حزبی مەعسوم……….

نەوزاد محەمەد

ووشەی “معسوم” و شەیەکی عەرەبی یە، لە زمانی کوردی دا زیاتر لە ووشەی “پارێزراو ” نزیکە.

لە قورئانی پیرۆز دا ئەم ووشەیە هاتووە بۆ ئەو کسانەی کە پارێزراون لە هەڵە و گوناح، کە لە لایەن خوای گەورەوە پارێزراون، ئەوانەش تەنها پێغەمبەرەکانن ( د.خ ).

سەرەڕای ئەوەش پێغەمبەرەکان بەردەوام نزایان کردووە و لە خوای گەورە پاڕاونەتەوە کە لە گوناحەکانیان خۆش بێت، لەبەر ئەوەی وەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دا ئاماژەی پێ کردووە، سزاکەی زۆر قورسە.

بێ گومان ئەنجامدانی هەڵە و گوناح و تاوان، سەرەتا مرۆڤ بەرامبەر خودی خۆی دەیکات، دواتر لە بەرامبەر مرۆڤەکان و گیانەوەر و سروشت و ژیان بە گشتی.

مرۆڤ مەعسوم نیە لە هەڵە و ناکرێت خۆی بە مەعسوم بزانێت، وە ئەو مافە بە خۆی بدات هەڵە و گوناح بکات و تاوان ئەنجام بدات، دواتر وا خۆی نیشان بدات کە مەعسومە و ناکرێت ئەم کارانەی لەسەرحستب بکرێن یان سزا بدرێت.

ئەگەر تەماشای واقعی ئێستای کوردستان بکەین، نەک تەنها کەسێک هەیە، بەڵکو ئەو کەسە خۆی و حزبەکەی خۆب بە مەعسوم لە قەلەم دەدات !!.

هەرچی هەڵە و گوناح و تاوانە، بەرامبەر بە گەل و نشتیمانی، بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەکان، دەست بردن بۆ خیانەتی نەتەوەیی، خاکی وڵات ڕادەستی دوژمن بکات، شۆڕەشگێران ڕادەستی دوژمن بکات، هاونشتیمانی و هاسەنگەرانی خۆی تیرۆر بکات، داهاتی وڵات بدزیت، بازرگانی بە چارەنوسی شارێک و خەڵکی شار بکات، درۆ و چەواشەکاری بکات، دەست لە هیچ تاوانێک نەپارێزیت.

دواتریش بێ شەرمانە بڵێت هیچ هەڵەمان نەکردووە و هیچ تاوانمان ئەنجام نەداوە و بەڵکو ئێمە مەعسومین و ئەوەی کردومانە مافی خۆمانە !؟.

بەڵکو لەوە زیاتریش ئۆبالی هەڵە وکارە خرابەکانیان بخەنە ئەستۆی کەس و لایەنەکانی تر.

کە سەیری مێژووش دەکەین، هەگبەی ئەم کەسە و حزبەکەی پڕاوپڕە لە هەڵە و کاری خراب و تاوان و خیانەت و بەردەوامیشن.

ئەوەی زیاتریش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر بە لاریدا بچن و بەردەوام بن لەسەر کارە خرابەکانیان، نەفەسی لێبوردەیی و دڵە گەورەکەی کۆمەڵگای کوردەواری یە، لە دوای هەر هەڵەیەک لێیان خۆش بوونە و دەرفەتێکی تریان پێ دراوە، بەڵام ئەوان دەرفەتەکانیان قۆزتۆتەوە و زیاتر هەڵەیان کردووە.

ئەو کەسانەی گوێ لە ئامۆژگاری ناگرن، عیبرەت لە هەڵەکانیان وەرنەگرن، خەمی ئەنجامە خرابەکانی کارکانیان نیە، دەست لە هەڵە و خرابە بەرنادەن، ئەمانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نابنەوە، وە نابێت هەر جارە و بە هەمان شێوە لێخۆشبونیان بۆ هەبێت و ودەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت، لە کاتێکدا ئامادە نەبن دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و داوای لێبوردن بکەن.

جگە لە قالبی نەتەوەییش دا، بە شێوەیەکی گشتی لە بنەما شەرعی و یاسایی و کۆمەڵایەتیەکانیش دا، پێشێل کردنی مافە گشتیەکان و زیان گەیاندن بە گۆمەڵکا لێخۆشبونی بۆ نیە وسزای گونجاوی بۆ داندراوە.

ئەگەر کۆمەڵگای کوردەواری و بە تایبەت لەم قۆناغە هەستارەدا، بیەوێت بە ئەنجامێک بگات، دەبێ بە باش بڵێت باش و بە خراب بڵێت خراب بە بێ جیاوازی و لەسەر هەموو ئاستێک، وە سزای گوناحبارانیش بدات، ئەو کات دەتوانرێت کۆمەڵگایەکی تەندروست و بێ خیانەت بونیات بنرێت.

#NawzadMRajab

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.