بەنزینەکەی عێراق ھێشتا نەگەشتوە

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بەنزینەكەی عێراق نەگەیشتووەتە سلێمانی.

مانگی ڕابردوو، كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، كە لەگەڵ عێراق ڕێككەوتوون ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی هەرێم بكرێت و یەك لیتر بە 650 دینار دابین دەكرێت و دوێنێ بەنزینەكە گەیشتە هەرێم و نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكان هەرزان دەبێت.

بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕاگەیاند، تا ئێستا بەنزینەكەی عێراق نەگەیشتووەتە سلێمانی و چاوەڕێی دەكەین.
وتیشی”ئەو بڕەی بۆ سلێمانی دەنێردرێت كەم نییە و هەركات هات بەشی خۆی كاریگەری دەبێت”.

سەبارەت بە وادەی هاتنی بەنزینەكەی عێراق ناوبراو ئاشكراشیكرد، چاوەڕێ دەكەین ئەمڕۆ تاكو پێنج شەممە بگاتە دەست بەنزینخانەكانی سلێمانی.

هەرچەندە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاندبوو، لە 28ی ئاب-ەوە نرخی بەنزین هەرزان دەبێت بۆ 650 دینار بەهۆی هاتنی بەنزینەكەی عێراقەوە، بەڵام ماوەی 20 ڕۆژ تێپەڕی و هێشتا نرخی بەنزین بەرزە و دانەبەزیوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.