ب وێنە…گرێ مرازا (گۆبەکلی تەپە) – بەشی یەکەم

هەلکەفت محەمەد پشدەری

گرێ مرازا دەکەوێتە نێوان ماردین و غازی عەنتاب. ناوچەکە تەواو کوردنشینە و تا ڕووخانی عوسمانییەکانیش جگە لەوانەی لەگەڵ ئەوان هاتوون، تورکی لێ نەبووە. لە ساڵی ١٩٩٤ جووتیارێکی بەستەزمانی هەژار بە ناوی مەحمود کیلیج لە گوندەکەی خۆیەوە بە ناوی خڕابرێشک، چووە سەر ئەو گردە تا بۆ کشتوکاڵ بیکێڵێ، گاسنەکەی لە بەردێک گیربوو. دوای هەندێ هەڵکۆڵین، دیتی ئەو بەردە تەنیا نییە و لەوانەیە گرنگ بێ. هەواڵ گەیشتە شوێنەوارناسی ئەڵمانی کلاوس شمیدت.

لە هەمان ساڵدا کلاوس شمیدت سەرنجی وردی لەو شوێنە داو وەک شوێنەوار دەستنیشانی کرد و بینی چۆن پێکهاتەیەک لە ژێر زەویەکەیدا هەیە. گرێ مرازا کۆنترین شوێنە لەبەردی گەورەی ناوچەکە، مرۆڤ شتی پێویستی خۆی دروست کردبێ. بەرد هەیە تا ٥٠ تۆن قورسە. ١٢ بۆ ١٣ هەزار ساڵ بەر لە ئێستە، ئەوانەی لەوێ ژیاون ئەو هەموو کارەیان بۆ بەجێهێشتووین. گرێ مرازا لە پڕ نهێنیترین شوێنەوارەکانی سەر ڕووی زەوییە. تا ئێستە لەگەڵ هیچ شوێنەوارێکی دیکە یەکناگرێتەوە، هیچی وەکو ئەو لە جیهاندا، نەدۆزراوەتەوە تا لەگەڵ یەکدا بەراورد بکرێن.

گرێ مرازا هێندە کۆنە، بەپێی ئەو ستانداردانە بێ مێژوو و شوێنەوارناسیی هەیانە، نابێ هەبێ. تا ئێستە لەوانەیە تەنیا ٥٪ی ئەو شوێنەوارە گرنگە هەڵکۆڵین و دۆزینەوەی بۆ کرابێ. سەرەتا زانایان پێیان وابوو، ئەو شوێنەوارە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ئەو سەردەمە دروستیان کردووە. ئەگەر وابووبێ ئەی بۆ کۆمەڵە ڕاوچییەکانی هەموو جیهان لە هیچ شوێنێکی دیکە، شتێکی وایان لێ بەجێنەماوە؟ ٢٠ بازنەی گەلێک گەورە هەیە، تەنیا چواریان هەڵکۆڵینی بۆ کراوە. سەدان ستوونی بەرد هەیە، بە تەواوی سەرنجیان نەدراوە و توێژینەوە و کاری زۆرتری دەوێ لێیان تێبگەین.

لەبەرئەوەی بایەخی ئەو شوێنە نەدەزانرا، خەڵکی ناوچەکە بۆ چەندین نەوە، زەویەکەیان کێڵاوە و بەردەکانی ئەو گردەیان جوڵاندووە. بەوە، گەلێک بەڵگەی شوێنەوار لەناو چوون. کۆنترین پەرستگا لە جیهاندا لەوێیە، هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەو شوێنەی وەک پەرستگایە، ڕوانگەی گەردونناسیی بووە. ڕووبەرە گەورەکەی گرێ مرازا و ئەو ئاڵۆزیەی لە پێکهاتەکەیدا هەیە، دەبێ چیرۆکێکی گەلێک مەزنی لە پشتەوە هەبێ.

بە ڕای پسپۆرانی مێژوو و شوێنەوارناسیی، نابێ بەر لە ١٢ هەزار ساڵ کۆمەڵگەی ئاڵۆزی وەک ئەوەی گرێ مرازا هەبووبێ. بە پێی هەموو ئاماژەکانی شارستانییەت، لە هیچ شوێنێکی جیهان ئەوکاتە شارستانییەت نەبووە. بەڵام گرێ مرازا خەریکە ئەو بیروڕا کۆنانە سەراوبن دەکات. ئەوەی لەوێ هەیە، نابێ کۆمەڵە ڕاوچییەکان دروستیان کردبێ. تەنانەت سۆمەریەکان لە میزۆپۆتامیا، دوای ئەوان بە ٧ هەزار ساڵ دەرکەوتوون و بە کۆنترین شارستانییەتی سەر زەوی هەژمار دەکرێن.

