو ڕوەشەوە داوادەکەن، “سوپاسی ھەرکەسێک دەکەین ئەگەر بەڵگەیەکمان بداتێ کە ھەرکەس لەھاوڕێکانی کاک نەوشیروان پارەیان لەمام جەلال وەرگرتبێت، ئەوەی وەرگیراوە تەنھا ئەو ١٠ ملیۆن دۆلارەیە، کە کاک نەوشیروان خۆی بەئاشکرا لەوتارو چاوپێکەوتنەکانیدا باسیکردوە لەمام جەلالی وەرگرتوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی میدیایی‌و ڕۆشنبیری کە دوایی گۆڕا بۆ پڕۆژەیەکی حزبی سیاسی پەرلەمانی”.

نیگەرانی ئەو دوو بنەماڵەیە نیشاندراوەو وتویانە، “بەداخەوە بۆ ڕازیکردنی دڵی دەسەڵات‌و شەرعیەتدان بەتەوریسی سیاسی‌و خۆئامادەکردن بۆ ھەڵمەتی پێشوەختی ھەڵبژاردن، ڕێکخەری ئێستای گۆڕان ھەوڵی تۆمەت ھەڵبەستن‌و شکاندنی ھاوڕێکانی دەدات، ئەو ئازادە چۆن دەیەوێت موخاتەبەی کادرانی حزبەکەی‌و خەڵک بکات، بەڵام ناتوانێت مێژوو پێچەوانە بکاتەوەو مێژوی ھاوڕێکانی ناشرین بکات”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.