خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب ئاشکرادەکرێت

ناوی براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب ئاشکرادەکرێت، بەڵام بەربژێرانی خەڵاتەکە بە فەرمی دیار نین. بەگوێرەی یاساکانی نۆبڵ، ناوی بەربژێرەکان تاوەکو 50 ساڵ دوای دابەشکردنی خەڵاتەکە ئاشکرا ناکرێن جگە لە ناوی کەسی براوە، کە بڕیارە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رابگەیێندرێت.  بەڵام وێڕای ئەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، باس لەوە دەکات کە شەش نووسەر چانسی بەهێزیان هەیە، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ئەمساڵ ببەنەوە، کە ئەوانیش ئەمانەن: هاروکی موراکامی: نووسەری ژاپۆنی کە رۆمان، گوتار و کورتەچیرۆکەکانی یەکێکن لە پڕفرۆشترینەکانی ژاپۆن و جیهان و بۆ 50 زمان وەرگێڕدراون. موراکامی تەمەنی 72 ساڵە و دانیشتووی تۆکیۆیە، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی کراونەتە فیلم.  ئانی ئێرنۆ: خانمە رۆماننووسی فەرەنسی کە تەمەنی 81 ساڵە.  رۆمانەکانی لە ساڵی 1970ـەوە بەشێک بوون لە پڕفرۆشترینەکانی جیهان کە ناوەڕۆکەکەیان باس لە رووداوەکانی ژیانی ئانی و گۆڕانکارییەکانی فەرەنسا دەکەن.  ئەگەر ئانی ئێرنۆ خەڵاتەکە بباتەوە، دەبێتە 18ەمین نووسەری فەرەنسی کە نۆبڵی ئەدەبیی بەدەستهێنابێت. ژمارەیەکی زۆر لە رۆمانەکانی ئێرنۆ کراونەتە فیلم و بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراون.  جامایکا کینسێد: خانمە رۆماننووسی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئەنتیگوایی، تەمەنی 72 ساڵە و نێوەڕۆکی رۆمانەکانی باس لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەمریکا و ئەنتیگوا دەکەن، کە دووەمیان وڵاتێکە لە دەریای کاریبی.  جۆن فۆس: رۆماننووس و شانۆنووسی نەرویجی، تەمەنی 62 ساڵە و بەرهەمەکانی لە بواری شانۆدا لە دیارترینەکانی ئەوروپان و کە بەشێکیان کراونەتە فیلم. 
دوبروڤاکا ئۆگرشیج: رۆمانووسێکی بە رەچەڵەک یۆگۆسلاڤییە و تەمەنی 72 ساڵە. لە ساڵی 1996ـەوە لە هۆڵەندا دەژیت و پێش ئەوەش لە کڕواتیا ژیابوو. نێوەڕۆکی رۆمان و کورتەچیرۆکەکانی زیاتر باس لە تایبەتمەندیی نەتەوە جیاجاکانی ئەوروپا دەکەن.  نوورەدەین فارەح: رۆماننووسی سۆماڵی، تەمەنی 75 ساڵە، لە ساڵانی حەفتەکانی سەدەی رابردووەوە لە هەندەران دەژیت. رۆمانەکانی باس لە کێشەکانی دوای سەردەمی داگیرکاری وڵاتەکەی و نەهامەتییەکانی دیاسپۆرای سۆماڵی دەکەن. ئەگەر خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بباتەوە، دەبێتە یەکەمین براوەی ئەفریقی دوای زیاتر لە یەک دەیە.  ستێفان کینگ: نووسەری ئەمریکی، تەمەنی 74 ساڵە، نێوەڕۆکی رۆمانەکانی باس لە رووداوی ترسناک، تاوان، ئەندێشەی زانستی دەکەن. زیاتر لە 350 ملیۆن دانە لە رۆمانەکانی فرۆشراون و بەشێکی زۆریان کراونەتە فیلم و زنجیرە دراما. خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب، بە یەکێک لە کۆنترین و جێمتمانەترین خەڵاتە جیهانییەکان دادەنرێت. لە ساڵی 1901ەوە و لەلایەن ئەکادیمیای شاهانەی سوێدەوە ساڵانە دابەشدەکرێت. ساڵی رابردوو ئەو خەڵاتە درایە لویس گلیک، شاعیری ئەمریکی، بەهۆی ئەو کارانەی کە تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە خێزان و منداڵ کردوونی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.