جیهان بەرەو ریفۆڕمی نوێی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی
نەوزاد محەمەد
جیهانی ئێستا دەستی کردووە بە هەنگاو نان بەرەو گۆڕانکاری بنەڕەتی، ئەم گۆڕانکاریانە فۆڕمی سیاسی و ئابوری و تا دەگاتە کۆمەڵایەتیش لە خۆ دەکرێت، دووبارە داڕشتنەوەی بڕۆگرام و نەخشە رێگای نوێ لە پەیوەندیەکاندا.
لە سەر ئاستی ئەوروپا شەری روسیا و ئۆکراینا دەرگایەکی رێخۆشکەرە بەرەو گۆڕانکاری.
لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین، پرسی ئەتۆمی و هەژمونی ئێران لە ناوچەکە و گرژیەکانی چین و تایوان دەرگایەکی ترن.
جگە لە بابەی رێکخستنەوەی هاوسەنگی هێز، بابەتی ووزە و ئابوری باڵی گێشاوەتە سەر ئەم گۆڕانکاریانە.
روسیا بە رێگای ووزەوە شەری ئەوروپا دەکات، ڕاگرتنی هەناردەکردنی غاز لە لایەن روسیا وە بۆ ئەوروپا، ئەم وڵاتانەی خستۆتە بەر مەترسەکی جدی، لەبەر ئەوەی بە رێژەیەکی زۆر پشتیان بە غازی رووسی بەستووە، بۆیە هەڵگیرسانی شەری روسیا و ئۆکراینا ڕەنگدانەوەی هەرەشەکانی روسیا بووە، کە پێشتر ناکوکی و ململانێی ئابوری لە نێوانیاندا هەبووە.
پرسی ئەتۆمی ئێران، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت و غاز، پەیوەندیەکانی ئێران لەکەڵ هەر یەک لە وسیا و چین، هەژمونی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و دەستێوەرەدانەکانی، خاڵێکی ترە لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانە.
بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا، ئەم دۆخە گونجاو نەبووە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەت و بەرژەوەندیەکانیان، هەروەها هەڕەشەیەکی جدی یە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی جیهانی.
لە دوا پێشهاتەکان و دوای هەڵبژادنەکانی ئیتالیا و سەرکەوتنی پارتی برایەتی ئیتالیا و هاوپەیمانەکانی.
ئەوەتا جۆرجیا میلۆنی سەرۆکی پارتی برایەتی ئیتالیا و سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیتاڵیا لە یەکەم لێوانیدا دەڵێت، “خوا و نیشتمان و خێزان”، و ئەو شیکردنەوەیەی لەسەر ئەم پەیامە خستیە ڕوو.
ئەمەیان پەیامێکی روونە بۆ نیەتی گۆڕانکاری، نەک تەنها لە ناوخۆی ئیتالیا، بەڵکو تەواوی ئەوروپاش دەگرتەوە و دەبێتە خەڵێک لە بەرنامەی حکومەتی نوێی ئیتالیا.
هەرچەندە میلۆنی کەسێکی ڕاست ڕەو و هەڵگری هزری فاشیزمە، بەڵام بەم لێدوانەی، نیازی گۆڕانکاری خستە روو بە گەڕانەوە بۆ بنەما کۆمەڵایەتیەکان لە پێناو پەیدا کردنی یەکگرتنێکی ناوخۆیی و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکان، وەکو سەرەتایەک بۆ داڕشتنەوەی بڕۆگرامی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئیتالیا دا.
لە لایەکی تر، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا جاستن ترودو و جێگرەکەی کریستیا فریلاند، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دا، بەرنامەی توند کردنی سزاکان بۆ سەر ئێران خستە ڕوو، بە تایبەت لە دژی سوپای پاسداران.
جگە لە ئاماژە کردن بە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە و سەرکوت کردنی خەڵک و کپ کردنی دەنگی ئازادی.
ئەم هەنکاوەش بەشێکە لە هەوڵەکانی زیاد کردنی فشارەکان بۆ سەر رژێمی ئێران کە رێگا خۆشکەرن بەرەو گۆڕانکاریەکان.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، دیداری پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوێکی باش و گرنگ بوو لە چوارچێوەی بیر کردنەوە لە داڕشتنی بەڕنامەی تایبەت بە کورد و هەرێمی کوردستان و خۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریە جیهانیەکان.
ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە، فۆرمەکانی ووزە و ئابوری، دوو فۆرمی سەرەکین کە نەخشە رێگای نوێی گۆڕانکاریەکان لەسەر بونیات دەنرێت.
هەرێمی کوردستانیش خاوەنی سەرچاوەیەکی بەهێزی ئەم دوو خاڵەیە و دەتوانێت تا ڕادەیەک ببێتە سەرچاوەیەکی باش لە دابین کردنی ووزە بە تایبەت بۆ ئەوروپا.
ئەم گۆڕانکاریانە لەوانەیە کاردانەوەی خرابی هەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەندێک وڵات، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی باشە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ووزە و ئابوری خۆی ببێتە یاریکەرێکی بەهێز و بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بگونجێنێت و دەستکەوتی باشی بۆ هەبێت .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.