Site icon زێ بادینان

بەغدا و پیلانێکی تری دارێژراو لە دژی هەولێر موچە وەک کارتی گوشار

ڕاژان ستونی

هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی دان پێدانراوە لەنێو دەستوری هەمیشەیی عێراقدا و بەپێی دەستور هەرێمی فیدراڵی کوردستان هەموو ئەو مافانەی هەیە کە حکومەتە فیدراڵیەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیانە لە چوارچێوەی حکومەتی ناوەندیدا.

شایانی باسە سیستەمی فیدراڵی بە بێ بوونی ئەقڵیەتی دیموکراسی لەو وڵاتانەدا کە بڕوایان بە دیموکراسیەت نیە و هزری ناوەندگەرایی زاڵە بەسەر نۆخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا فیدراڵیەت وەک بەشێک لە کولتوری دیموکراسی پێیان هەرز ناکرێت و بە توندترین شێوە دژایەتی دەکەن.

ئەوە هەر لە ساڵی 2014 وە حکومەتی بەغدا پیلان لە دوای پیلان دژی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت بە ئامانجی لەنێوبردنی قەوارەی فیدرالی هەرێمەکەمان و لەسەر بنەمای هزری ناوەندیەتی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن.

بەغدا لە ماوەی ئەم یازدە ساڵەدا پیلانەکانی لە ڕووی سەربازی، ئەمنی، ئابوری و دارایی، سیاسی و..هتد جێبەجێ کردووە؛
سەرەڕای هەموو ئەمانەش حکومەتی هەرێم هەمیشە ڕێگای گوفتوگۆ چاڕەسەری ئاشتیانەی هەڵبژاردووە و بە سینگێکی فراوان مامەڵەی لە گەڵ بەغدادا کردووە.

بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە و، نیە و لە هەموو قۆناغەکاندا ئەگەر ڕێکەوتنیش کرابێت ڕێزیان لە واژووی خۆیان نەگرتووە و پاشگەزبونەتەوە و هەرجارە بیانویەکی ناڕەوا دەدوزنەوە بۆ ئەوەی بەربەستێک دروست بکەن لەسەر ناردنی موچەی موچەخورانی هەرێمی کوردستان نمونەش ئەم ڕێکەوتنەی ئەمجارەیە کە بەغدا دوای پەسەندکردنی لێی پەشیمان بویەوە.

بە بڕوای خۆم پیلانگێڕیەکە زۆر لەوە گەورەترە و درێژ دەبێتەوە لە حکومەتی سودانی و وەزیرە داراییەکەی تەیف سامی بۆ چوارچیوەی هەماهەنگی و لەوێشەوە بۆ دەوڵەتێکی هەرێمی بە هاوکاری چەند لایەنێکی عێراق و ناوخۆی هەرێم؛

کەواتە پرسەکە بە سیاسی کراوە و مەبەسەتی یەکەم و کوتاییان ئێستا دەیانەوێت قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بڕوخێنن و بە نەناردنی موچەی فەرمانبەران ڕای گشتی بوروژێنن لە دژی حکومەت و حکومەت بڕوخێنن.

لە کۆتاییدا زەرورە بلێین، قەوارەیەکی فیدراڵی چۆن دەتوانێت لەگەڵ عەقلێکی نادیموکراسی واتە مەرکەزی هەڵ بکات کە دەیەوێ لە ڕیشەوە قەوارەکە بسڕێتەوە و نەهێلێت؟،
بەڵام هەموو رژیمەکانی عێراق لە فەیسەلی یەکەمەوە تاکو ئەمڕۆ نەیانتوانی ئیرادەی سیاسی کورد تێک بشکێنن، حکومەتی ئێستای عێراقیش و هەموو ئەوانەی کە لە گەڵیدا بەشدارن لە دواجاردا بێجگە لە ڕوورەشی و شەرمەزاری هیچی تریان چنگ ناکەوێت؛
چونکە ئەم پیلانگێریە بۆ برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دورە لە هەموو رەوشت و مۆرالێک و دژی مرۆڤایەتیە.

Exit mobile version