هەموو جیهان سەرسامی قووچەکەکانی میسرن، بەشێک لەبەر گەورەیی ئەو قووچەکانە و بەشێکیش لەبەر بیکردنەوە لەوەی ئەوانە چۆن ئەو هەموو بەردە گەورانەیان جوڵاندووە و سەرخستووە. کەچی گرێ مرازا چەند هەزار ساڵێک لە میسر کۆنترە و بەردی هاوشیوەیان هەڵکەندووە و گواستووەتەوە، ئینجا ئەوێیان پێ دروست کردوون. ئاشکرایە، ئەو کۆمەڵگەیەی قووچەکەکانی دروست کردووە، کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز، پێشکەوتوو، کارامە، پشت ئەستوور بە ئابووری بەهێز و فرەیی لە سەرچاوەکان، بووە. نهێنییەکانی گرێ مرازا گەلێک لەوانەی میسر ئاڵۆزتر و گەورەترن.

مەزەندەی شوێنەوارناسان دەڵێ هەرنەبێ ٥٠٠ کەس بە بەردەوامی کاریان کردووە تا بەردی تا ٥٠ تۆن قورس لە چیا هەڵکۆڵن، بتاشن و بگوازنەوە. هەندێک دەڵێن کۆیلە هەبوون تا ئەو کارە بکەن، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کۆیلە هەبوون لە گرێ مرازا نەدۆزراوەتەوە. شوێنێکی گەورەی وەکو گرێ مرازا هەر وا بە هەڕەمەکی دروست ناکرێت. پلانی درێژخایەن، تەلارسازیی و تەنانەت ئەندازیاریشی دەوێ. ئەوانەی ئەوێیان دروست کردووە، نەک هەر زانیارییان هەبووە، بەڵکو لەو زانیاریانە، ئەو کاتە، بێ وێنە بوون و داهێنانیان کردووە.

پێکهاتەکانی گرێ مرازا، بەر لە داهێنانی تایە، نووسین، سیرامیک و کانزاناسیی بووە، تەنانەت بەر لە شۆڕشی کشتوکاڵێش بووە. هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکە تا ئێستە نەزانراوە وەک ئەوان بووبێ. توێژینەوەیەکی زانستیی لە گۆڤاری شوێنەوارناسیی زانکۆی کامبریج لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە دەڵێ، ئاستی کارامەیی ئەندازیاریی گەلێک لەوە بەرزترە چاوەڕوانمان دەکرد. بازنەکان تاک تاک دروست نەکراون، هەموویان پێکەوە یەک پێکهاتەن و هەموویان لەیەک کاتدا دروست کراون.

پەیکەر و هونەری داتاشینی بەرد لە گرێ مرازا هێندە پێشکەوتوو و کارامەن لەو مێژووەدا وێنەی نییە. چەندی جوانی و لێزانینی نیشاندا، سەد ئەوەندە پرسیاری ورووژاند. هەمەجۆرەی ئەو کارە دەستییە بەردیینانە، وایان کرد، شوێنەوارناسان واقیان وڕ بمێنێ. بەو هەموو توخمە سەرسووڕهێنەرانەی لە گرێ مرازا هەن، بایەخی هەرە گەورەی ئەو شوێنە نیشان دەدەن. بەڵام بۆچی ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر ئیدی بن خۆڵ کەوت و دیار نەما؟ ئایا بە مەبەست بن خۆڵ نراوە؟ ئەگەر وایە هۆکار دەبێ چی بووبێ ئەو کارە بکەن؟

ئەوەی پاڵپشتی بۆچوونی شارستانییەتە لە گرێ مرازا دۆزینەوەکانی نەوالی چۆری -واتا دۆڵی چۆری- (بە تورکی نەڤالا چۆری – Nevali Çori) کەمێک لە باکووری گرێ مرازایە. لەوێدا شوێنەواری گەرمکردنی هەندێ بابەتی سیرامیک تا پلەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ پلەی سەدی هەیە، جارێ لە هیچ شوێنێکی دیکە گڵسازیی دانەهاتبوو. هەر لەوێ بۆ یەکەم جار و کۆنترین شوێنە گەنمی چاندن دۆزراوەتەوە. واتا گەنمێک خۆڕسک نەبووە و کێوی نەبووە. ئەو دوو شێنەوارە هێندە لەیەک دەچن، تاکە لێکدانەوە ئەوەیە هەردوو لا لە ناو هەمان شارستانییەتدا بوون. چینەکانی گڵی ئەوێ دەیسەلمێنێ بەر لە ١٢ هەزار ساڵ، مرۆڤ لەوێ ژیاوە. کۆنترین پەیکەری مرۆڤیس لە جیهاندا، هەر لەوێ دۆزرایەوە.

ئەوەی تا ئێستە وەک مەتەڵ ماوەتەوە ئەو هێمایانەیە لە گرێ مرازا دۆزراونەتەوە. دیار نییە مەبەست لێیان چییە و نازانین چۆن بیانخوێنینەوە و لێکیان بدەینەوە.

سەرچاوە:https://curiosmos.com/10-reasons-why-gobekli-tepe-is-a-lost-civilization-and-not-an-ancient-monument/?fbclid=IwAR3UZt36b2TnUr1VZawQUssSiWS53zc8udEeFZvxxc_ftTtv4nPebGqQR6I
https://www.youtube.com/watch?v=ypuf_QnzCk0

وێنە …..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.