دووبارە دارشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نوسینی ـ عبدالرزاق مهدی
(جەنگەکان ئامرازن بۆ سەر لە نوێ پێکهینانەوەی بارودۆخی جیۆپۆڵیتیکی، جەنگەکان سەر لە نوێ قوچەکی هێز بنیاد دەنێنەوە)
(باراکا خانا )
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی گرنگی جیوپۆلێتیکی و هەرێمێکی زۆر گرنگە بۆ زلهێزەکان بە جۆرێک هەموو زلهێزەکان هەول دەدەن دەست بەسەر ئەم هەرێمە گرنگە دابگرن و لە چوارچێوەی ستراتیژی نەتەوەی و نیشتیمانی خۆیان ئەو ناوچەیە دابەشبکەن و دەستی بەسەردابگرن ، سەرەتای ئەم دابەشکاریە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەیی نوزدەیەم کە بەریتانی و ئەلمانی و روس و فەرەنسیەکان بە پەی بردن بە گرنگی ئەم هەرێمە و دوزینەوەی سەرچاوەی سروشتی زۆر گەورە لەو هەرێمە دەستیان کرد بە پەلهاوێشتن بۆ ئەو ناوچەیە و بەهۆیەوە بە دەیان جەنگ و جینوسایدی گەورە بەهۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندی ئەو زلهێزانە دروست بوو ، میلەتانی ناوچەکە هەر یەکەیان تا ئاستێک زیان و قوربانیان بەرکەوت بەلام میللەتی کورد یەکێک لەو میللەتانە بوو کە زۆرترین زیانی لێکەوت و قوربانی زۆری لەو پێناوە بەخشی و بە جورێک تەواوی خاکەکەی لە ژێر دەست هێنرایە دەرەوە و کرا بە کویلە و بن دەستی عەرەب و فارس و تورک ، لەو کاتەدا ئامرازی سەرەکی ژێر دەستی زلهێزەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان بریتی بۆ لە ناهوشیاری هاولاتیانی ئەو ناوچەیە بەکارهێنانی فاکتەری ئاین لە بەرژەوەندی خۆیان بۆ گەوجاندی خەلک و شەرعیەت دان بە دەسەلاتی سولتان و پیاوانی ئاینی کە حوکمی عیراق و تورکیا و ئێرانیان دەکرد و بەو جۆرە سولتان و پیاوانی ئاینی لە ژێر دەستی زلهێزەکان دابوون و بی کێشە تەواوی پلانەکانیان جێبەجی دەکرد ، ئەگەر بۆ میلەتی کورد بگەرێنەوە دەبینین بە فاکتەری بوونی دەسەڵاتی دەرەبەگ و ئاغاکان و ناهوشیاری تاکی کورد و ملکەچی ئاغا و دەرەبەگ بۆ زلهێزەکان و چەوساندنەوەی تاکی کورد بە ناهوشیاری ئاینی وایی کرد زلهێزەکان ئەمە وەک خەنیمەتێک ببینن و ستراتیژی خۆیان بەسەر خاک و خەلکی کوردستان جێبەجی بکەن و چۆن ویستیان وا کوردستانیان دابەش کرد ، دوای جەنگی جیهانی و رێکەوتنی سایکس پیکو و دواتر بە روخانی دەسەڵاتی قەیسەری روسیا ، رێکەوتنی سایکس پیکو کوتایی پێهات و روسیا کە بۆ بە یەکێەتی سوڤیەت لە رێکەوتنەکە کشایەوە و ئەوجارە بەریتانی لەو کاتەدا سەرقالی جەنگ بوو لە کولونیاکانی لە فلیپین و سەنگافور و لاوس ، کە بەهۆیەوە پێویستی بە کات بوو تا کۆتای بەو جەنگانە بهێنێت و دەست بکاتن بە پاراستنی بەرژەوندیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هندستان بە تایبەتی ، بەو جۆرە هەستا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە فەرەنسا و دەوڵەتانی تر پەیمانی سیڤەریان مورکرد کە لە گالتەجاریەک زیاتر نەبوو هەر کەسی