ته‌له‌ڤزیۆنی په‌روه‌رده‌یی، له تارماییهوه بۆ رۆشنایی
عیسا بۆتانی
شاره‌زایان كاریگه‌رییه‌كانی سه‌یركردنی ته‌له‌ڤزیۆن له‌سه‌ر منداڵ به خراپ ده‌زانن و له‌زۆر رووه‌وه پێیانوایه زیانی پێده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه له‌كاتێكدا بوو كه له‌دنیای تهكنۆلۆژیۆدا منداڵ ته‌نها په‌یوه‌ست بوو به ته‌له‌ڤزیۆن… له ئێستادا سه‌رباری ته‌له‌ڤزیۆن؛ هۆكار و ئامرازه‌كانی ئاڵووده‌بوونی منداڵ ئه‌وه‌نده زۆر و زه‌وه‌ند بوونه و رۆژانه له زیادبووندان و هێشتاش شاشه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆن به‌شێكی زۆری كات و زه‌ین و هۆشی منداڵی پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهێنانه‌كانی دیكه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌یه‌كان درێژكراوه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنن و پێوه‌ی به‌ستراونه‌ته‌وه. پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنۆلۆژیا به‌و شێوه خێرایه به‌ده‌ر له پێشبینییه‌كانی مرۆڤه و گۆڕانكاری وا دروست ده‌كا بیرمان لێ نه‌كردبێته‌وه، هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌راوژێری ده‌كا و دنیایه‌كی دیكه دروست ده‌كا كه ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ی پێشوو و ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی ئه‌مڕۆش. پێده‌چیت دروستبوونی قه‌یرانه‌كان پاساو بن بۆ داهێنانی نوێ و دهستهاویشتنی زیاتر بن بۆ ژیان و ژینگه‌ی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر دۆخی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ نموونه وه‌رگرین ئه‌وا ده‌بینین ته‌نها له‌بواری په‌روه‌رده‌ییدا چ لێكه‌وته‌ی هه‌بوو؟ چ گۆڕانكارییه‌كی له شێواز و رێگاكانی فێركردن كرد؟ هه‌ر نه‌بێت ئینته‌رنێتی كرده جێگره‌وه‌ی ئاماده‌بوونی قوتابی له هۆبه‌كانی خوێندن و بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی هێنا به مێشكی هه‌مووان كه ده‌كرێ له رۆژگارێكی نزیكدا قوتابخانه‌كان بوونیان نه‌مێنێت … وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و شرۆڤكاران رایانگه‌یاند كه پیشه‌ی مامۆستایه‌تی له‌و حه‌فت هه‌شت ساڵه‌ی داهاتوودا ده‌ستی لێ هه‌ڵده‌گیرێت و فێربوون له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێت ده‌بێته جێگره‌وه‌ی.
شه‌پۆله‌كانی ته‌كنۆلۆژیا سات به سات ته‌وژمی به‌هێزتر ده‌هاوێژێت و هه‌رچی كونج و كه‌له‌به‌ری ژیانی مرۆڤه دایده‌پۆشێت و هیچ رێگایه‌ك نیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می بوه‌ستینه‌وه… ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستدا بێت ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵی بژیێن و پلان و به‌رنامه‌ڕێژیمان هه‌بێت وا بكه‌ین له‌بری زیان سوودیان لێوه ببینین، یانیش هه‌ر نه‌بێت له كاریگه‌رییه خراپه‌كانی كه‌م ببنه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له داهاتوودا ون نه‌بێت ئه‌وا هیچ ده‌رفه‌تێك له‌به‌رده‌م مرۆڤدا نیه ته‌نها هاوته‌ریب له‌گه‌ڵی رێ بكا وه‌كو چۆن بیرمه‌ندی ئه‌مریكی ماڵكۆم ئیكس به قوتابییه ره‌شپێسته‌كانی ده‌گوت: (بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به پاشه‌ڕۆژ ده‌بێت پاسه‌پۆرتی فێربوونتان له‌ده‌ستدا بێت، داهاتوو بۆ ئه‌وانه ده‌ڕه‌خسێ كه زووتر خۆیانی بۆ ئاماده ده‌كه‌ن). ئیتر كوردیش ده‌بێت هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پاسه‌پۆرته بدات تاكو له خاڵه سنوورییه‌كانی داهاتوودا گیر نه‌خوا.
