تیرۆریستێكی تلیاكفرۆش بە كورد دەڵێ: سەری مار!
نەجمەدین محەمەد قەراجی
هەموو کوردێك ئەبێت ئەوە بزانێت هەر لە ئەزەلەوە ئەرک و مافی جیاوازە لە تاكەكانی زۆربەی نەتەوەکانی تری سەر زەوی، پاراستنی خاک و نیشتمان و بە پیرۆز زانینی و سەلماندنی بۆ جیهان کە ئێمەیش هەین و خاوەنی نیشتمانین و خاکی خۆمان لا پیرۆزە، ئەوە نەك ئەرکی سەرشان، بەڵكوو قەدەر و چارەنووسیەتی، دەبێ بەردەوام ئەوە بسەلمێنێت گەلی کورد هیچ کات لەوان کەمتر نیە، دەبێ هەموان تێبگەن کە زوڵم و زۆر و ستەمی دەرەكی و بەداخەوە هەندێ جاریش غەدر و خیانەتی ناوخۆ، نەیانهێشتووە بە ئاواتی باڵای بگات كە دەوڵەتی سەربەخۆیە، نەك ناشایستەیی.
لێ سەرەڕای هەموو ئەو مێژووە خوێناوییە، هێشتا خەڵكێك نەك دەوڵەت و هەرێم و مافە كولتووری و ئینسانییەكان، بەڵكوو قسەكردن و خەباتكردنیشمان پێ رەوا نابینێت، ئەوەتا حاڵی سووریا ببینن، لەوەتەی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستە دیكتاتۆرە خوێنڕێژە تلیاكفرۆشە هەیە، كورد تیایەدا لەوپەڕی خراپیدا دەچەوسینرێتەوە، كەچی ئەوەتا دەوڵەت داڕماوە و هێشتا سوبحی توفەیلییەك پێیوایە ”كورد سەری مارەكەیە و دەبێ پان بكرێتەوە!“ ئاخر ئەوە عەقڵەكەتانە بۆیە ئەوە چارەنووستانە.
لەم رۆژانەدا سوبحی توفەیلی، سكرتێری گشتیی پێشووتری حزبوڵای لوبنان، كە حزبەكەی لە زۆر وڵاتانی دنیا لە لیستی تیرۆردایە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێمان دەڵێن، ئەو حزبە یەكێكە لە بەرهەمهێنەران و هەناردەكارانی مادەی هۆشبەر و یەكێك لە سەرچاوە هەرە دیارەكانی داراییەكەی، بازرگانیی هۆشبەرە، پیشنیار بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا دەكات: ”لەم كێشانەی سووریادا، سەری مارەكە كوردە، پێویستە پان بكرێنەوە، ئیتر دوای ئەوە كێشە نامێنێت لەو وڵاتە!“ جا وەرە تیرۆریست و تلیاكفرۆش پێت بڵێ: سەری مار!
لە راستییدا گرنگە سوبحی و خاوەنەكانی سوبحی و دارودەستەی سوبحی و چەكدارەكانی سوبحی و تەنانەت ئەو خۆفرۆشە كوردانەش كە هاوئاوازی سوبحی دەدوێن، پێویستە زۆر بەوردی سەیری مێژووی كورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد و قوربانیدانی گەورەی كورد و سەركردەكانی كورد و ئێستای كورد بكەن و پاشان بەراوردی بكەن لەگەڵ دۆخی ئێستای حزبوڵا و سەركردەكانی و مێژووی دروستبوونی، ئنجا بۆیان روون دەبێتەوە كە كێ سەری مارەكەیە و كێ دەبێ نەمێنێت!
دڵنیام سوبحی توفەیلییش وەك ئەوانەی پێش خۆی، لە كۆتاییدا ئەو خەونە نەزۆکەی لەگەڵ خۆیدا دەباتە گۆڕەوە، شاعیرێكی گەورە کورد دەڵێ: ”کورد هەر دەمێنی و مافی دەسێنێ… یادی تۆش دەکا جار جار بە جوێنێ“ کێشەکە ئەوە نیە ئەو مێشک پووچە ئەو قسەیە دەکات، لێ خەمەكە تا ئێستەش كوردگەلێ هەن، هاوسۆزی توفەیلی و پیاوەكانی توفەیلیین، تا ئێستاش كەمترین كورد وەڵامی ئەو كەمعەقڵەیان داوەتەوە… زۆر بەداخەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.