توزێک بیرکردنەوەی تەواو بێت و بەندەکانی رێکەوتنەکە بخوێنێتەوە ئەزانێت ئەو پەیمانە بۆ جێبەجێکردن مورنەکرابوو و بە نزبەت کوردیشەوە تەواو رێکەوتنێکی بی مانا و پراوپر لە خالی گرنگ کە دژی کورد و کوردستان بوون بەلام کورد چونکە میلەتێکی عاتفی و بیرکەرەوە نیە یەکراست بی وردبونەوە لە پەیمانەکە پشتی پێ گرێدا و بەریتانیا و هاوپەیمانیەکانی لە مەلیکی عیراق و ئەتاتورک ئەو هەلەیان قوستەوە و بەو پەیمانە سەری کوردیان گرێدا و ئەتاتورک یونانەکانی بە کورد لە تورکیا دەرکردن و جێگایی خۆی قایم کرد ، مەلیکی عیراق بە پالپشتی بەریتانیا جێگای خۆی قایم کرد ، بەریتانیا لە فلیپین و لاوس و سەنگافورە بە شکەست خواردووی کشایەوە ، بەجۆرە هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکرد ،
“میللەتی کورد یەکێک لەو میللەتانە بوو کە زۆرترین زیانی لێکەوت و قوربانی زۆری لەو پێناوە بەخشی و بە جورێک تەواوی خاکەکەی لە ژێر دەست هێنرایە دەرەوە “
ئەمەش هەمووی بەهۆی رێکەوتنی سیڤەر کە ئەو هەلەی بە بەریتانیا دا چۆن بیەوی کات بە دەست بێنی و سەری کورد و ئەرمەن گرێ بدات، کە ئەوکاتە شێخ مەحمود حوکمرانی کوردی راگەیاندبوو لە سلێمانی بەلام ئەم حوکمرانیە کە کاتی دامەزرا دەبا بە وریای و بەهێزی و لە کاتی خۆی بە ئەقلانی کاری کردبا و ئەو کاتەی بەریتانی لاوازە هیچی نەکرد ، ئەوکاتەی بەریتانیا و تورکیا بەهێز بوون خۆی فرێدا ناو یاریەکە و بووە یاری دەست بەریتانیا و تورکیا ئیتر ئەمێش وەک هەموو حوکمرانیەکانی تری کورد لە هەموو ناوچەکان روخا و لەناوچوو و کورد هیچی بە دەست نەما ، هەر دوای ئەوە ئیتر بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە مەلیکی عیراق و ئەتاتورک بەهێز و جێگیر بوون بەریتانیا و فەرەنسا هەستان بە دابەشکردنی ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان و هەستان خاکی کوردستانیان دابەشکرد بەسەر چوار دەوڵەتی نوێ کە دروستیان کرد ئەوانیش بریتی بوون لە ( تورکیا و عیراق و ئیران و سووریا ) کە لە هەر یەک لەو وڵاتانە حوکمرانی هەلقە لە گۆی زلهێزەکان حوکمیان دەکرد و بەرژەوەندی زلهێزەکانیان دەپاراست ، بەو جۆرە کورد کە سەرەتاکە لە یاریەکە و گرنگی ناوچەیی جیوپۆڵیتیکی خۆی تینەگەیشت و بەهۆی لاوازی رۆحی نەتەوەی و چینی حوکمران و رکابەری و رق و کین و حەماسەتی مەزهەبی ئاینی ئیتر کورد بووە قوربانی و کوردستان بووە ناوچەیی تامپونی خولەمێشی لە نێوان زلهیزەکاندا، ئەم دابەشکردنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئیستا سنورەکانی بەرکارن و ماون و تا ئیستا زلهێزەکان توند دەستیان بە دەوڵەتە دروست کراوەکانی خۆیان گرتووە ، ئەم دابەشکاریە تەنها بە فاکتەری هێز نەبووە بەڵکو زلهێزەکان بە بەکارهێنانی فاکتەری ناهوشیاری تاکەکانی ئەو هەرێمە و بوونی رکابەری و کێبرکێ توندی ئاینی و نەتەوەی لە نێوان خەلکانی ناوچەکە جورێک لە کلتور و بیرکردنەوەیان بەسەر