خوێندنەوەیەک بۆ پەرتوکی ھەرێمی کوردستان و دراوسێکانی چ جۆرە پەیوەندییەک…….!

هوگر شهاب


ئەم کتێبە شیکردنەوەیەکی زانستیانە بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ولاتانی دەرەوە دەکات،گرنگیەکەشی لەوەدایە زۆر بەشێوەیەکی قول پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ولاتانی دراوسێ و ولاتانی ناوچەکە و ولاتە زلھێزەکان(ئەمریکا و روسیا) دەخاتە بەرباس و لێکولینەوە،ئەوەی بەلامانەوە گرنگە توێژەر پشت بە کومەلێک تیوری پەیوەندییە نێودەولەتیەکان و سیاسەتی دەرەوە بەستووە بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ولاتانی دەرەوە لەوانەش تیوری کومەلەی ئاسایشی ھەرێمی-Regional Security Complex بۆ شیکردنەوەی سیاسەت و تێرواننینی ولاتانی تورکیا و ئیران و سوریا لە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان،تیوری ھاوسەنگی مەترسی Balance of threat بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ولاتانی کەنداو،تیوری ریالیزمی بونیادگەرایی Structural Realism بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا.
ئێمە لەم نوسینەماندا ھەولدەدەین بەشی یەکەمی پەرتوکەکە بخەینە بەرباس و لێکولینەوە کە جەخت دەکاتە سەر پەیوەندییەکانی ھەریمی کوردستان و تورکیا،کە ئایە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەسەر چ بنەمایەک دارێژراون؟ئایە تورکیا چون دەروانێتە ھەرێمی کوردستان؟
ھەلبەتە تورکیا یەکێکە لە ولاتە گرنگ و بەھێزەکانی رۆژھەلاتی ناوەراست،نزیکترین ئەکتەری ھەریمی یە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دوخی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان ھەیە،بویە زۆر گرنگە بزانین ئەم ولاتە بەھێزە چی لە ھەرێمی کوردستان دەوێت،پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەک دارێژراون؟بەپێی تێروانینی ھەندێک توێژەر پالنەری سەرەکی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا پالنەری ئابووری و سیاسین،بەلام توێژەری ناوبراو بەپێچەوانەی ئەم گروپەیە پێی وایە پالنەری سەرەکی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا پالنەری ئاسایشە نەک ئابووری.
بێگومان بوونی نزیکایەتی جوگرافی و مێژوویی و نەتەوەیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا وا دەکات تورکیا ھەمیشە بە ھەستیارییەوە مامەلە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات بەتایبەتی لە دوسیەی کوردەکانی باکووری کوردستان،بویە دەکرێت بلێین لە یەک کاتدا ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر تورکیا و لە ھەمان کاتیشدا ببێتە مایەی ئارامی بۆ ئاسایشی تورکیا،ئەمەش وایکردووە تورکیا بە چاوێکی گومانەوە سەیری رەفتاری سیاسی دەرەکی ھەرێمی کوردستان بکات و ھەرگیزیش جێگای متمانەی تورکیا نەبێت،تاکو ئێستاش ھەریمی کوردستان جێگای متمانەی تەواوی تورکیا نییە دەکرێت لە ھەر کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا،ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ٢٠١٧ لە روانگەی تورکیاوە سەلمێنەری ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێکدا بیەوێت دەتوانێت ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تورکیا.
ھەلبەتە دەتوانین کومەلێک فاکتەر دەستنیشان بکەین کە رۆلیان بینیوە لە کرانەوەی تورکیا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان:یەکەم – فاکتەری ئاسایش – پرسی کورد بە گشتی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان بەتایبەتی وایکردووە تورکیا ھەمیشە چاوێکی لەسەر ھەرێمی کوردستان بێت،چونکە تورکیا لە دوای شەرێکی درێژخایەنی سەربازی لەگەڵ پارتی کرێکارنی کوردستان گەیشتووتە ئەو باوەرە ناتوانێت تەنیا لە رووی سەربازییەوە لە ناوببات،بویە لە دوای ٢٠٠٢ تورکیا ستراتیژییەتی خۆی بەرانبەر پارتی کرێکارانی کوردستان گوریووە کە بریتی یە لە دەورەدانی پارتی کرێکارانی کوردستان ھەم لە ناوخو و ھەم لە دەرەوە،لە ناوخودا تورکیا دەستی کرد بە سیاسەتی کرانەوە بەرامبەر کورد(پرۆسەی ئاشتی)،لە دەرەوەشدا تورکیا دەستی کرد بە پەیوەندی و ھەماھەنگی باش لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، دووەم فاکتەری وزە- لە دوای ٢٠٠٨ تورکیا گەیشتووتە ئەو باوەرە دەکرێت ھەرێمی کوردستان لە رووی دابینکردن و گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا پالپشتێکی تورکیا بێت، سێیەم – فاکتەری بەغدا – تورکیا دەیەوێت ئەو سیاسەتە کرانەوەیەی بەرانبەر ھەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەک بەکاربھێنرێت بۆ گوشارخستنە سەر بەغدا سەردەمی ھەردوو کابینەی نوری مالیکی باشترین نمونەن،چوارەم – فاکتەری ئیران- تورکیا دەیەوێت ئەو دوستایەتیەی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا ھەیە بۆ سنووردارکردنی ھەژموونی ئیران لە عێراقدا سوودی لێ وەربگرێت.
کەواتە دەتوانین بلێین ھەرچەندە فاکتەری ئابووری و بازرگانی رولێکی کاریگەری بینیوە لە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا،بەلام فاکتەری سەرەکیش نییە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا، بەڵکو فاکتەری ئاسایش فاکتەری سەرەکی یە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا،ئەمەش واتای ئەوە دەگەێنێت کە کرانەوەی تورکیا بەرانبەر ھەرێمی کوردستان سنوردارە، نابێت ھەرێمی کوردستان ئەوەندە بەھێز بێت بتوانێت سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری خۆی رابگەیەنێت و ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکیا.
لە دوای خستنەرووی ئەم شیکردنەوەیە دەتوانین بلێین پرسی کورد بەگشتی پرسی کورد لە تورکیا بە تایبەتی فاکتەرێکی سەرەکی یە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا نەک فاکتەری ئابووری،ھەرچەندە فاکتەری ئابووریش رولێکی کاریگەری بینیوە لە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا ، بەلام فاکتەری ئاسایش فاکتەری سەرەکی یە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان.

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.