خاکى کوردستان شکۆ وسەروەریمانە
رێبوار حەمەلاو شوانى
لەماوەى سەد ساڵى رابردوو ڕژێمەکانى عێراق ، بەهەموو شێوەیەک دژایەتى و دوژمنایەتى یان بەرامبەر شوناس و خاکى کوردوکوردستان کردووە و بەهەموو شێوەیەک سیاسەتى ئازاردان و سڕینەوە و داگیرکردنى خاکیان بەرامبەر کوردستان ئەنجامداوە ، لە هەر شوێنک دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا بێت ، هەوڵى شوێن بزرکردن و خنکاندن گەلى کورد دراوە ، هەوڵەکانى حکوومەتە شۆڤێنییەکانى عێراق ،شێواندنى شوناس و شکاندنى ئیرادە و شکۆى کورد و دەستبەسەرداگرتنى زێدى باب و پاپیرانى بووە ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە لە بنەڕەتدا سیاسەت و زێهنیەتى و بەرنامەى شۆڤێنیەکانى عێراق بۆ ماوەییە بەتایبەتى بەرامبەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک کە خاکى باب و باپیرانیانە و بە پێى مێژوو و کەلتوور و زمان سەرچاویەکى کوردبوون و کوردستانبیوونى خاکى کوردستان و کەرکووکە بەتایبەتى .
بۆیە، دەتوانین بڵێن ، هەر لەو کاتەوە لە سەر دەستى زڵهێزانەوە دەوڵەتێکى دەستکرد بەناوى عێراق دروستکراو ، لە سیستمى پادشاهییەوە تا ئێستاى مەزهەبى عەرەبى شیعى شۆڤێنى ، بەهەموو توانایەکى سەربازى و سیاسى و ئابوورى کار بۆ لەناوبردن و قڕکردنى شوناس و جوگرافیا و کەلتوورى کوردوکوردستان دراوە .
ئەوەى حکوومەتەکانى عێراق بەرامبەر بە گەلى کورد دەیکەن ، بەتایبەتى پرسى ناوچە کوردستانییە کێشە لە سەرەکییەکانە ، کە بە پیلانێکى دارێژرا وئامادەکراو ، هەوڵى بەعەرەبکردن و گۆڕینى شوناسى جوگرافى و مێژوویی کوردستان دەدرێت ، بە رۆژى رووناک نە یاسا و نە دادگە و نە حکوومەت لەلایی شۆڤێنییەکان بایەخى نییە و تەنها سەپاندنى بیروباوەرى شۆڤێنى و داگیرکارى و ستەمکارى و خنکاندنى گەلى کورد لەو ناوچانەیە ، بە پێى هەموو سەرژمێرییەکان و بەتایبەتى سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧ ، کوردستانبیوونى چ لە رووى ڕێژەى دانیشتیوان و چ جوگرافیا رەسەنایەتى ناوچەکە و خاوەنە راستەقینەى سەلماند، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە هەوڵى شوناس و خاک کە بەگرنگترین بنەماى نەتەوەیی و نیشتیمانییە بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتە شۆڤێنییەکانەوە بەردەوامى هەیە و دەبێ کورد یەکریز و تەبا بێت
بە پێى خوێندنەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق ، جگە لە خۆپەرستى و شۆڤێنیزمى ، نە باوەریان بە دیموکراسى و نە پێکەوەژیان و نە دەستوور و نە فیدڕاڵى و هیچى شتێکى تر نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو شێوەیەک گەلى کورد ، کە دووەم گەورە نەتەوەیە لە سەر ئاستى عێراق ، ڕەتدەکرێتەوە و هەمیشە کاریان لە سەر بن دەستى و سەرکوتکردنى کردووە ، هەمیشە کورد بە چاوی پلە دوو و سێى مامەڵەى لەگەڵ کراوە و پەراوێز خراوە ، سیاسەتى بەزۆر بەعەرەبکردن و تیرۆر و دەرکردن گەلى کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە ، پێشێڵکردنى ئاشکرای دەستوورى هەمیشەیی عێراق ، لە هەمانکاتیشدا ڕەتکردنەوەى یاسا و بریارەکانى دادگەیە ، ئەوەش ئاماژەیە بەو زێهنیەتە شۆڤێنیەکەى کە خراپتر لە رابردوو باوەرى بە شوناش و خاک و نەتەوەیی کورد نییە .
ئەوەی ئێستە دەبینرێت لە گوندەکانی سنووری سەرگەڕان و رێگری لە جووتیار بۆ کێڵانی خاکەكەی، پێچەوانەی ئەو دەستوورە عێراقییەیە کە سیستمی نوێی لەسەر بنیات نراوەتەوە لە ساڵی 2005 و زیاتر لە 80%ی دەنگدەری عێراقی پەسندیان كردووە، بەڵام لە ڕووی کردارەکییەوە نە دەستوورەکە و نە ئەو یاسا پەرلەمانییەی سەرەتای ئەم مانگە دەنگی بۆ دراوە، کاریان پێ ناکرێت و ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە ناسنامە و خاک و نەتەوەی کورد نییە.
داگیرکردنى کەرکووک لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و هێنانى هەزران سەرباز و میلیشیا بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانیەیکانى تر ، ئاماژەیە بەو راستیەیەى کە هەر کاتێک عێراق خاوەن چەک و هێز بێت ، لە جیاتى بەکارهێنانى بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى ئەوا بۆ کارى تیرۆر و خنکاندن و داگیرکارى و وێرانکارى و تێکدانى سەقامگیرى و پێکەوەژیان بەکارى دێنێت ، بەتایبەتى کە جارێکى تر دەسەڵاتدارانى شۆڤێنى سەربازى نەک مەدەنى ئەو راستییەیان سەلماند کە سوپا بۆ داگیرکارى و سڕینەوەى شوناسى کورد وکوردستان بەکاردێنن .
عێراق و سوپا ناشرین و دڕندەکەى ، هەمیشە خەون بە سەرکوتکردن و سڕینەوە و چەوساندن و ئازاردانى گەلى کورد دەبینن ، دەسەڵاتى ئێستاى بەغدا درێژەپێدەرى هەمان زێهنیەت و سیاسەتى خۆسەپێنراوە وداگیرکەرانەیانە بە چەک و سیناریۆ و شانۆگەرى کە دژى بە کوردوکوردستان پەیرەو دەکرێت ، گەلى کوردیش وەک چیاییەکى سەرکەش بەرانبەریان وەستاوەتەوە و سازش لە سەر شوناس و بستێک خاکى کوردستان ناکات .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.