بۆ سلێمــانــــــی…………

∎بێستون ساڵەیی

ئەکادیمیەکان، ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و بزنسمانەکان، ئاخۆ هەرگیز لەخۆیان دەپرسن سلێمانی بۆچی سیمای گۆڕاوە…؟!
ئاخۆ دەپرسن شارێک شاری ڕۆشنبیران بێت، ئەم هەموو چەقۆکێش و مافیایانە چی دەکەن لە ناو جەرگەی شار؟

کێن ئەوانەی بۆ سلێمانی کێشەو ئاژاە دەنێنەو؟ کێن ئەوانەی سیما جوانەکەی سلێمانیان شێواند؟ کێن ئەوانەی خەریکە سلێمانی وەکو کابولی لێ دەکەن؟
کێن ئەوانەی شاری بابان دەکەن بە شاری تاڵیبان؟
کێن ئەوانەی سلێمانی وەکو کۆمارێکی ئیسلامی نیشان دەدەن؟
کێن ئەوانەی سلێمانیەکەی شێخی نەمر، پیرەمێرد، سالم و کوردی و قانع و بێکەس و شێرکو خەریکە لە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری دادەماڵێنن؟
ئەوانە کێن لە سلێمانی دەخۆن و ناشرینی دەکەن، ئەوانە کێن هەرچی جوانی ئەو شارەیە ونیان کردووە؟
کوا ئەو سلێمانییەی جاران گەڕەکەکانی بۆنی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لێ دەهات؟
کوا ئەو سلێمانییەی خەڵک خوێندەوارو هونەرمەندو هونەردۆست بوون؟
سلێمانیەکەی جاران شوێنی پیاوچاکان و شێخ و زاناکان بوو، ئێستا ئیرهابی فکری و بیری داعشی بەربەری شاری تەنیوە، بۆچی؟!
کوا ئەو سلێمانییەی کە خاوەنی حەپسەخانی نەقیب و ناهیدەی شێخ سەلام بوو ….؟!
کوان ڕەسەن و بنەماڵە جوانەکانی شار ؟
بۆ دەنگ هەڵنابڕن و نایەنە دەنگ؟
سلێمانی مەدۆڕێنن ، لەژێر دەستی ئەم و ئەو دەریبێنن و ئەو شارە زیندوو بکەنەوە، بیهێننەوە سەر ڕێچکە کۆنەکەی خۆی…

تەماشای ڕوژهەڵات بکەن لەوێ ئافرەتێک بووە ڕەمزی ژیان و ئازادی، بوو بە ڕەمزی شۆڕشێک، لەوێ دەڵێن ئەگەر بتەوێ پیاو بێت سەرەتا دەبێ ژن بیت، بە پێچەوانەی شارێک کە ناوی شاری ڕۆشنبیرانی لێ نراوە، شاری بیرو شعرو نووسین و کۆمەڵێک لە شاعرە بناوزانگەکانی کوردە لەم شارەدا ژن حەیای دەبەن، ئەتک دەکرێ، سوکایەتی پێ دەکرێت وەکو دڕندە و ئاژەڵی برسی پەلاماری ئافرەت دەدرێت…
کێ فێری کردن گەنجەکان وا بن؟؟
کێ فێری بێ ڕێزی و سووکایەتی کردن بە ئافرەتی کردن، ئەمە بێ بەڕییە لە ڕەوشتیی کوردی، ئەمە بێ بەرییە لە سلێمانییەکانی ڕەسەن، ئەم ڕەوشتە هی بەربەری و ئاخووندەکانن، ڕەوشتی ئەوانن ڕۆژانە بە دەیان کچ و کوڕ لە یەر دەربڕینی ئارەزوو و حەزەکانیان لە سێدارە دەدەن…
سلێمانیەکەی جاران نە لە گەڵ ئیرهابی فکری و نە لەگەڵ عەمامە بەسەرە ئاخووندییەکان یەکیان دەگرتەوە، سلێمانی جوان بوو بەداخەوە ئەو شارە جوان و نازدارەی کوردستان ناشرینکرا، ئەەمە ئەنجامی ڕادەستکردنی سلێمانی و خۆبەدەستەوەدانە بە نەیاران و دوژمنانی کورد…

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.