…. خـــاک و نەتـــەوە شیرینە ….
بێستون مسعود ساڵەیی
ئەمڕۆ شەڕی نێوان روسیاو ئۆکراینا باسی گەرمی نێوان خەڵکە، چاو و گوچکەکان روو لە تایتڵی هەواڵی بەپەلەی کەناڵە ناوخۆیی و جیهانیەکانە، شەڕێکە ئایندەی تەواوی جیهان پێوەی پەیوەستە، لەم شەڕەدا باس باسی ئازایەتی و دلێری و بەرگری خەڵکی ئۆکراینایە، باس لەو هەستە نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەرییەی خەڵکی ئۆکراینایە..
بە دەسەڵات و ئوپۆزسیونەوە لە سەنگەردان و بەرگری لە نیشتیمانیان دەکەن، بە حزب و فەرمانبەر و هونەرمەند و وەرزشوان و مامۆستاو دکتۆرو ئەندازیارو جوتیارو مۆدێل و شاجاوانەوە، بە گەنج و قوتابی و ئافرەت و پیاوەوە چەکی بەرگری و شەرەفیان لە مل کردووە و هاوشانی سوپای وڵات لە پێناوی نیشتیماندا دەجەنگن..
نیشتیمان لە هەموو ناکۆکی و جیاوازیەکانی ناو کۆمەڵگاو دەسەڵات و ئۆپۆزسیون و ململانێی لایەنەکانی سیاسی ئەو وڵاتە گەورەترەو پیرۆزترە، پاراستن و بەرگریکردن لێی ئەرکی هەموویانە،بۆ یەک ئامانج دەجەنگێن ئەویش بابەتی خـــاکە، لە لای ئۆکرانییەکان خۆفرۆشان و خیانەتکاران بە عاموددا دەبەسترێتەوە تا ببێت بە پەند، تا ئەوەی بە لایدا تێپەڕ دەبێت نەفرەتی لێ بکات …
مێژوو دەڵێ خەڵکی ئۆکراینا بە دەست گەندڵی و گەندەڵکاراندا دەیانناڵاند و پرسێکی گەرمی نێو خەڵکی ئەو وڵاتە بووە، بەڵام ئەوڕۆ نیشتیمان لە گەندەڵی و گەندەڵکاران گرنگترەو
دەبینین خاک چەندە بە بەهــاو شیرینە، ئاڵا چەند بە شکۆیە، نەتەوە چەندە خۆشەویستە، بەرپرسیاریەتی چەندە گرنگە..
مۆڕاڵێکی بەرزی بەرپرسیاریەتی کۆیان دەکاتەوە، ئەمڕۆ ئۆکراینا پێویستی بە هەموو ئۆکراینیەکە کە شەڕی بۆ بکەن و بیپارێزن..
ئێمەی کورد لە پێناوی مانەوەو بەرگری لە خاک کەممان نەکرد، شۆرشمان کرد، خوێنماندا، ئاوارەییمان بینی، ئەنفال و کیمیامان بینی.
جارێکیتر ژیانمان گەڕاندەوە، بونیادنانمان کرد، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک دەست و زمانیان درێژە بۆ ناشرین کردنی، جاشایەتی دەکەن ، خاک فرۆشن و خیانەتی لێی دەکەن.
لە ناو ئێمەی کورددا زۆر کەس و لایەن بە ئاواتی ئەوەن پۆستاڵی سەربازێکی عێراقی و پلایسێکی حەشدی شەعبی حوکمان بکات. زۆر کەس هیواخوازن هەرێمەکەمان سەربەرەو ژێر بکرێت و شتێک نەمێنێ بەناوی قەوارە.
مەدرەسەی قین و دژایەتی و جنێو و ناشرینکردنیان داهێناو منداڵ و گەنج و گەوەرەکانیان فێری ڕقگرتن و بایکۆت و دژایەتی و بێ ڕێزی بە وڵات و نەتەوە کرد. تۆڵەسەندنەوەو زمانی زبریان داهێنا تەنها لە پێناوی ئەوەی ناکۆکین و بۆچوونەکان یەکدی ناگرننەوەو خوێندنەوەو ئاوازەکانمان لەیەکدی ناچن.
خۆشیمان بە چارەی یەکتردا نایەت، دەچن بودجەو قوتی خەڵک دەبڕن، هەڕەشە لە دەستکەوتەکان دەکەن ، لە گەڵ دوژمن ڕێکدەکەون بۆ لاوازکردنی ماڵی کورد.
لای ئێمە خیانەتکاران و خۆفرۆشان بەڕۆژو شەو لەم شەقام بۆ ئەو شەقام و لەو شار بۆ ئەم شار ئازادانە دەگەڕێن و دەسووڕێنەوە، قسە دەکەن و وەکو نیشتیمانپەروەر سینگ دەردەپتڕێنن و کوردایەتی بە کوردپەروەران دەفرۆشننەوە و خەڵکێکی نەزان و گەمژەو داخ لەدڵیش بە پاڵەوان و خەمخۆر ناویان دەبەن،
لێرە شار ڕادەست دەکرێت خەڵک دەخرێتە ژێر ڕکێفی دوژمن، بە واژوویێک نیوەی نیشتیمانێک ڕادەست دەکەن..
کاتێک دەم دەکەنەوە باس لە قارەمانییەتی و پێشمەرگایەتی و کوردایەتی دەکەن بەڵام پێچەوانەکەی نیشان دەدەن کە ئاڵا و خاک و نەتەوەیان لا بێ بەهایە،
لەم کوردستانەی خۆمان مادام تۆم پێ قبوڵ نیە و دەنگم لە هەڵبژاردن وەک پێوێست نیە ئامادەین هەموو شتێک بەدەستەوە بدەین…!سووربوون لە پێناو پۆستێک بەهای گەلێک هەرزان دەکرێت، لە پێناو پۆستێک قەوارەیەک لەبەین دەبەین….
دڵخۆش دەبن بە هەر بریارێک کە لە دژی هەرێمی کوردستان بدرێت، شاگەشکە دەبن کە دادگا بریارێک لە دژی هەرێم دەربکات، دڵخۆش دەبن دەستی حکومەتی ناوەند بگاتە سنوورەکان و شارو هەر گۆشەیێکی ئەم کوردستانە…
لئۆکراینا وانەیەکە بۆ خۆشەویستی نیشتیمان، بۆ یەکڕیزی و تەبایی، بۆ شانازی بە مێژوو و نەتەوە، دەکرێ لێی فێربین…
- دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.