سه‌باره‌ت به ته‌له‌ڤزیۆن ده‌گوترێ كه منداڵ به‌ر له‌چوونی بۆ قوتابخانه ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت، ئه‌كادیمیای ئه‌مریكی بۆ پزیشكیی منداڵان له توێژینه‌وه‌یه‌كدا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی كه منداڵان ساڵانه (900) كاتژمێر له قوتابخانه و نزیكه‌ی (1023) كاتژمێر له سه‌یركردنی ته‌له‌ڤزیۆن به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه زۆرتر سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆن ده‌كه‌ن له‌وه‌ی له هۆبه‌كانی خوێندن دا بن. هه‌روه‌ها زانایان پێیان وایه كه به‌ده‌ر له نووستن؛ ته‌له‌ڤزیۆن زۆرترین كات له مرۆڤ ده‌بات…. ئه‌و داتایه ته‌نها په‌یوه‌سته به ته‌له‌ڤزیۆن و ئه‌گه‌ر بێته سه‌ر باسی ئایپاد و مۆبایل و پله‌ی سته‌یشن و ئێكس بۆكس و ….هتد، ئه‌وا بێ هیچ گومانێك ئامار و ژماره‌ی كاتژمێره‌كان هه‌ڵده‌كشێن.
ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ئه‌كادیمیای ئه‌مریكی بۆ پزیشكیی منداڵان داتای ترسناكی خستۆته‌ڕوو، باسی له‌وه كردووه كه ئه‌و منداڵه‌ی به تێكڕا؛ رۆژانه بۆ ماوه‌ی (3) كاتژمێر سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆنی كردبێت، ئه‌وا تاكو ده‌گاته ته‌مه‌نی (16) ساڵیی نزیكه‌ی (800) تاوانی كوشتن و (100) دیمه‌نی توندوتیژی بینیووه. به‌هه‌مان شێوه ئه‌و داتایه ته‌نها په‌یوه‌سته به ته‌له‌ڤزیۆن و ئه‌گه‌ر بێت‌و باسی یوتیوب و فه‌یسبووك و ئینستاگرام و تیكتۆك و ….هتد بكرێ، ئه‌وا بێ هیچ گومانێك ئامار و داتایه‌كان ترسناكتر ده‌بن… ئه‌وه‌ی باسكراوه په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سانسۆر و چاودێری و یاسای به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه جیاواز و له پێشتره.. بۆیه له كوردستان جیا له پێگه و چه‌ناڵه‌كانی یوتیوبی ده‌ره‌كی، ته‌نانه‌ت چه‌ناڵه ناوه‌خۆییه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنیش ملكه‌چ و پیگیر نین به هیچ راسپارده و رێنمایی و هه‌رچی به‌رهه‌می بهێنن به‌رهه‌می دێنن… هه‌رچی په‌خشی بكه‌ن په‌خشی ده‌كه‌ن و منداڵان خۆیان چانس و به‌ختی خۆیانن؛ ئاخۆ له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و بێ سیاسه‌ته‌ی میدیادا تووشی چ ده‌بن و چ په‌روه‌رده‌یه‌ك وه‌رده‌گرن ئه‌وا چاومان لێیه له داهاتوودا بیزانین؟!
توێژینه‌وه‌كه به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامه‌كانی له به‌شێكیدا ده‌ڵێت: پێویسته پرۆگرامی گونجاو و ئامانجدار هه‌ڵبژێردرێن و منداڵان بۆ سه‌یركردنیان هان بدرێن…. لێره له هه‌رێمی كوردستان دۆخی په‌روه‌رده و فێركردن له‌و رۆژگاره‌ی ته‌كنۆلۆژیادا له هیچ وڵاتێك باشتر نیه، ئێ ده‌با ئێمه‌ش كار به هه‌مان رێچكه بكه‌ین و هه‌وڵی داڕشتن و ئاماده‌كردنی پرۆگرامی ئامانجداری چێژبه‌خش بده‌ین كه هاوكار و پشتیوانی پرۆسه‌ی فێربوون و په‌روه‌رده بكا.
له‌میانی پیشه‌سازی ته‌له‌ڤزیۆنیی رۆژئاوایی و له‌و ده ساڵه‌ی دوایی چه‌مكێكی نوێ به ناوی په‌روه‌رده‌ی كات به‌سه‌ربردن سه‌ری هه‌ڵدا و كه‌وت نێو فه‌رهه‌نگی كاری راگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت زمانیش، ئه‌و چه‌مكه وه‌ها پێناسه كرا كه ئاوێته‌كردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی په‌روه‌رده‌ییه له‌چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی چێژبینین و كات به‌سه‌ربردنی ته‌له‌ڤزیۆنی دا. ئه‌وه وه‌ها لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرا كه مه‌به‌ست لێی كه‌مبایه‌خكردنی به‌های فێركردن نیه به‌ڵكو داهێنانی نموونه‌یه‌كی كاریگه‌ری فێركردنه له‌ڕێی په‌خشی ته‌له‌ڤزیۆنی و ره‌خساندنی شێوازێكی نوێی چێژبه‌خش و پێشكه‌وتوو كه ته‌واوكه‌ره بۆ شێوازه ته‌قلیدییه‌كانی فێركردنی پێشوو.
