جەمعیەتی کوردستان: چۆن، کەی، لەکوێ، بۆچی دامەزرا؟

سەرمەد لەتیف

دوای ئەوەی مەلیک مەحمود لە جەنگی دەربەندی بازیان بە برینداری لای بەردەقارەمان دەستگیردەکرێت و پاشان لە دادگای سەربازی بەریتانیا لە شاری بەغداد دادگایی دەکرێت، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام دواتر دادگا بڕیارەکە تەمیز دەکاتەوە و دادوەر بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەتی جوان و میانڕەو و مرۆڤانەی مەلیک مەحمود بەرامبەر دیلە بەریتانییەکان، حوکمەکەی دەگۆڕێت بۆ دوورخستنەوەی بۆ هندستان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ. کاتێک مەلیک مەحمود دوورخرایەوە، بارودۆخی سیاسی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی تێکچوو. بەریتانییەکان زۆر هەوڵیاندا چەند کەسیاتییەک (لەناویاندا کەسی نزیکی شێخی نەمر) بخەنە جێی مەلیک مەحمود، بەڵام بەپێی دانپێدانانی خۆیان، کەس نەیتوانیوە وەک مەلیک مەحمود ڕۆڵ بگێڕێت و ڕێزلێگیراو بێت لای خەڵکی کوردستان، بەریتانییەکان بۆیان دەرکەوت کاریزمایی شێخی نەمر پێویستییە بۆ بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش لە باشوری کوردستان. هەر لەبەر ئەم هۆیە دوای کەمتر لە ٣ ساڵ لەدوورخستنەوەی شێخی نەمر، بڕیاریان دا بیگەڕێننەوە بۆ کوردستان و کابینەی دووەمی حکومڕانییان لە ١٩٢٢/١٠/١٠ بۆ دامەزراند.

لێرەدا دەمانەوێت تیشکێک بخەینە سەر ئەو ماوەیەی شێخی نەمر لە دورگەی ئەندامان لە هندستان ئاوارەبوو، لەو ماوەیەدا کۆمەڵەیەک دامەزرا بەناوی جەمعیەتی کوردستان. کێ بوون ئەو کەسایەتییانەی جەمعیەتی کوردستانیان دامەزراند؟ کەی و لەکوێ ئەم کۆمەڵەیە دامەزرا؟ ئامانجی دامەزراندنی چی بوو؟

جەمعیەتی کوردستان لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی سلێمانی بە سەرۆکایەتی مستەفا پاشا یامولکی لە ١٩٢٢/٧/٢١ لە مزگەوتی حاجی سەید حەسەنی موفتی (مزگەوتی سابونکەران لە سلێمانی) دامەزرا. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە ڕێکخستنی کاروباری سلێمانی و داواکارییەکانی کورد بوو. مستەفا پاشا یامولکی هەلبژێردرا بە سەرۆکی کۆمەڵەکە، هەروەها ئەندامانی کۆمەڵەکە بریتی بوون لە: ڕەفیق حیلمی، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگی تابور ئاغاسی، ساڵح قەفتان، فایەق بەگی مارف بەگ، حاجی ئاغای فەتحوڵڵا ئاغا، عیزەت بەگی وەسمان پاشای جاف، ئەدهەم ئەفەندی، ئەحمەد بەهجەت، شێخ محەمەدی گوڵانی، شێخ عەلی سەرکار، عەلی باپیر ئاغا، عەبدوڵا ئەفەندی محەمەد ئەفەندی، هەروەها شوکری عەلەکە.

دوای دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد بەناوی (بانگی کوردستان) کە ڕۆژنامەیەکی ئەهلی بوو، مستەفا پاشا یامولکی وەک سەرنوسەر و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دەستنیشانکرا. ڕۆژنامەکە هەفتەی ژمارەیەکی لێ دەردەچوو، یەکەم ژمارەشی لە بەرواری ١٩٢٢/٨/٢ دەرچوو. کاتێک شێخی نەمر گەڕایەوە کوردستان، ئەم ڕۆژنامەیە ٨ ژمارەی لێ دەرچوبوو. دواتریش ڕۆژنامەکە ئاگاداری و فەرمان و چالاکییەکانی مەلیکی کوردستانیان تێدا بڵاودەکردەوە. دەوترێت کە ئاڕاستەی ڕۆژنامەکە جوڵێنراوە بۆ دژایەتیکردنی سیاسەت و چالاکییەکانی مەلیک مەحمود، بەڵام مستەفا پاشا یامولکی ووتارێک لەژێر ناوی (مەطبوعات و صداقەت) لە ژمارە ١٢ی ڕۆژنامەکە لە بەرواری ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ بڵاودەکاتەوە و ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و لایەنگیری خۆی بۆ مەلیک مەحمود دوپات دەکاتەوە.

سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەزیندوڕاگرتنی هەستی نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، سلێمانی هەمیشە داینەمۆی شۆڕش بووە بۆ گشت ناوچەکانی تری هەرچوار پارچەی کوردستان، سلێمانی هەمیشە سەنتەر بووە بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەی کورد. بەڵام حەیف و مەخابن!!!

سەرچاوەکان:
١. یادداشت – ڕەفیق حیلمی (چاپی یەکەم).
٢. شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان -بەرگی یەکەم- م. ر. هاوار.
٣. چیم دی – ئەحمەد خواجە (چاپی دووەم).

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.