داهاتووی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد
نەجمەدین محەمەد قەراجی
رژێمە شۆڤێنی و دژەمرۆییەكەی بەشار و دارودەستەکەی دوای زیاتر لە سێزدە ساڵ لە ڕاپەڕین و پێكدادانی خەڵك و گرووپی جیاجیای نەیار لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، كەچی بە دەركەوتنی پێشهات و دەرفەتی هەرێمی و ناوخۆیی و جیهانی، لە ماوەی نزیكەی سێزدە ڕۆژدا ڕووخا و گرووپە چەکدارەکان بێ شەڕ و پێكدادانێكی جێی باس، دەستیان بەسەر چەندین شارۆچكە و شاری گەورەی سووریادا گرت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كە خۆی و باوكی زیاد لە پەنجا ساڵ بە ئاگر و ئاسن و زیندانی و ئەشكەنجە حوكمی سووریایان كرد، چەکدارانی تەحریر شام بە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەوە، بەخێرایی و بە درێژایی ڕێگای سەرەکیی باکوور و باشوور جووڵەیان کرد، کە بڕبڕەی پشتی وڵاتەکە بوو بۆ گرتنی دیمەشق، بەبێ بەرگری و پێكداهەڵپژان.
ڕژێم ڕووخا، لە کاتێکدا خەڵكی ئەو وڵاتە ئاهەنگی ڕزگاربوون لە دەستی رژێمێك دەگێڕن، کە بە مستێکی ئاسنین حوکمی سووریای کرد، بەڵام هێشتا دیار نیە داهاتوو چی دەگوزەرێ، چونکە ئەو گرووپ و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە جیاجیایانە بە ئەگەری زۆرەوە شەڕی دژی یەکتر دەست پێدەکەن.
ڕاستە دوای ڕژێمی ئەسەد هاووڵاتییان لە هەموو کووچە و کوڵانەکان خۆشی دەردەبڕن، كە هاوشێوەی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن، هەموو پەیکەر و وێنەکانی بەشار و باوكی شکێندران و ڕوخێنران، بەشار ئەسەدیش وەك لە هەواڵەكان باس كرا، خۆی و خانەوادە و بەشێك لە دارودەستەكەی گەیشتوونەتە ڕووسیا.
سەرۆکی سووریا وەك دیکتاتۆر و دڕندەیەك و ڕژێمەكەی وەك دێوەزمەیەك بەسەر خەڵكی سووریا، تارماییان نەما و ڕووخان، ئەمە بوو بە هەقیقەتێكی بەرجەستە و ئیدی ڕژێمێك نەماوە بە ناوی ڕژێمی بەعسی سووری و بنەماڵەیەك لەسەر حوكم نەما بە ناوی بنەماڵەی ئەسەد، بەڵام تۆبڵێی دواتر سووریا وەک وڵاتێک بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و دابەش نەبێت؟
ڕاستە هەموو گرووپە چەکدارەکان بە کوردیشەوە ئامانجیان لەناوبردنی ڕژێمی ئەسەد و رزگاربوون بوو لە مەینەتییانەی زیاتر لە نیو سەدەیە پێیەوە گرفتارن، بەڵام ئەمانە لەناوخۆیاندا ناتەبا و ناکۆکن و هیچ هاوبەشییەکیان تیادا نابینرێ، تا ئێستا لایەنەکان هیچ ڕێکكەوتنێکی سەرەتاییان بۆ هێورکردنەوەی باردۆخی وڵات نییە، کەسیان بەرچاوڕوونی بۆ داهاتووی سووریا نیە و نازانێ سیما و هەیكەلی داهاتووی سووریا چۆن دەبێ، جا تا ئەو كاتەی لەسەر حكوومەتێكی نوێ رێك دەكەون، ئەگەر پلانێکی نەخشە بۆ داڕێژراوی پێشوەختە و توکمەیان نەبێت و حکوومەتێکی گواستنەوە پێكنەهێنن، بە مەرجێک هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت، ئەوا سووریای نوێ وەك دەوڵەت دروست نابێتەوە، بەتایبەتی كە دەبینین، زۆر لە میلیشیا ئیسلامییەکان و بەرەی نوسڕە و چەند کۆمەڵەیەکی چەکدار بەناوی تەحریر شام و ئەوانی دیکەش لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هەروەها کوردانی رۆژئاوا هەموویان لەناو خۆیان یەکگرتوو نین، هەسەدە خۆی لە پەكەكە جیا ناكاتەوە، لە دۆخی وادا زەحمەتە بتوانرێ حكوومەتێكی نیشتمانی پێكبهێنرێ و هەموو ئەو هێز و گرووپانە كۆ بكاتەوە، لەولاشەوە زەحمەتە بتوانن بەبێ بەشداریكردنی كوردی رۆژئاوا سووریایەك بنیات بنێنەوە، كە هەم داخوازیی ناو كۆمەگای سووریا خۆی بێ و هەمیش جێی رەزامەندیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت.
بۆیە خاڵی هەرە گرنگ بۆ كوردانی رۆژئاوا ئەوەیە كە هەرچی زووە هەسەدە خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە و لەگەل حزب و لایەنە كوردیەكانی تر، پێكەوە نێوماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بە هاوبەشی و بە هێز و سەنگەوە بچنە ناو دانوستان و رێككەوتنەكان، بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لەو بەشە لكێنراوەی بە سووریا كە رۆژئاوای كوردستانە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.