به‌رده‌وام كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ته‌له‌ڤزیۆنی له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری‌یان هه‌بێت كه‌وا تا چ ئاستێك ته‌له‌ڤزیۆن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و فیلم و به‌رنامه‌كان كاریگه‌ری به‌سه‌ر ته‌ندروستی و لایه‌نی ده‌روونی منداڵاندا ده‌كه‌ن، به‌پشت به‌ستن به ده‌ره‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رهه‌مه‌كانیان په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاكانی ده‌ستپاكیی و راستگۆیی و دڵسۆزیی و هاوڕێتی و دادوه‌ریی له‌خۆوه بگرن.
لێره‌دا جڤاكی كوردیی پێویستی راسته‌قینه‌ی به كه‌ناڵێكی په‌روه‌رده‌ییه (وا باشتره له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێ و به‌ڕێوه ببرێ)، كار به شێوازێكی هاوچه‌رخ و نوێ بكات و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به راوێژ له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی بواری منداڵ به‌رهه‌م بهێندرێت و كار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی بڕوابه‌خۆبوون و رێزگرتنی دابونه‌ریت و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌لتوور و مێژووی كورد و هاندان بۆ خۆشه‌ویستی نیشتمان و خوێندن و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان و بایه‌خدان به ژینگه و كۆمه‌ڵێك پرسی زۆر گرینگ بكات. وا باشتره كه‌ناڵی په‌روه‌رده‌یی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ببێته ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه قوتابیانی كوردستان بۆ لای خۆیدا راكێشێت و نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی فێركردن و په‌خشكردنی وانه‌كان، به‌ڵكو له‌ڕووی ئاماده‌كردنی پرۆگرامی ته‌له‌ڤزیۆنی بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن و خستنه‌رووی به‌هره و ئاره‌زووه‌كانیان، گۆرانی فێركاری و ته‌نانه‌ت نیشتمانی و په‌یوه‌ست به دنیای منداڵانیش به‌رهه‌م بهێندرێ. ئه‌زموونی باش و به‌سوودی وڵاتانی ده‌ره‌وه كه‌ڵكی لێوه‌ر بگیرێ، كه ئه‌وان زۆر له‌مێژه ئیشیان له‌سه‌ر دروستكردنی كه‌سایه‌تی كردووه له‌ڕێی فیلم كارتۆن كه نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كانیان به‌ڵكو ئه‌و كه‌سایه‌تییانه سه‌رنجی گه‌وره و بچووكی ته‌واوی دانیشتووانی گۆی زه‌وییان بۆ خۆیان راكێشاوه، له نموونه‌ی تۆم و جیری و سیمپسۆن و میكی ماوس و سپۆنج بۆب و …. هتد. هه‌روه‌ها چه‌ندین ئه‌فسانه و چیرۆكی كه‌لتووری وڵاته‌كانیان كردۆته فیلم كارتۆن و منداڵه‌كانیانی پێ گۆش ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه له‌و نووسینه ئه‌وه‌یه كه‌ناڵی په‌روه‌رده‌یی له‌و شێوازه‌ی كه نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه له عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرێ؛ ده‌ربهێندرێ، شێوازێك كاری پێ بكرێ كه منداڵ بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانی و سه‌یركردنی كارتۆنێك و گوێگرتن له مۆسیقایه‌ك و بینینی ره‌نگێكی ئاڵ و واڵای جوان ناچار نه‌بێت په‌نا نه‌باته به‌ر كه‌ناڵێكی دیكه‌ی منداڵانه كه له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن كه‌وا هیچ له زانستی په‌روه‌رده‌یی منداڵدا نازانن و ته‌نها گوێزه‌ره‌وه‌ی بهرههمهكانن و به ئاره‌زووی خۆیان دۆبلاژی ده‌كه‌ن و ده‌رخواردی منداڵانی ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌و بابه‌ته ئه‌وه‌نده ده‌هێنێت كه هه‌رچی شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده‌یی و نووسین و هونه‌ری و ته‌كنیك و …هتد بۆی بانگ بكرێن و راوێژیان پێ بكرێ تاكو دواجار وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بتوانێت به به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌به‌رامبه‌ر پاشه‌ڕۆژی نه‌وه‌كان هه‌ستێت و بناغه‌یه‌كی پته‌وی زانستییانه بۆ میدیای په‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به منداڵ داڕێژیت.
- دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.