خەلکەکەدا فەرز کردووە بە ڕیگەی پیاوانی ئاینی و فیرقە ئاینیەکان و دەرەبەگ و دەسەڵاتدارە ناوخۆیەکان کە ئەم خەلکە بەردەوام ناهوشیار و لاواز بمێنەوە و بەردەوام کویلە و ژێر دەستەی زلهێزەکان بن ئەوجا چی بە ناراستەوخۆ چی بە راستەوخۆ ، دەبینین بەهۆی ئەو سنورانەی کە ئەم زلهێزانە دایان ناون تا ئیستا خوێن رێژی و شەری بەردەوام و مالوێرانی و کوشتاری ترسناک بەروکی ئەم خەلکەی بەرنەداوە و ڕۆژهەلاتی ناوەراست بووتە ناوچەیەک کە بە عەنباری بارووت مەشهورە هەموو کات چاوەروانی ئەوەی لێ دەکرێت بتەقێتەوە و دەریایەک لە خوێن لە دوای خۆی بەجێبهێلێت ، لە ئیستادا ئەو دابەشکردن و شکلدانە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتی بەسەرچووە و دەوڵەتە دروست کراوەکانی وەک عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا لە لێواری لەناوچوون و داروخان دان ، زلهێزی نوێ بە دەسەڵاتی زۆر گەورەوە پەیا بوونە لەسەر شانۆی جیهانی لەوانە چین و روسیا ، بەریتانیا و فەرەنسا هەژمونی جیهانیان کەم بووتەوە و لە ئیستادا ئەمریکا تا رادەیەک دەسەڵاتی زۆری هەیە بەسەر سیستەمی جیهانی بەو جۆرە تەواو بارودۆخ گوراوە و نەتەوە ژێر دەستەکانی وەک کورد و بەلوج و ئازەری زیاتر هەستی نەتەوەیان زال بووە و هوشیاریان زیاتر بووە ، هەژمونی کلتوری کە لە لایەن زلهێزەکان و دارودەستەکانیان لە پیاوانی ئاینی و دەرەبەگ و حوکمرانە ناوخۆیەکانی ناوچەکە دروست کرابوو لە ئیستادا رۆخاوە ، تەکنەلوژیا تەواوی دونیای داگرتووە و ڕۆڵی رایی گشتی جیهانی و رێکخراوەکان گەورەتر بووە لەگەڵ ئەوانەدا دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیل دروست بووە لە ناوچەکەدا کە تەواوی ستراتیژی و بارودۆخی ناوچەکە بە بوونی ئەم دەوڵەتە گورانی بەسەر دا هاتووە ، بوویە لە ئیستادا بابەتی دیسان داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووتە بە ئەمری واقیع و پێویستیەکی جدی ، هەربوویە دەبێت ئەمجارە ئێمەی کورد زۆر بە هوشیاری و ستراتیژی دەست بە کار بکەین و خۆمان بەهێز و دوژمن لاواز بکەین زۆر بە جدی ئەو کات و دەرفەتانەی لە پێشمانن بەکار بێنین و ئیتر بە سەربەخۆی و ئازادی و دەوڵەتی گەورەی کوردی نەبێت بە هیچ شتێک رازی نەبین و دەست بە خەبات و کاری تەواو بکەین بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ گورانکاریەکانی ناوچەکە ، دەبێت ئەوجارە نیشتیمان بە دەست بهێنین لە جیاتی لە دەست دانی دەبێت ئەوجارە شکومەندی و هێزی گەورە بووخۆمان دروست بکەین کە شان لە شانی نەتەوە پێشکەوتووەکانی جیهان بدەین ، بەلی هیچ شتێک لەوانە ئەستەن نیە تەنها ئەبی ئیرادەمان هەبی باوەڕمان هەبی و خاوەن ئەقلانیەتێکی پێشکەوتوو و بەهێز بین و دەست بەکاربین ، بە بوونی ئەوانە لە جەنگی گەورەی نەتەوەی شکست بە دوژمن دەهێنین و کوردستانی گەورە ئازاد و شکودار دەکەین .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.