خێزانێکی وشیار، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی بنیات دەنێت..!
پەروەردەی سێکسی چییە!

هەندیک رەفتار هەیە لە کۆمەڵگەی کوریدا بەرامبەر بەمنداڵ ئەنجام دەدرێت، کاردانەوەی خراپیان هەیە لە داهاتوو. هەندێک جار باسی ئەو بابەتانە دەکەم وەک ڕاچڵەکین و تەکانێکی پەروەردەیی گرینگ کە جێی خۆیەتی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕانی پەروەردەیی بیخەنە نێو پڕۆگرامی خوێندن و بابەتەکە لەشەرمێکی درۆیینەی ژێر شەرمەوە دەربچێت، چونکە ئەو بابەتە سادانە ئێستا بابەتی گەرمی ڕۆژن، و ڕۆژانە لە ناحاڵی بوون بەو شتە سادانەی دەبوو بەشێوازێکی دروست منداڵان و خێزان لێی ئاگاداربن و نەبوون.! کێشەی گەورەی ئەخلاقی ڕوویداوە.

لێرەوە ئەوەی گرنگە و مەبەستمە بیڵێم! ، دایکان و باوکان هەندێک لەبارەی پەروەردەی سێکسی بزانن، مەبەستمان لەپەروەردەی سێکسی فێرکردنی منداڵەکەتە بە شێوەیەکی زانستی سنوردار، کە لەلایەک لەگەڵ کۆمەڵگا بروات، و لەلایەکی دیکە منداڵەکەت بپارێزی لەکارەساتی نەخوازراو.

ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند هەنگاوێکی پەروەردەیی گرینگە، بۆ ئەوەی منداڵەکەت لەلێشاوی دەستدرێژی سێکسی بپارێزی، و کەسایەتییەکی خاوەن پەروەردەیی جوانی هەبێ و کەس نەتوانێ زەفەری پێببات، و دەبێت دایک و باوک بەشێوەیەکی دروست و بەپلانەوە منداڵەکانی لەسەر ڕابهێنێت:-

١-هەندێک جار دایک و باوکان وادەزانن ئەگەر منداڵ لەهەموو شتێکدا بەگوێی کردن و بێ بیرکردنەوە و پرسیارکردن لەبارەی کردن و نەکردنی هەر شتێک وتیان:- بەڵێ یان باش.! ئەوە منداڵەکەیان گوێڕایەڵە، نازانن دەبێ منداڵ فێربکرێت کە لەبەرامبەر هەندیک جۆرە شت دەبیت بلێت (نا). ئەو (نا) گوتنە بێ ئەدەبی نییە بەرامبەر بەگەورەکان، بەڵکوو ئەو پەڕی پەرەوەردەیەکی جوان و تەندروستە و پێدانی هێزی متمانە و خاوەن ڕادەربڕینە و جوانترین کەسایەتییەکە کە بۆ منداڵ دروستی دەکەیت. چونکە زۆرجار بەگوێکردنی کوێرانە و گوتنی بەڵێ بۆ هەموو شتێک، کەسایەتی منداڵەکەت لاوازدەکات و دەیکاتە نێچیری هەموو دەستێک، و هەمووکەسێک دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی بەکاری بێنێت و دەستی پیس و گڵاوی بەسەردابێنێت.! چونکە منداڵەکەت وافێرکردووە، بەێ پرسیارکردن بۆ هەموو شتێک بڵێت:- بەڵێ.!

٢-منداڵەکەت فێربکە کە لەجەستەیدا شوێنی تایبەت بەخۆی هەیە و پەیوەستە بەڕەگەزەکەی، و هیچ کەسێک بۆی نییە دەستکارییان بکا و ئەگەر کەسێک ویستی دەستیان لێبدات.! ئەوا بەدەنگی بەرز هاواربکا و ئەوانی دیکە لیی ئاگاداربکاتەوە و نەهێڵت دەستی لێبدات.

٣- منداڵەکەت ئاشنای شوێنە هەستیارەکان بکە و بەوردی باس لە تایبەت مەندییان بکە، و فێریان بکە هەر یەک لەو ئەندامانە ناوی تایبەت بەخۆیان هەیە و نابێ مرۆڤ شەرم بکا لەناوهێنانیان.

٤-منداڵەکەت فێربکە کە بەهیچ شێوەیەک لەدەرەوەی ماڵ خواردن و خواردنەوە لە بێگانە وەرنەگریت لەگەل کەس نەڕوات بەناوی یاری.

٥- دەبێت منداڵان فێربکرێن کە لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیان یاری بکەن و برادەرایەتی بکەن.

٦-زۆر پێویستە منداڵان فێر بکرێن کە لە پێش یەکتری، و لەبەردەم خەڵک جلی خۆی نەگۆڕێت، و تایبەتمەندییەکانی بە وریاییەوە بشارێتەوە و دەریان نەخات.

٧- لە تەمەنی ٧ ساڵ بەرەوسەر، ژووری نوستنی کوڕ و کج لە ماڵیکدا لێک جیا بکرێتەوە.

٨- کاتێک کە ناسیاوێک هەندێک جار بە گاڵتەوە لەگەل منداڵەکەت یارییەکی نا تەندروست دەکات، بۆ نموونە بیجامەکەی لەبەر رادەکێشیت ! ئەوە وەک دایک و باوک نابێت ئەوە قبول بکەیت بەلکو دەبێت ئەوە بڵێی:- کە دەزانم تۆ بەگاڵتە وادەکەی و وادەڵێی.! بەلام ببورە من ڕازی نیم لەبەر پەروەردەی مندالەکەم.

٩-مانەوەی مندال بەتەنیا لە ماڵان کارێکی باش نییە.سنوور هەبێت لەهاتوو چۆ بەتایبەتی نێوان دراوسێکان

١٠-مندال فێر بکەن کە لەباوەشی کەس دانەنیشێت و ماچی بکەن.بەداخەوە لەناکۆمەلگای ئێمە ئەو دیاردەیە بوونی هەیە.

د. دیـلـمان ئـازاد خۆشــناو
پزیشکی پسپۆڕی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.