تورکیا .. گۆڕینی ئاراستەکان

نەوزاد محەمەد

ماوەی چەند رۆژێکە لە دەنگ و باسەکان باسی پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی تورکیا دەکرێت، بە بۆنەی توش بوونی سەرۆکی تورکیا بە ڤایرۆسی کورونا وە و لە ناو ئەو باسانەشدا دەنگۆی سەرەدانێک هەیە.

تورکیا پێش دوو سێ قۆناغ بە تەواوی دژی ئیسرائیل هەڵوێتسی دەنواند، بە تەواوی لەسەر پەتی هاوسۆزی ئیخوان و گروپە ڕادیکالیەکان بوون، لە لایەکی تریش لەگەڵ رەکابەری دێرینی خۆی ئێرانی سەفەوی پلان و هەماهەنگی تەواویان هەبوو لە دژی ئیسرائیل، بە پێی بنەمای “دوژمنی دوژمنم دۆستمە”.

کاریگەری ئەم هەڵوێستە دوو قۆڵیەی تورکیا و ئێرانیش گەیشتە ناوچەی گەنداوی عەرەبی و هەر یەک لە وڵاتانی بەحرێن و قەتەر کەوتنە بازنەی پلانەکانیان.

لە لایەک بەحرێن و بە پاڵپشتی مەزهەبی، هاووڵاتیە شیعە مەزهەبەکان دەستیان بە نانەوەی ئاژاوە کرد لە ناوخۆی وڵات، لە لایەکی تر قەتەر کەوتە داوی تورکیا بەرەو هاوسۆزی و پاڵپشتی ئیخوانی هەنگاوی نا تا گەیشتە ئاستی ئەو ڕاستیە سەلمێندرا کە قەتەر پاڵپشتی ئیخوانی کردووە و لەوانەیە ئەو پاڵپشتیە بۆ کاری تیرۆریستی بەکارهێندرابێت.

بۆچی ئێستا تورکیا ئاراستەکانی دەگۆڕێت، هەوڵی نزیک بوونەوە لە ئیسرائیل واتا چی ؟؟.

پلانی هاوبەشی تورکیا و ئێران لە هەریەک لە سوریا و عیراق و لبنان و یەمەن و یونان و دەستێوەردان لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی روون و ئاشکرا بوو، هەر لایەک بە ئایدیای مەزهەبی و پاشماوە مێژوویەکان و دەرفەتی روخساو هەوڵی دووبارە کردنەوەی مێژوو دەدەن.

پەیدا بوونی داعش باشترین دەرفەت بوو کە هەرددولا زیاتر پەرە بە پلانەکانیان بدەن و زیاتر شۆێن پێی خۆیان قایم بکەن، بە تایبەت تورکیا کە ڕاستەوخۆ دەستی لە هاوکاری کردنی داعش دا هەبوو.

هەوروەها بەکارهێنانی هاو ئاوازەکانی ناوخۆیی لە باشوری کوردستان لە دژی ئەزمونی سەرکەوتوی هەرێمی کوردستان و وەکو هەنگاوێکیش بۆ دژایەتی بەرەی رۆژئاوا.

بەڵام لەگەڵ گەیشتنی دۆنالد ترامپ بۆ کورسی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەست کرا بە سنوردار کردن و لە ناو بردنی پلانەکانی ئایدیا و هزرە ماوە بەسەرچوەکانی مەزهەبی و رادیکالی لە ناوچەکە.

سزا ئابوریەکانی سەر ئێران و دواتر رێکەوتنی ئەتۆمی و بە هەمان شێوە سزا ئابوریەکانی سەر تورکیا، دوو هەنگاوی سەرەتایی و سەرەکی بون بۆ لاواز کردنیان.

دواتر هەنگاوەکان زیاتر پەرەیان سەند لە پێکهێنانی بەرەی عەرەبی و دواتر بە شێوەیەکی فراوانتر رێکەوتنی ئیبراهیم هاتە کایەوە.

لە ماوەی دوو قۆناغی رابردوو هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی ئیبراهیم توانیان تا ڕادەیەکی باش کۆتایی بە کارتەکانی بەرەی مقاومە و هاوکارەکانی بێنێت لە لوبنان و یەمەن و سوریا و عیراق، شکاندنی داعش و لە ناوبردنی سەرکردە باڵاکانی و هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر موڵکەکانی گروپە مەزهەبیەکان زیاتر ئەم بەرەیان تووشی ئیفلیج کرد.

دواتر زیاتر سەپاندنی سزای ئابوری، کە بووە هۆی داڕمانی بەهای لیرە و تومەن و کێشەی ئابوری گەورەی بۆ هەردوو وڵات دروست کرد.

تورکیا لە دۆخێکی جیاواز تر بوو لە ئێران، بەرز بوونەوەی دەنگی نارەزایی لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، تورکیا وەکو ئەندامێکی ناتۆ و هەوڵەکانی بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا، دەرگایەک بوون بو تورکیا کە لە کۆتا سات دا بتوانێت خۆی رزگار بکات، بەڵام ئەمەشیان بە بێ مەرج و باجی قورس نابێت.

هەر بۆیە تورکیا و لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە دەیەوێ مەسجێک ئاراستەی رۆژئاوا بکات کە ئامادەیە بۆ نواندی نیاز پاکی و پێکهاتن.

ئەمەشیان وا لە تورکیا دەخوازێت کە پێداچونەوە بە تەواوی سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆی بکاتەوە کە ناچار دەبێت تەواوی ئاراستەکان بگۆڕێت.

لە سەرەتاوە پرسی کورد و پ ک ک، ئیخوان و گروپە ڕادیکالیەکان، دەستێوەردان لە سوریا، کۆمەڵ کوژی ئەرمەنیەکان، کێشەکانی لەگەڵ یۆنان، دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران، خەونی دووبارە کردنەوەی عوسمانیزم، لە کۆتاییش دا مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و گەڕانەوە بۆ باوەشی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و باچ دانەکەی.

بەڵام هەر چۆنێک بێت دەبێ بەرگە بکرێت، کە ئەمەیان تاکە رێگایە بۆ دەرباز بوون و رزگاربوون لە دۆخێکی نالەبارتر و بەرەو روخان.

ئەم جارەشیان بە هەمان پلانی “دوژمنی دوژمنم دۆستمە”، بەڵام بە ئاراستەیەکی جیاواز.

لە دوا ساتیش دا، تەواوی کارتەکانی بەرەی مقاومە لە ناوچەکە لە ناو دەبرێن و ململانێکە دەچێتە ئاستێکی یەکلاکەرەوە.

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.