بۆمبی دیموکراسی ؟
نەوزاد محەمەد
لە جیهانی سیاسەت دا، ماوە ماوە دەبینین دەستەواژەیەک یان ئیدیەمێکی نوێ زیاد دەبێتە ناو فەرهەنگی سیاسیەوە، ئەم دەستەواژانە گوزارشت لە جۆرە سیاسەت و پەیرەو کردنی پلانێک دەکەن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێک و دواتر دەکەوێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
باوترین دەستەواژە لەم سەردەمەدا، دەستەواژەی دیموکراسی یە، کە بە دەیان پێناسە و شیکردنەوەی بۆ کراوە، هەموشیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دیموکراسی واتا دەستهەڵاتی گەل، یەکسانی، ئازادی، ماف، ئاشتی، پێکەوە ژیان و برایەتی.
کە واتا دیموکراسی پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بنەما کە کار دەکەن بۆ فەراهەم کردنی ژیانێکی ئارام و گونجاو بۆ مرۆڤایەتی و لە هەمان کاتدا دوورە لە هەر رەفتارێکی توند و نەگونجا کە زیانی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت.
تا ئێرە هەموو شتێک روون و ئاسایی یە ..
بەڵام کە لە لایەن فەرمەسونێکی نەزان و نەفامەوە هەوڵ بدرێت دەستەواژەیەکی بە ناو ” بۆمبی سیاسی” بخزێندرێتە ناو فەرهەنگی سیاسیەوە و پێی وابێت توانیویەتی ئاڤراندنێک بکات و یان پەیامێک ئاراستە بکات، ئەوەیان دبێتە مایەی سەرسورمان و پێویستی بە لەسەر ڕاوەستان دەبێت، بە تایبەت کاتێک ئەو فەرمەسۆنە خۆی لە چوارچێوەی حزبێکی سیاسی بە دروشمی سوشیال دیموکراتەوە دا بێت.
دیموکراسی هەر چیەک بێت، بەڵام بۆمب نیە، چونکە بۆمب تەنها زەرەو زیانی بۆ مرۆڤ و ژینگە هەیە کە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی ناگونجێت.
وەکو دیارە ئەم فەرمەسۆنە و سوشیال دیموکراتەکەی بە هەڵە لە دیموکراسی گەیشتون و پێویستیان بە بەخۆداچونەوە هەیە.
دەگەڕێینەوە بۆ پەیامە مێژوویەکەی جەنابی ڕابەر و سەرۆک بارزانی لە کاتی رزگار کردنی شنگال کە فەرموی “لوغمەکان پوچەل دەکەینەوە”.
ئێستاش دەبێ ئەوە بزانن کە بۆمبەکەیان هەر لە سەرەتاوە نەزۆکە و ناوگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمەی جیهانی دیموکراسی و لە هیچ سەردەمێکیش جێگای نابیتەوە، هەر هەوڵێکیش بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و دوور کەوتنەوە لە واقعی سیاسی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان سەرناگرێت و پوچەل دەکرێتەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.