بەرپرسی لقی ۱٦ی پارتی “ئێمە خۆمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین

“کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە خەمی خەڵکدایە و بەردەوامە لە کاروانی ئاوەدانی لە ھەموو ناوچەکاندا، ئێمەش ھەمیشە لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا دەبین و داواکاریی خەڵکی خۆمان دەگەیەنینە حکوومەت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکرێت”.

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، وەکو لقی ١٦ی پارتی لە سنووری دەوروبەری ھەولێر، ھەمیشە پردێکی بەھێز دەبین بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵکی خۆمان و خۆشمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین، ھەر بۆیە داواکاریی خەڵک بە حکوومەت دەگەیەنین و حکوومەتیش بەپێی توانا داواکاریی خەڵکی خۆمان جێبەجێ دەکات و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات.
ئاری نانەکەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لە کابینەکانی ڕابردووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لەم کابینەیەدا، خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشیوە، بۆیە ئێمەش ھەمیشە خۆمان بە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵک دەزانین و بووینەتە پردێک بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵکی خۆمان”.
نانەکەلی گوتیشی: “پێش دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای ھەولێر ئەنجام درا و بڕیار درا کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە ئەنجام بدرێن، کە بێگومان ئەمە جاری یەکەم نییە و کۆتاجاریش نابێت، چونکە کاری ئێمە وەکو حیزب ئەوەیە کە داواکاریی خەڵکی خۆمان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگەیەنین، بۆ ئەوەی بۆیان جێبەجێ بکرێن”.
بەرپرسی لقی ۱٦ی پارتی ڕوونیشی کردەوە: “ئێمە خۆمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین و ئەوان کە متمانەیان بە ئێمە بەخشیوە، دێن داواکاری ئاراستەی ئێمە دەکەن، ئێمەش بە ئەمانەتەوە داواکارییەکان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییەی ھەمانە، دەگەیەنین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەپێی توانا داواکارییەکانی خەڵکی خۆمان جێبەجێ دەکات، ئەمەش متمانەی نێوان ئێمە و خەڵک زیاتر دەکات و دەبێتە ھۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی زیاتریش لە سنووری ئێمە ئەنجام بدرێن”.
دەشڵێ: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە خەمی خەڵکدایە و بەردەوامە لە کاروانی ئاوەدانی لە ھەموو ناوچەکاندا، ئێمەش ھەمیشە لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا دەبین و داواکاریی خەڵکی خۆمان دەگەیەنینە حکوومەت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکرێت”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای گەیاندنی داواکاریی خەڵکی سنووری دەوروبەری ھەولێر لەلایەن لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بڕیار درا بە تەرخانکردنی بڕی ٣٣ ملیار و ٥٢٥ ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پڕۆژە لە بوارەکانی ئاو و کارەبا، ڕێگاوبان، قوتابخانە و کەرتی تەندروستی، کە بڕیارە ئەو پڕۆژانەش لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

٢٤ـی ٧ـی ٢٠٢٤

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.